جەولەی دەی یارییەکانی خولی نایابی یانەکانی ئێراق بە کۆتاهاتن و لە بەهێزترین و پڕ ڕکابەرترین یاری ئەو جەولەیە کوڕانی پێشمەرگە لە دەرەوەی یاریگەکەیان و لە شاری بەغدا بوونە میوانی یانەی مەسافی.
لەو یارییەدا کە لە کاتژمێر 2:00 ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە #05-01-2025# و لەسەر یاریگەی یانەی مەسافی بەڕێوەچوو، هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی هەردوو تیم بە گڕوتینێکی بەهێزەوە هاتنە نێو یاریگە و لە کەشی گەرمی یارییەکەیاندا و لە هێرشە چڕەکانی یاریزانانیان بۆ بەدەست هێنانی سێ خاڵی یارییەکە تا دەهات گەرمتر دەبوو تا لە خولەکی 22 یاریزان (ئاریان جەوهەر) بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریگە دورخرایەوە و پێکهاتەی پێشمەرگە بووە 10 یاریزان، لەگەڵ ئەو ژمارە یاریزانەی پێشمەرگەکان بە ورەیەکی پۆلاینەوە یاریان کردوو ئەنجامی گێمی یەکەمیان بە بێ گۆڵ کۆتایی پێهێنان.
لە دوای گۆڕانکاری لەلایەن #ڕێباز سدیق#ی ڕاهێنەری پێشمەرگە لە یارییەکەدا و پێدانی متمانە بە یاریزانانی تیمەکەی پێشمەرگە و لە خولەکی 53ی ئەو گێمەدا یاریزان، (ئیبراهیم سەباح) بە لێدانێکی سەر توانی گۆڵی یەکەم و پێشکەوتن بۆ تیمەکەی پێشمەرگە تۆمار بکات، پاشان و هەمان یاریزان لێدانێکی توندی لە دەست دا لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا و دواتر و لە خولەکی 79 یاریزان (نەجمەدین عوسمان) توانی دووەم گۆڵی پێشمەرگە تۆمار بکات، هەرچی لە خولەکی 82 بوو یانەی مەسافی گۆڵی یەکەمی خۆی تۆمار کرد و لە خولەکی 88 دووبارە یاریزانێکی دیکەی پێشمەرگە بە بەرز کردنەوەی کارتی سوور بە ڕووی دا دورخرایەوە بەڵام پێشمەرگە سوور بوو لەسەر سەرکەوتنەکەیان و لەگەڵ بە کۆتاهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە و زیاتکردنی 7 خولەک لەلایەن ناوبژیوان دووبارە یاریزانانی پێشمەرگە هەڵگری مەشخەڵی نەسرەوتن تا سەرکەوتن توانیان پارێزگاری لەو ئەنجامەیان بکەن و بە سێ خاڵی زێڕینەوە یاریگەکەی یانەی مەسافی یان لە شاری بەغدا بەرەو شاری سلێمانی بەجێهێشت.
بەو سەرکەوتنەشیان پێشمەرگە کۆی خاڵەکانیان بۆ 16 خاڵ لە دە یاریدا بەرز کردەوە و لە پلەی حەوتەمی ڕیزبەندی خۆیان گەیاندە پلەی پێنجەم و لەگەڵ یانەکانی ئەمانە بەغدا و ناسریە بە هەمان خاڵ یەکسانن کە ئەو دوو یانەیە لە پلەکانی سێیەم و چوارەمی ڕیزبەندی دێن.[1]