محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری #بەنداوی دوکان# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ئێران ئاوی #زێی خاسە#ی گرتەوەو بەوهۆیەشەوە ڕاستەوخۆ کاریگەریی کردۆتە سەر ئاستی ئاوی دوکان.
وتیشی لە ئێستادا ئاوەکە لە چرکەیەکدا تەنیا پۆینت شەش مەتر بەرز دەبێتەوە کە ئەوەش بەهۆی سەرچاوە ناوخۆییەکانی خۆمانەوەیە، لە هەمانکاتدا لە یەک چرکەدا شەست و پێنج مەتر موکەعەب ئاو بەردەدەینەوە بۆ کارەبا و خواردنەوە.
بەڕێوەبەری بەنداوی دوکان هێمای بۆ ئەوەشکرد، زیانێکی زۆر بەر سامانی ئاژەڵی ناو ئاو گەیشتوە، چونکە لەکاتی دانانی گەرا و زاوزێی ماسی ئاوەکە گیراوەتەوە و بەشێک لەو ماسیانە بەهۆی وشکبونی زێیەکە مردون و نەگەڕاونەتەوە ناو دەریاچەکە.
دەریاچەی دوکان زیاتر لەنیو سەدەیە دروستکراوە، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئاودێری، سامانی ماسی، گەشتیاری و ئاوی خواردنەوە بەکارهاتووە،
بۆیەکەم جارە لە مێژوی بەنداوەکەدا وڵاتی ئێران ئەم زێیە بگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر گلدانەوەی ئاوی دەریاچەی دوکان.
30-06-2017