ناونیشانی بابەت: کۆتایی مێژوو، دوایەمین مرۆڤ.. ئاراس سەعید
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
لە ساڵی 1989دا، بیرمەند و مێژوونووسی ئەمەریکی (فڕانسیس فۆکۆیاما) وتارێکی بە ناونیشانی (کۆتایی مێژوو) لە گۆڤاری (The National Interest) بڵاوکردەوە و تێدا مژدەی کۆتایی مێژووی دا. هەر ئەو کات وتارەکە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و زۆری نەخایاند گرێبەستی لەگەڵ کرا بۆ فراوانکردنی وتارەکەی کە 18 لاپەڕە بوو بۆ پەرتووکێک.
دواتر لە ساڵی 1992 تێزەکەی لە پەرتووکی (کۆتایی مێژوو و دوایەمین مرۆڤ)دا بڵاوکردەوە، بەدیدی فۆکۆیاما (کۆتایی مێژوو) مەرگی ئایدۆلۆژیاکان و کۆتایی هاتنی جەنگ و شەڕە خوێناوییەکانە. لەپەنجاکانی سەدەی بیستەمدا زۆرێک لە تیۆریستانی دەوڵەت جاڕی مەرگی کڵێشە ئایدۆلۆژییەکانیان دەدا. بەومانایەی ئایدۆلۆژیاکان لە سەرەمەرگدان، بەتایبەتیی پاش هەرەسهێنانی نازیزم و فاشیزم.
لە ساڵی 1989 ڕژێمە کۆمۆنیستییەکانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات هەرەسیان هێنابوو، لەو کاتەدا (فۆکۆیاما) بە نووسینی وتارێک جاڕی (کۆتایی مێژوو) دەدات. کۆتایی مێژوو وەک دوا قۆناغی ڕسکاوی مێژوو، دیمۆکراسی لیبڕاڵ دەبێتە (میتا_ئایدۆلۆژی) دوایەمین مۆدێلی ڕێکخستنی سیاسی لە بەردەم ئاییندەی مرۆڤایەتی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و ئازادی.
بەدەربڕینێکی دیکە؛ دیمۆکراسیی سیاسی و سیستەمی ئابووری لیبراڵیزم کۆتا سیستەمی دونیای ئەمڕۆ و کۆتایی مێژووە و بڵندترین ئاستی ڕێکخستنی جڤاکی و کۆمەڵایەتییە، کە ناکرێت بەدیلێکی دیکەی بۆ بدۆزینەوە.
فۆکۆیاما دەڵێت: پێویستە مێژوو وەک پڕۆسەیەی پەرەسەندن تەشابکەین. کۆتایی مێژوو، بەو مانایە کە لیبڕاڵ دیموکراسی فۆڕمی کۆتایی حکوومەتە بۆ هەموو گەلان. بەگوێرەی فۆکۆیاما، لە دوای شۆڕشی فەرەنسییەوە، دیموکراسی لیبراڵ چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە بنەڕەتدا سیستەمێکی باشترە (لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری…هتد) لە هەریەکێک لە ئەلتەرناتیڤەکان و بۆیە ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک لەوانەوە بۆ سیستەمەکە ببێتە ئەلتەرناتیڤ.[Francis Fukuyama (1992). The End of History and the Last Man.]
