کاروانی جیهاز لە ساڵی 1960 لە #سلێمانی# لەدایک بووە، سەرەتای ساڵی 1983 ەوە چەکی بەرگری شەرەفی پێشمەرگایەتی لە شان کردووە و پاش چوارساڵ لە خەبات، ڕۆژی 21-03-1988 لە #شاناخسێ# بەسەختی بە چەکی کیمیایی بریندار بووە، لەو کاتەوە نازناوی جیهازەکەی بوو بە کاروان کیمیایی، هەر ئەو کاتە بۆ چارەسەر، گەیەنراوەتە نەخۆشخانەکانی تاران لە ئێران و لەوێشەوە، ساڵی 1990، وەک پەنابەر گەیشتۆتە هۆڵەندا. کاروانی جیهاز جگە لەوەی لە خانەوادەیەکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی شاری سلێمانین، تەمەنی چەند ڕۆژێک بووە، کە باوکی شەهید کراوە و خۆشی هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە تێکەڵاوی خەباتی ژێرزەمینی و ڕێکخراوەیی بووە لەگەڵ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستاندا و پاشان بووە بە #پێشمەرگە#ی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە مەڵبەندی دوو، لەبەر ئەوەی پێشمەرگەیەکی وریا و ژیربووە، لەسەرکردایەتی کاری بێسیم و جیهازی پێ سپێردراوە تا ئەو ڕۆژەی برینداربووە، کاروان هەمیشە پێشمەرگەیەکی خۆنەویست و دڵسۆز و لە خۆبوردووە بووه، دایکیشی لە ڕەوەکەی دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 شەهید بووە . کاروانی جیهاز کە هاتۆتە هۆڵەندەش، ماڵی لە شاری ئەمستردام بووە، ماڵەکە وەک کاروانسەرای پێشمەرگە تازەهاتووەکان و کەسوکارەکانیانی لێ هاتووە، بە گیان و بە دڵ خزمەتی کردوون و بەپیریانەوە چووە، لەپاڵ ئەمانەشدا ئەندامێکی چالاکی (کۆمیتەی ڕێکخستنی بەنەلۆکس) ی (ی.ن.ک) بووە و ماوەیەک وەک لێپرسراوی کەرتی ڕێکخستنی ئەمستردام و ئەرکی کارگێڕی کۆمیتە پێ سپێردراوە، هەروەها کاروانی جیهاز ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لەگەڵ ڕێکخراوە کوردییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی، ماوەیەک ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی مەڵبەندی ڕۆشنبیری کوردی ئەمستردام و یانەی کوردی میدیای ئەمستردام بووە، تا گەڕانەوەی بە یەکجارەکی لە 14-03-2005 ەوە بۆ کوردستان.
کاروانی جوانەمەرگ، لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراق، یەکێک بوو لە شاهیدحاڵە زیندووکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ڕژێمی ئێراقەوە و یەکێک بوو لەو بەرکەوتە و شاهیدحاڵانەی کە بۆ ڕوبەروبوونەوەی عەلی حەسەن مەجید ناسراو بەعەلی کیمیاییی بۆ ئیدانەکردنی ئامادەی دانیشتنی دادگاکەبوو.
هەروەها کاروان یەکی بوو لەو شاهیدحاڵانەی، کە لە دادگاییکردنی گەورە بازرگانی هۆڵەندی (فرانس ڤان ئانرات) ، کە پێکهاتەی چەکی کیمیاییی بەڕژێمی سەدام حسێن فرۆشتبوو، لە دادگای نێودەوڵەتی لاهای، پڕۆسەی دادگاییکردنی فرانس ئەنرات و حوکمدانی یەکەمجار ڕۆژی 23-12-2005 بە 15 ساڵ حوکمدرا.
پاشان لە دادگاییکردنەکەی دووەمجاردا ڕۆژانی 02 و 04 و11 و 16 و 25-04-2007 و 09-05-2007 کاروانی جیهاز ئامادە بوو، کاروان لەو دادگایکردنەدا دژ بە فرانس فان ئەنرات شایەتی دا و ئەوە بوو سەرەتا زیندانی 15 ساڵ و پاشان 17 ساڵی بۆ بڕایەوە، کاروان وەک هاووڵاتییەکی هۆڵەندی بە ڕەگەز کورد و شەهیدی زیندووی چەکی کیمیایی بە دەستی بەعس کاریگەریی گەورەی لەسەربڕیاری دادگاکە هەبوو، کەبووە هۆی تاوانبارکردنی فرانس فان ئەنرات وەک بەڵگەی فرۆشیاری چەکی کۆمەڵکوژ.
بەداخەوە کاک کاروان سەرەتای ساڵی 2015 باری تەندرووستی ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپ تر دەچوو، بەهۆی کاریگەرییەکانی بەر کەوتنی بەسەختی بە چەکی کیمیایی و بریندرابوونەکانی کاتی پێشمەرگایەتی، بۆیە بۆ چارەسەر گەڕایەوە هۆڵەندا، لە شاری لیواردن نیشتەجێ بوو، بەداخەوە ڕۆژی 26-11-2015 لە نەخۆشخانەی شاری خرۆنیگن دواماڵاوایی لێ کردین...دروود بۆ گیانی پاکی کاروان عەبدوڵڵا تۆفیق و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.