نالین حەسەن
زێد سفووک، نوێنەری بزووتنەوەی کوردستانیی سەربەخۆ لە سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕووداو ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ #مەزڵووم عەبدی# گرنگ بوو بۆ پێکهێنانی هەڵوێستی یەکگرتووی کورد و پێش ئەوەش لەگەڵ پەدەکەسە کۆبوونەتەوە. ئاشکراشیکرد کە کاغەزی کارێکیان کە لە سێ خاڵ پێکهاتووە و پێشتر ئامادەیان کردبوو، داوەتە هەردوو لا و هەردووکیان هەڵوێستی ئەرێنییان هەبووە.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی ڕووداو لەگەڵ زێد سفووک
ڕووداو: کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی چۆن بەڕێوەچوو؟
زێد سفووک: کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی کوردی و پێش ئەوە لەگەڵ پەدەکەسە کۆبووینەوە. کاغەزی کارێکمان لە سێ خاڵ پێکهاتووە و پێشتر ئامادەمان کردبوو، بە هەردوو لامان دا و هەردووکیشیان هەڵوێستی ئەرێنییان هەبوو. هەروەها کاغەزی ئەم کارەمان بۆ فەرەنسییەکانیش نارد و من لەو باوەڕەدام لە ماوەیەکی نزیکدا وەڵامێکی ئەرێنی دەدەن. بەگوێرەی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ هەردوو لایەنی کوردی، پێم وایە تەنیا هەنگاوێک ماوە بۆ یەکدەنگی.
ڕووداو: لە کۆبوونەوەکەدا داوای چیتان لە مەزڵووم عەبدی کرد؟
زێد سفووک: پرسەکە ئەوە نییە کە ئێمە چی داوا لە یەکتری بکەین. پرسی سووریا پەیوەستە بە پرسی کورد و پرسی برایانی ئێزدی و عەلەویشەوە. کێشەی زۆر لە سووریا هەن و دەبێت چارەسەر بکرێن. ویستمان وەک میللەتی کورد بە یەک شاند بچینە شام و داوای مافەکانمان بکەین. بە باوەڕی ئێمە و بەگوێرەی دانووستاندنەکانمان ئێستا شاندێکی هاوبەش بچێتە شام، ناتوانێت یەکسەر بێت و بڵێت مافی گەلی کوردم بۆ هێناون. پرسەکە لەوە گەورەترە، بۆیە گرنگە لای ئێمە بە یەک هەڵوێست دەربکەون و بچنە شام.
ئەحمەد شەرع دەڵێت لەوانەیە تاوەکوو سێ ساڵ ڕەوشی سووریا چارەسەر نەبێت، ئێمە دەڵێین لەوانەیە تاوەکوو شەش ساڵیش درێژە بکێشێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە بە تەنیا خۆی لەم ساڵانەدا بەڕێوەمان ببات. دەبێت کوردیش تێیدا بەشدار بێت. کاتێک شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری سووریا دەچێتە دەرەوە، دەبێت کوردێک لەنێو شاندەکەدا هەبێت. دەبێت کورد واز لە ناکۆکی بهێنن. لە سەدا حەفتای گەلەکەمان داوای یەکڕیزی لەلایەنە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان دەکەن.
ڕووداو: هەڵوێستی مەزڵووم عەبدی چی بوو؟
زێد سفووک: هەڵوێستی ئەویش وەک هەموومان وایە. هەڵوێستەکانی ئەو و سەرکردەکانی پەدەکەسە، هەڵوێستی ئێمە و فەرەنسی و ئەمریکییەکان هەمووی یەکە. ئەوەی ماوە هەنگاوەکان بێنە پێش و دابنیشن.
ڕووداو: لەو کاغەزە کارەی ئێوە ئامادەتان کردووە، کە دەڵێن لە سێ خاڵ پێکهاتووە، ئەو خاڵانە چین؟
زێد سفووک: داوا دەکەین پێکهاتەی دەستەکە لەم نوێنەرانە پێکبێت: هەشت نوێنەر لە ئەنەکەسە، هەشت نوێنەر لە پەیەنەکە، دوو نوێنەر لە پارتەکانی دەرەوە، لەگەڵ حەوت سەربەخۆ.
