دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بە رەسمی ڕێککەوتن ئەو نەوتەی ڕۆژانە لە ڕێگای بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانی تورکیا دەفرۆشرێت بڕی 80 هەزار بەرمیلی کە تایبەتە بە کۆمپانیای سۆمۆ بدرێت بە هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و قەیوان.
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی ئه و حزبە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی شوبات بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "دوای ئەوەی پارێزگای کەرکووک لەماوەی ڕابردوو سەردانی بەغدای کردبوو، ڕەزامەندییەکی سەرەتایی وەرگرت، لەسەر وەرگرتنی نیوەی ئه و نەوتەی لەرێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە هەناردەی دەرەوە دەکرا، لەئێستاشدا هەردوو حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای کەرکووک ڕێککەوتوون و چاوەڕێدەکرێت بە ڕەسمی واژۆی لەسەر بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئاسۆ مامەند، کە ئێستا لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، ئەوەشی خستەڕوو، ئه و 150 هەزار بەرمیلەی لەرێگای بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی ڕێککەوتنێکی پارساڵی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێم، بەشێوەی نیوە بە نیوە دەفرۆشرا لەمەودوا نیوەکەی حکومەتی عێراق دەدرێتە ئیدارەی پارێزگای کەرکووک بۆ ئەوەی خۆیان بیفرۆشن.
بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکووک ئاشکراشیکرد، دوای ڕێککەوتنەکە ئیدارەی کەرکووک لەگەڵ بەغدا، ڕۆژانە نزیکەی هەشتا هەزار بەرمیل نەوتی کۆمپانیای باکوور دەداتە هەردوو پاڵاوتگەی کەڵەک و بازیان لە ڕێگای هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و قەیوان لەبەرامبەردا پارە وەردەگیرێت و ئه و پارەیەش دەدرێت بە کۆمپانیای ماس بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای کەرکووک و بەشێکیشی قەرزی پێدەدرێتەوە.
ناوبراو، وتیشی "ئه و بڕە پارەیەی لە بەرامبەر ئه و 80 هەزار بەرمیلە نەوتەی ڕۆژانە وەردەگیرێت تەنها بۆ ئیدارەی پارێزگای کەرکووک دەبێت و دوای ئەوەی پاڵاوتگەی کەرکووک گەورە دەکرێت و توانای پاڵاوتنی نەوتی زیاتری دەبێت ئه و 80 هەزار بەرمیلە لە هەردوو کۆمپانیای کارگروپ و قەیوان وەردەگیرێتەوه و دەدرێت بە پاڵاوتگەکە".
- 06-02-2017