دواڕۆژ، هۆگر کەمال
بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە لە ساڵی (2015)دا 222 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ساڵی (2016)دا ڕێژەکە زیادی کردوە و 242 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بەرزان محەمەد، بەڕێوەبەری پەیامانگەی پزیشکی دادوەری سلێمانی، بە دواڕۆژی وت "ئێمە هەموو ئەو پشکنینانەی ئەنجامی دەدەین دەبێت بە فەرمانی دادوەر بێت".
وتیشی "لە ساڵی (2015)دا هەشت هەزار و 137 پشکنینمان کردووە بۆ کەسانی زیندوو و مردوو و شوێنی ڕووداوەکان و شیکاری تاقیگەیی، لەو ڕێژەیەش سێ هەزار و 548 پشکنینمان بۆ کەسی زیندوو و سێ هەزار و 729 شیکاریی تاقیگەیی و 840 پشکنینیشی بۆ مردوو بووە، هەروەها 20 پشکنینیش بۆ شوێنی ڕووداو ئەنجامدراوە".
ئەوەشی وت "لە ساڵی (2016)دا حەوت هەزار و 865 پشکنینمان ئەنجامداوە، لەو ڕێژەیەش سێ هەزار و 685 پشکنینمان بۆ کەسی زیندوو و سێ هەزار و 375 شیکاریی تاقیگەیی و 793 پشکنینیشی بۆ مردوو بووە، هەروەها 12 پشکنینیشمان بۆ شوێنی ڕووداو ئەنجامدراوە".
بەپێی ئەم ئامارەش بێت ڕێژەی پشکنین لە ساڵی ڕابردوو بەروارد بە ساڵی (2015 کەمیکردووە، هەروەها ڕێژەی پشکنین بۆ کەسانی مردووش کەمیکردووە.
بەرزان محەمەد، ئەوەشی خستەڕوو "ئێمە هیچ وەڵامێکمان بە زارەکی نیە، بەڵکو هەموو شتێکمان بە ڕاپۆرتی پزیشکییە، لە ساڵی (2015)دا ڕۆژانە 27 ڕاپۆرتمان داوە بە دادگا پزیشکییەکان، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆژانە 26 ڕاپۆرتمان داوە".
باسی لەوەشکرد "لەناو ڕێژەی ئەو پشکنینانەی بۆ کەسانی مردوومان ئەنجامداوە، لە ساڵی (2015)دا دەرکەوتووە 222 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە ساڵی (2016)دا ڕێژەکە زیادی کردووە کە 242 کەس بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە و ئێمەش پشکنینمان بۆ لاشەکانیان ئەنجامداوە".
- 23-01-2017