ڕووداو: مەبەستت ئەم پێکهاتە بۆ شاندی چوونە شامە؟
زێد سفووک: بەڵێ، بۆ پێکهێنانی هەڵوێستی یەکگرتووی کوردی.
ڕووداو: چ داواکارییەکی دیکەتان هەیە؟
زێد سفووک: داواکاریمان ئەوەیە؛ دەستەیەک بەو شێوەیەی باسم کرد پێکبێت و گفتوگۆ لەنێوان خۆیاندا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فەرەنسا و ئەمریکا و بەریتانیا بکەن و بە گەڕانەوە بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و فەرماندەی هەسەدە مەزڵووم عەبدی، ڕێکبکەون و نامەیەک بگەیەننە شام. ئەم دەستەیە دواتر لەنێو خۆیدا چەند کەسێک هەڵدەبژێرێت کە لەنێو شاندی چوونە دیمەشق جێگەیان ببێتەوە.
ڕووداو: پێش مەزڵووم عەبدی ئێوە لەگەڵ پەدەکەسە کۆبوونەوە، ئەوان چ داواکارییەکیان هەبوو؟
زێد سفووک: هەڵوێستێکی ئەرێنییان هەبوو. ئەوانیش داوای یەکدەنگی دەکەن و ئەوانیش لەو باوەڕەدان کە کەس ناتوانێت بە تەنیا خۆی هیچ بکات. ئەگەر کورد لەنێوان خۆیدا ڕێکنەکەوێت، ئەو کات پرسی سووریا چارەسەر نابێت. ئەمریکی، فەرەنسی و بەریتانییەکانیش ئەمە دەزانن و بۆیان گرنگە کە ڕەوشی سووریا چارەسەر ببێت و ئارامی پەیدا ببێت، بۆیە بۆ یەکدەنگیی کورد گوشاری زۆر دەکەن.
ڕووداو: دیالۆگی کوردی -کوردی بە هەوڵەکانی ئەمریکا و فەرەنسا گەیشتووەتە کوێ؟
زێد سفووک: ئەوە لەنێو ئەو کارەی ئێمە پێی هەڵدەستین نییە. بۆ دیالۆگی کوردی و کوردی هەنگاوی باش هاوێژرابوو، بەڵام بۆ ماوەی چوار ساڵ ڕاگیرابوو، ئێستا لەم ڕەوشەدا ناتوانن چوار ساڵی دیکە درێژی بکەنەوە، بۆیە ئەوەی لە ئەمریکی، فەرەنسی و بەریتانیا تێگەیشتین کە کورد بە یەک هەڵوێستەوە بچێتە شام و دواتر کار لەسەر نەهێشتنی ناکۆکییەکانی نێوخۆ بکەن.
ڕووداو: لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدیدا باسی ئەمە نەکرا؟
زێد سفووک: بەگوێرەی ئەوەی لە هەردوو لامان گوێمان لێبوو، هەنگاوی زۆر باش چوونەتە پێشەوە .ئێستا شاندێکی ئەنەکەسە لە هەولێرە و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە و تەنیا هەنگاوێک ماوە کە بگەڕێنەوە و دابنیشن و هەڵوێستیان یەک بخەن.
ڕووداو: چ بەربەستێک لە بەردەم ئەمەدا ماوە؟
زێد سفووک: بە بۆچوونی ئێمە و بەگوێرەی ئەوەی لەسەر زەوی دەیبینین هیچ بەربەستێک نەماوە و تەنیا ماوە کۆببنەوە.
ڕووداو: هەردوو لا لەسەر چی ڕێککەوتن؟
زێد سفووک: دیالۆگی کوردی -کوردی بەردەوام دەبێت. دەستەیەکی یەکگرتوو پێکدێت و بە ناوی میللەتی کوردەوە داواکارییەکانیان پێشکەش دەکەن.
ڕووداو: داوای چ مافێک دەکەن و بیروڕای شەقامی کوردی چییە؟
زێد سفووک: داوای ئێمە فیدراڵییە. فیدراڵیی سیاسی و جوگرافی هەیە. هەندێک داوای لامەرکەزی کارگێڕی دەکەن. ئێستا هەموو لایەک دابنیشن لەسەر ئەم خاڵانە ڕێکدەکەون.[1]