$کۆتایی مێژوو، قەرز لە هیگڵ و مارکس$
تێزی کۆتایی مێژوو بیرۆکەیەکی نوێی نییە و فۆکۆیاما تێزەکەی لە (هیگڵ و مارکس) قەرزکردووە. بەدیدی هەرییەک لە هیگڵ و مارکس گەشەکردنی مێژووی کۆمەڵگەکان لە قۆناغێکدا کۆتایی دێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هاتنی ململانێی نێوان دژەکان. ململانێی دژەکان ئەو بزوێنەرەن هەلومەرجی مێژووی ژیانی جڤاتی و کۆمەڵگەکان دەستنیشان دەکەن. هیگڵ مێژووی وەک پڕۆسەیەکی عەقڵانیی شرۆڤەکردووە کە بەهۆی دەرکەوتنی ڕۆحی جیهان (Geist) لە قۆناغەکانی دیالێکتیکیدا و بەڕێوە دەچێت. بۆ هێگڵ، مێژوو بەرەوپێشچوونی هۆشیاری مرۆڤە بەرەو ئازادی. کۆتایی مێژوو قۆناغێکە کاتێک ڕوودەدات کە کۆمەڵگەکانی مرۆڤ دەگەن بە دۆخێک کە ئازادی بەتەواوی تێدا بەدی دێت و بە شێوەیەکی ئاسایی لە دۆخی عەقڵانیدا بەرجەستە دەبێت. هیگڵ پێی وابوو کە ئەمە لە سەردەمی خۆیدا بەدەست هاتووە، بەتایبەتیی لە ڕێگەی دەوڵەتی دەستووری مۆدێرن. بەگوێرەی هیگڵ، تاک دەبێت لەناو نەتەوەدا بتوێتەوە و درووستبوونی دەوڵەت نەتەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی پرووس کۆتایی مێژووە.
بیرۆکەی مارکس بۆ کۆتایی مێژوو لەسەر بیرۆکەی دیالێکتیکی هێگڵ بنیاتنراوە، بەڵام جەخت لەسەر هەلومەرجی ماددی و ململانێی چینایەتی دەکات. مارکس ئەنالیزەکردنی ململانێی چینایەتی بەگەشەی مێژوو دەزانێت و لە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست دەنووسێت: مێژووی هەموو کۆمەڵگەکان تاهەنووکە مێژووی کۆمەڵگەی چینایەتییە… لەچەرخەکانی سەرەتای مێژوودا، کەم تازۆر لە هەموو شوێنێک دابەشبوونی بەکۆمەڵ بەدەستە و تاقمی جۆراوجۆر و پلەی جۆراوجۆری ڕیزی کۆمەڵایەتی دەبینین، لە ڕۆمای کۆندا، پاتریسیەن هەبوون، سوارچاک هەبوون، پلەبیەن و کۆیلەش هەبوون. لەسەدەکانی ناوەڕاستدا، خاوەنی موڵکی فیوداڵ، وەستاکار، شاگرد و ڕەعییەت هەبوون. کۆمەڵگەی مۆدێرنی بۆرژوازی، کە لەجەرگەی فەوتانی کۆمەڵگەی فیوداڵییەوە سەری هەڵداوە، ناکۆکی چینایەتی لەناو نەبردووە، بەڵکوو چینی تازەی کۆمەڵایەتی و هەلومەرجی نوێی چەوساندنەوە و زەخت و زۆر و شێوەی نوێی خەباتی هێناوەتە ناو ئەوان.Marx and Engels: Manifesto of the Communist Part ] مارکس مێژووی بە ململانێی نێوان چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەزانی کە ئامانجی کۆتایی بۆ مارکس، کۆتایی مێژوو بە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی بێ چین دیاری دەکرێت، کە چیتر چەوساندنەوە کۆتایی دێت و دەوڵەت لەناودەچێت. ئەم کۆمەڵگەیە نوێنەرایەتی کۆتایی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری مرۆڤایەتی دەکات، چونکە هەموو ناکۆکییە ماددی و ململانێ چینایەتییەکان کۆتایی دێت. بەدیدی مارکس، مەرجی لەناوچوونی خاوەندارێتی تایبەت لەناوبردنی دەوڵەتە. دەوڵەت ئامڕازێکە خاوەندارێتی تایبەتیی دەپارێزێت. مارکس پێی وایە سەرمایەداری لە دوا قۆناغی کامڵ بوونیدا، دەبێتە سیستەمێکی ئابووری جیهانی و دووچاری هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە، چونکە لەم سیستەمدا ناکۆکی چینایەتی دوونیاپۆش هەیە، ئەنجامی ئەم دیدەش دەبێتە هۆی شۆڕشێکی جیهانی. (کرێکارانی جیهان یەکبگرن.)
