لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان بە دروشمی (ئازادی ژنانی شەنگال ئازادی مرۆڤایەتییە) کۆنفرانسێک ڕێکخرا. ڕۆژی هەینی 19-06-2015 لەبارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە شاری (جنێڤی) سویسرا، کاتژمێر 16:00 تا 17:30 کۆنفرانسێک لەژێر دروشمی ئازادی ژنانی شەنگال ئازادی مرۆڤایەتیە ڕێکخرا. کۆنفرانسەکە بە سپۆنسەری ناوەندی ئاشتی ژنان (جەنی)، نوێنەرایەتی تەڤگەری ژنانی نەتەوەیی کورد، تەڤگەری ژنانی کورد لە ئەوروپا، ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی بێریڤان و دەزگای ژنانی فێممیس ئەنجامدرا. نوێنەری ژنانی ئێزدی (لەیلا بۆران) کە بەڕێوەبەری کۆنفرانسەکەی دەکرد لە قسەکانیدا باسی لە مێژووی کۆمەڵکوژی ژنان کرد و وتی:"قرکردنی ژنان تاوانێکی مرۆڤایەتییە". بۆران ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆمەڵکوژی ژنان لەسەر بنەمای ڕەگەزی پێکدێت و وتی:" من وەک کچێکی ئێزدی داوا دەکەم ئیدی کۆمەڵکوژی 73 هەمینی ئێزدیەکان کۆتایی بێت و پەلە بکرێت لە ئازادکردنی ژنانی شەنگال". پاشان نوێنەری کۆمەڵی مافناسانی دیموکرات و نێونەتەوەیی (باربارا سپینەللی) قسەی کرد و سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە پێویستە لەبەرامبەر قڕکردنی ژنان تێکۆشانی ستراتیژیک و ماوەدرێژ بەڕێوەبچێت. سپینەللی لەبەرامبەر ئەو هۆڤیەتانەی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت باسی لە گرنگی ئاواکردنی کۆمێن و گەیاندنی بە ئاستی گەردونی کرد. هەروەها نوێنەری جەنی (جانان پۆڵات) لە کۆنفرانسەکەدا قسەی کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دوای داگیرکردنی شەنگال ئەوان وەک ڕێکخراوی جەنی کەمپینێک یان بەناوی (ئازادی ژنانی شەنگال ئازادی مرۆڤایەتیە) دەستپێکردوە، بۆئەوەش چەندین ئەندامی خۆیان ناردوەتە کوردستان، لەهەمان کاتدا ڕاپۆرت ئامادە دەکەن، پانێڵ، سیمنار، کۆبونەوە و کۆنفرانس ئەنجام دەدەن. پۆڵات بانگی لە دامودەزگاکانی ژنان بەگشتی، ڕێکخستنە مەدەنیەکان، لەسەرویانەوە نەتەوە یەکگرتوەکان و تەواوی مرۆڤایەتی کرد کە لەو کەمپینەی ئەواندا جێگە بگرن و پشتیوانیان بکەن. لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا بڕیار درا کەمپینی ئازادی ژنانی شەنگال لە هەموو وڵاتان بەردەوام بێت، و لەو بارەیەوە چالاکی جۆراوجۆر ڕێکبخرێت. هەروەها بڕیاردرا ئەندامانی کەمپینەکەیان بنێرن بۆ شەنگال و ڕۆژئاوا، لەهەمان کاتدا بۆ ڕزگارکردنی ژنانی شەنگال پشتگیری ماددی و مەعنەوەی کۆبکرێتەوە، کۆنفرانس ڕێکبخرێت و کۆمێن ئاوابکرێن.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 7,186 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!