نالین حەسەن
ئایدن ئاڵتاچ، سەرۆکی پارتی پێشەڕۆژ لە ئامەد کە بەشداریی لە کۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و پارتی پێشەڕۆژ کردووە، باس لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی پرسی کورد و ڕووداوەکانی سووریا و کێشەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات.
ئایدن ئاڵتاچ، پێیوایە چارەسەرنەکردنی پرسی کورد زیانی بە ئابووریی تورکیا گەیاندووە. لەبارەی درووستبوونی کیانێک لە ڕۆژاوای کوردستان، دەڵێت ئەمڕۆ کوردەکانی ئەوێ ببنە خاوەن قەوارە بۆ تورکیاش باشە. چۆن هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەمڕۆ دۆستی تورکیایە و لە ڕووی بازرگانی و ئاساییشەوە لەگەڵ تورکیا کار دەکەن، ئەمڕۆ ئەگەر لە سووریاش شتێکی لەو جۆرە درووست ببێت بۆ تورکیا زیانی نابێت.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ ئایدن ئاڵتاچ:
ڕووداو: لە کۆبوونەوەکەدا چی باس کرا؟
ئایدن ئالتاچ: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کێشەیەک کرا کە 50 ساڵە لە تورکیا بەردەوامە و هەم کورد و هەم گەلی تورک زیانیان لێکەوتووە. باسی چارەسەرەکانمان کرد و چۆن دەتوانین لە ئێستاوە کار لەسەر ڕێگاچارەکان بکەین. چۆن پارتە سیاسییەکان و کەسایەتییە دیارەکان دەتوانن پێکەوە کار لەسەر ئەم پرسە بکەن. لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕاکانمان خستە ڕوو و شاندی دەم پارتیش بۆچوون و پەیامی خۆیان خستە ڕوو و کۆبوونەوەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچوو.
ڕووداو: ڕای ئۆجەلان گەیشتە ئێوە؟ هەڵوێستی ئۆجەلان لەسەر دۆخی ناوچەکە چی بوو؟
ئایدن ئالتاچ: ڕاستییەکەی ڕاوبۆچوونەکانی لەگەڵ ئێمە باس نەکرا، بەڵام ئەوەی ئێمە لێیان تێگەیشتین ئەوەیە کە ئۆجەلان دەیەوێت ئەم کێشەیە لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت و بەبێ چەک و کوشتن کۆتایی پێبێت. ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردەمی چەک بەسەرچووە و پێویستە هەنگاوی سیاسی بنرێت.
ڕووداو: چۆن لە پەیامی ئۆجەلان دەڕوانن؟
ئایدن ئالتاچ: ئێمە زیاتر لەڕووی ئابووری و ئارامیی تورکیاوە لەو پەیامانە دەڕوانین. پارتی پێشەڕۆژ لە بەرنامەکەیدا چۆنییەتیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەی خستووەتەڕوو. پێش 5 ساڵ کاتێک پارتەکەمان دامەزراند، ئەو خاڵانەمان وەکوو چارەسەر خستە ڕوو کە ئێستا ئۆجەلان و حکومەت و دەوڵەتی تورکیاش باسی دەکەن. ئەم کێشەیە بە کوشتن چارەسەر ناکرێت، بەڵکوو بە سیاسەت چارەسەر دەکرێت. ئەوەی ئێستا دەیبینین باشە. 50 ساڵە لە تورکیا کوشتن هەیە و لەڕووی ئابووریشەوە دواکەوتووە، هۆکارەکەشی کێشەی کوردە، بۆیە داوا لە حکومەت و دەوڵەتی تورکیا دەکەین هەرچی زووە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
ڕووداو: ڕاتان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی چییە؟
ئایدن ئاڵتاچ: ئەمڕۆ لە تورکیا ئەگەر لەڕووی یاسایی و ڕاگەیاندنەوە هەندێک هەنگاو بنرێت لەبارەی ناسنامەی کورد و فەرمیبوونی زمانی کوردی، ئەوە هەنگاوی باش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد. پارتی پێشەڕۆژ داوای ئەوە دەکات، کە هەندێک گەرەنتی یاسایی هەبێت کە بۆ داهاتووی تورکیا باش دەبێت.
ڕووداو: ئاکپارتی و مەهەپە جیدین لەسەر پڕۆسەی ئاشتی؟
ئایدن ئالتاچ: ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا بینیمان، ئێستا ئاکپارتی و مەهەپە دەیانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن، بەڵام لە داهاتوودا چ دۆخێک درووست دەبێت و چ هەنگاوێک دەنرێت، ڕاستییەکەی ئەوە دیار نییە و قسەیەکیان لەو بارەیەوە نەکرد. ئەوەی پێیان وتین ئەوەیە کە لە دۆخی ئێستادا ئاکپارتی و مەهەپە بە باشی ئەم کۆبوونەوانە دەکەن.
ڕووداو: پەکەکە چەک دادەنێت؟
ئایدن ئالتاچ: ئەگەر ئۆجەلان بڵێت چەک و تەقەمەنی دابنێن و با کوشتن لە تورکیا نەمێنێت، من پێم وایە چەک دادەنێن. وا باس کرا و وا تێگەیشتین.
ڕووداو: کەی ئەوە ڕوودەدات بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی کە دەکرێن؟
ئایدن ئالتاچ: ناتوانین بڵێین ئەم ڕۆژە یان ئەم مانگە، شتێکی وا نەگوتراوە، بەڵام کاتێک شاندی دەم پارتی کۆبوونەوەکانیان تەواو دەکەن، جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان دەکەنەوە و دواتر پێم وایە ڕۆژێک بۆ ئەوە دیاری دەکەن.