$جاک دێریدا و کۆتایی مێژوو$
ناوناوبانگی ڕۆشنبیری فۆکۆیاما و بەهۆی جەماوەریی پەرتووکەکەی (کۆتایی مێژوو و دوایەمین مرۆڤ)ەوە بوو، کە نیشانەکانی دڵەڕاوکێی ڕاستڕەوەکان بوون سەبارەت بە دڵنیابوون لە (مردنی مارکس). لە ڕەخنەی فۆکۆیامادا (جاک دێریدا) دەنووسێت: لە سەردەمێکدا کە هەندێک بوێری ئەوەیان هەیە بەناوی ئایدیالی دیموکراسی لیبراڵەوە کە دواجار خۆی وەک کۆتا ئایدیالی مێژووی مرۆڤایەتی بەدیهێناوە: هەرگیز توندوتیژی، نایەکسانی، خەفەکردن، چەوساندنەوە، برسێتیی بوونی نییە! لە کاتێکدا بەمجۆرە ستەمی ئابووری کاریگەریی لەسەر زۆرێک لە مرۆڤەکان لە مێژووی زەوی و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەبوو. لەبری ئەوەی لە کۆتایی مێژوودا گۆرانی هاتنی ئایدیالی لیبڕاڵ دیموکراسی و بازاڕی سەرمایەداری بڵێینەوە، لەبری ئەوەی ئاهەنگ بگێڕین بە “کۆتایی ئایدۆلۆژیاکان” و کۆتایی وتارە ڕزگاریخوازە گەورەکان، با هەرگیز ئەمە پشتگوێ نەخەین، ڕاستییەکی گەورە، کە لە شوێنە بێشومارەکانی جیهانەکەماندا کە لە ئازار پێکهاتووە: هیچ پلەیەکی پێشکەوتن ڕێگە بە مرۆڤ نادات ئەوە پشتگوێ بخات کە بە ژمارەیەکی ئیجگار ڕەها، ئەوەندە ژن و پیاو و منداڵ لەسەر زەوییە ژێردەستەکان، برسی یان قڕ نەکراون[….] . بەدیدی دێریدا (کۆتایی مێژوو) لە بنەڕەتدا ئیسکاتۆلۆژیای کریستیانییە، هاوتەریبە لەگەڵ وتاری ئێستای پاپا سەبارەت بە کۆمەڵگەی ئەوروپا، کە فۆکۆیاما “فێڵێکی” فیکری پراکتیزە کردووە، بە بەکارهێنانی داتا ئەزموونییەکان هەرکاتێک لەگەڵ پەیامەکەیدا گونجاو بێت و دەست بە بانگەوازکردن بۆ ئایدیاڵێکی ئەبستراکت دەکات. هەرکاتێکیش داتا ئەزموونییەکان دژایەتی تێزی کۆتایی مێژووەکەی دەکەن؛ فوکۆیاما ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا وەک یەکەیەکی سیاسی ناتەواو دەبینێت، کاتێک بەراورد دەکرێت بە ئایدیاڵە جیاوازەکانی دیموکراسی لیبڕاڵ و بازاڕی ئازاد، بەڵام تێدەگات کە ئەم جۆرە ئەبستراکتانە (ئایدیاڵانە) بە بەڵگەی ئەزموونی نیشان نەدراون، هەرگیز ناتوانرێت دەربکەون، چونکە ئەوە ئایدیایەکی ئەبستراکتی فەلسەفی و ئایینین کە لە ئینجیلەکانی فەلسەفەی هیگڵەوە سەرچاوەیان گرتووە و لەگەڵ ئەوەشدا، فۆکۆیاما هێشتا تێبینییە ئەزموونییەکان بەکاردەهێنێت بۆ سەلماندنی تێزەکەی، کە خۆی هاوڕایە کە ناتەواو و ناکامڵە، بۆ چەسپاندنی تێزی کۆتایی مێژووەکەی، کە تەنیا وەک تێزێکی ئەبستراکت دەمێنێتەوە و لە پشتڕاستکردنەوەی شکستخواردووە[Jacques Derrida (1994). Specters of Marx: State of the Debt, the Work of Mourning and the New International.]
