سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت ئەوکاتەی کە ئەو سەرۆک وەزیربووە دوو ملیار دۆلاری وەک #قەرز# داوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت #مووچە#ی فەرمانبەرانی بدات. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەوان بە سێ گوژمە، کە دوو گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری و گوژمەیەکی 150 ملیۆن دۆلاری بووە، بە فایدەی 6%، وەک قەرزێکی ماوەدرێژ ئەو پارەیەیان لە تورکیا وەرگرت. دەبێ قەرزەکە لە ماوەی 5 ساڵدا بدرێتەوە و ئێستاش حکومەتی کوردستان قەرزەکە دەداتەوە.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی ڕوونکردنەوەکەیدا بۆ تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند ڕاستە تورکیا بەسوپاسەوە ئەو قەرزەی پێداین، کە دوو گوژمەی 500 ملیۆن دۆلاری و گوژمەیەکی 150 ملیۆن دۆلاری بوو، وەک قەرزێکی ماوەدرێژ بۆ ماوەی 5 ساڵ بە فایدەی 6%. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە دەستکراوە بە دانەوەی ئەو قەرزە و هەر 3 مانگ جارێک بڕی 150 ملیۆن دۆلار دەدرێتەوە حکومەتی تورکیا، هەروەها ئەو سەرچاوەیە گوتیشی قەرزەکە لەوکاتدا بۆ کوردستان زۆر بەسوود بوو و، ئێستاش ئەو هەڵوێستە و هاوکارییەکانی دیکەی حکومەتی تورکیا جێگەی سوپاس و پێزانینی ئێمەیە. هەمیشەش هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان بەهێزتر بکەین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پێش گەڕانەوەی لە نیویۆرکەوە بۆ تورکیا، دوای بەشداریکردنی لە لووتکەی ژمارە 60ی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەڤانانی تورکیادا ڕایگەیاند کە هۆکاری بەرەو خراپی چوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕایگەیاندووە کە لەکاتێکدا نەیاندەتوانی مووچەی فەرمانبەرەکانیان بدەن ئێمە بووین هاوکاریمانکردن. کاتێک سەرۆکوەزیران بووم بەبەهای دوو ملیار دۆلار، وەک قەرز هاوکاریمان کردن بۆ ئەوەی بتوانن مووچە بدەن، بەڵام دیارە ئەوان قەدر و قیمەتی ئەم شتانە نازانن. ڕووسیاش وەک ئێمە هاوکاریان نەبوون.[1]
23-09-2017