دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەرایەتی #نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر# لە #هەولێر# ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو مانگدا 58 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و بڕێکی زۆری ماددەی هۆشبەریش دەستیبەسەردا گیراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەری سەر بە ئاسایشی هەولێر، کە ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی ئاب بڵاویانکردۆتەوه و وێنەیەکی بۆ دواڕۆژ نێردراوە، ئاماژە بەوەکراوە لەماوەی 1ی تەمموز تا 1ی ئابی 2017، 58 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەولێر دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئه و کەسانەی بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون 30 کەسیان دادگایی کراون و بەپێی ماددەی 14 یاسای ماددەی هۆشەبەرەکان سزادراون.
لەبارەی ئه و بڕە ماددە هۆشبەرانەی دەستیبەسەرداگیراوە، لە ڕاگەیاندراوەکە هاتووە کە 100 لیتر شلەی ئەسیدو 210 گرام تریاک و 50 گرام گیای جامایی و هەزارو 500 شیت حەبی ترامادۆڵ و 200 شیت حەبی تریڤین دەستیان بەسەرداگیراوە.
لەبارەی ناسنامەی ئه و کەسانەی کە دەستیان بەسەرداگیراوە، دواڕۆژ پەیوەندی بە بەرپرسانی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرکرد، بەڵام ئامادەنەبوون ناسنامەی تۆمەتباران ئاشکرابکەن.
02-08-2017