دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژە بەوەدەکات، لە وەرزی چاندنی گەنم حکومەتی هەرێم هەشت هەزار و 43 تۆن گەنمی بە نرخی زۆر کەمتر داوەتە جوتیاران، کە بەهاکەی بایی سێ ملیار و 176 ملیۆن و 935 هەزار دینار بووە.
فاروق عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی بنەتۆو لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەمڕۆ سێشەممە 10ی کانونی دووەمی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە وەرزی زستان و بۆ چاندنی گەنم حکومەتی هەرێم هەشت هەزار و 43 تۆن گەنم کە نرخی هەر تۆنێک گەنم بە پاکردنەوەشەوە بە بڕی 795 هەزار دینار لەسەر حکومەت دەکەوێت، دراوەتە جوتیاران و بەڵام بە کەمتر لە نیوەی نرخی خۆی".
وتیشی "تەنیا لەم وەرزەدا، حکومەتی هەرێم بە بڕی سێ ملیار و 176 ملیۆن و 935 هەزار دینار هاوکاری جوتیارانی هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ چاندنی گەنم".
فاروق عەلی، ڕونیشیکردەوە، حکومەت یەک تۆن گەنمی بە بڕی 750 هەزار دینار کڕیوە و بە نرخی 350 هەزار دینار بە جوتیارانی فرۆشتۆتەوە و بۆ پاککردنەوەی یەک تۆن گەنم حکومەت 45 هەزار دیناری خەرجکردووە و لەبەرامبەردا تەنیا بڕی 10 هەزار دیناری لە جوتیار وەرگرتۆتەوە.
- 10-01-2017