ڕووداو: دەوڵەتی تورکیا ئامادەیە چ مافێک بداتە کورد؟
ئایدن ئالتاچ: ئەمڕۆ ناوچەکەمان کە نزیکەی 100 ساڵە لە لای سووریا، ئێراق، ئێران و فەلەستین کێشەی هەیە و زیانی بە ناوچەکە گەیاندووە. ئەو ڕووداوانەی لە سووریا ڕوویانداوە وای کردووە حکومەتی تورکیا بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم کێشانە نەیەنە نێو تورکیا و گەورەتر نەبن، بۆیە بیری لە هەنگاوی لەم شێوەیە کردووەتەوە.
ڕووداو: بەڵام ئەو هەنگاوانەی کە دەینێت لە چ ئاستێکدایە، چ مافێک دەدەنە کورد و دەوڵەت تا چەند کراوەیە؟
ئایدن ئالتاچ: ئەوەی من باسم کرد، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە بەرەوپێش بچێت، لە ڕووی یاسایی و مافی مرۆڤەوە هەنگاو دەنرێت.
ڕووداو: سەرۆکی پارتەکەتان ئەحمەد داودئۆغلو لە سیاسەتی دەرەوەدا کەسێکی کراوە و خاوەن بۆچوونی تایبەت بوو، ڕاتان لەسەر دۆخی سووریا چییە؟
ئایدن ئالتاچ: ئەمڕۆ لە سووریا نزیکەی 12 ساڵە خراپی زۆر ڕوویداوە، بەڵام ئێستا دۆخێکی نوێ هاتووەتە پێشەوە. ئێمە و سەرۆکەکەمان لەو بیرەداین، کە لە چوارچێوەی دەستوورێکی دیموکراسی و مرۆڤانەدا پێکەوە بژین و جارێکی دیکە شەڕ و کێشە درووست نەبێتەوە. هەروەها گرنگە گەلی کوردی ئەو ناوچەیە و خەڵکی سڤیل زیان نەبینن و مافەکانیان لە ڕووی مرۆیی و دیموکراسییەوە پێشبکەون و ئەو ناوچەیە ببێتە ناوچەیەکی ئاشتی نەک ناوچەیەکی شەڕ. ئەوەی دەیبینین کۆبوونەوە لەنێوان هێزەکانی ڕۆژاوا و بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا دەکرێت و ئەمە باشە و لەوانەیە لە داهاتوودا ئاشتییەکی نوێ درووست ببێت.
ڕووداو: بۆ کوردەکانی ڕۆژاوای کوردستان قبووڵ دەکەن ببنە خاوەن قەوارەی خۆیان؟
ئایدن ئالتاچ: ئەمڕۆ کوردەکانی ئەوێ ببنە خاوەن قەوارە بۆ تورکیاش باشە. چۆن هەرێمی کوردستانی ئێراق ئەمڕۆ دۆستی تورکیایە و لە ڕووی بازرگانی و ئاساییشەوە لەگەڵ تورکیا کار دەکەن، ئەمڕۆ ئەگەر لە سووریاش شتێکی لەو جۆرە درووست ببێت بۆ تورکیا زیانی نابێت. لەبەر ئەوەی کوردەکانی ئێراق، سووریا، ئێران و تورکیا هەموویان تێکەڵی یەکترن و پێکەوە گەورە دەبن و پێکەوە بچووک دەبنەوە، بۆیە ئەگەر کوردەکانی ئەوێ ئابووری و ئارامییان باش بێت و لە ڕووی دیموکراسییەوە پێشبکەون، ئەو کات ئێمەش لە تورکیا شانازییان پێوە دەکەین و سوودیان بۆ تورکیا دەبێت. لەبەر ئەوە نابێت تورکیا لە کوردەکانی ڕۆژاوا بترسێت و شتێک نییە بترسێت لێی و بۆ ئارامیی ناوچەکە 10 قات باشتر دەبێت.
ڕووداو: دانووستاندن لەنێوان هەسەدە و حکومەتی تورکیا هەیە؟
ئایدن ئالتاچ: من بە درووستی نازانم هەیە یان نا، بەڵام ئەگەر نییە من دەمەوێت هەبێت بۆ ئەوەی خەڵکی سڤیل زیان نەبینێت. ساڵانی 2012 و 2013 شاندەکانی هەسەدە هاتن و کۆبوونەوە کرا و ئێستاش دەمەوێت بێن و کۆبوونەوە بکەن و ئەمە شتێکی باشە.
ڕووداو: بە بۆچوونی ئێوە ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدرێت؟ ئایا ئاساییشی تورکیا بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەپارێزرێت؟
ئایدن ئالتاچ: هیوادارم شتی وا ڕوونەدات. ئەگەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ڕوو بدات و خەڵکی سڤیل زیان ببینن، ئەو کات بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە و هەروەها بۆ ئێمەش تەنگژەیەکی گەورە دەبێت. نامانەوێت شەڕ درووست ببێت لەبەر ئەوەی نامانەوێت نە تورکیا و نە کوردەکانی ئەو ناوچەیە بکەونە تەنگژەوە. بە شەڕ نا، بەڵکوو بە دیالۆگ و دانووستاندن و کۆبوونەوە و دیپلۆماسی کێشەکان چارەسەر دەبن. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە بەم کۆبوونەوانەی دەم پارتی و سەردانەکان بۆ ئیمراڵی و هەوڵەکان بۆ پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا چەند پێشبکەوێت، ئەوەندە ڕێگە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەگرێت و دژایەتیکردنی هەسەدەش نامێنێت.[1]