$مێژوو لە پشوو دەگەڕێتەوە$
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە سەرمایەداری لە شێوەی ئیمپریالیستانەدا باڵیکێلشا بەسەر هەموو سووچێکی جیهاندا، شەڕە خوێناوییەکانی ڕۆژاوا تا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و شەڕی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بەردەوامە. بناژۆخوازی ناسیۆنالیست و ئایینی وەک دژە هێزێک بۆ بڵاوبوونەوەی دیموکراسی لیبڕاڵ لە دایکبوو، لە نموونەی تایبەتیی ئیسلامی توندڕەو جیهادی و تاقمی میلیشایی.
ساموێل هەنتینگتۆن، لە ساڵی ساڵی 1996 لە پەرتووکێکدا بە ناوی (پێکدادانی شارستانییەتەکان) دووبارە درووستکردنەوەی نەزمی جیهانی نووسی، هەنتینگتۆن لە پەرتووکەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ململانێی کاتی نێوان ئایدۆلۆژیاکان بە ململانێی کۆنی نێوان شارستانییەتەکان جێگەی دەگرێتەوە.، ئەوە ئایدۆلۆژیایی شارستانییەتی زاڵە، حکومی مرۆڤەکان دەکات.
دوای هێرشەکانی 11ی سیپتەمبەر، جارێکی دیکە کۆتایی مێژوو لەلایەن هەندێک لە بیرمەندانەوە وەک هێمای بێهەڵوێستی و گەشبینی ناڕەوای جیهانی ڕۆژاوا ئاماژەی بۆ دەکرا، بەو پێیەی کە کۆتایی هاتنی ئیمپریالیزم نوێنەرایەتی کۆتایی ململانێی گەورەی جیهانیش دەکات.
تەحەدایەکی دیکەی تێزی “کۆتایی مێژوو” گەشەسەندنی دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی دوو وڵاتی ڕووسیا و چینە. چین حکومەتی تاک پارتی دەوڵەتی هەیە، لە کاتێکدا ڕووسیا، هەرچەندە بە فەرمی دیموکراسییە، بەڵام زۆرجار وەک خۆسەپێن و ئانۆکراسی ناودێردەکرێت. لە مانگی ئازاری 2022وە جیهانێک کە چین پشتگیری لە داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیا دەکات و ڕووسیاش پشتیوانی لە داگیرکردنی چینی بۆ تایوان دەکات. هەروەها داگیرکارییەکانی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمەریکا بەردەوامە. لە جیهانێکدا کە ململانێی ئەم زلهێزانە تێدا بەردەوامە. ئایا ئەمە کۆتایی کۆتایی مێژووە، یان مێژووی لە پشوو گەڕاوەتەوە؟
وەک ژیژەک دەڵێت: بیرۆکەی فوکۆیاما کە دەڵێت ئێمە گەیشتوینە کۆتایی مێژوو، نادرووستە. ژیژێک ئاماژە بەوە دەکات کە لیبراڵ دیموکراسی پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە؛ ئەو کێشانەی کە بەهۆی سەرکەوتنی سەرمایەداری و سیاسەتە نیولیبراڵەکانەوە درووست بوون ، وەک نایەکسانی زیاتری سامان و دڵەڕاوکێکی جەنگ مەترسییەکانی ژینگە، لە زۆرێک لە وڵاتاندا دەرکەوتن کە نائارامی بەرانبەر بە حکوومەتە دیمۆکراسییەکان لێ کەوتووەتەوە.[1]