پەرتووکی بەهاری کوردی نەخشەیەکی نوێی ڕۆژهەڵآتی ناوەڕاست..
سەربەخۆیی کوردستان چۆن دەبێت و چ بەربەستێک لەم ویستە ئەمان وەستێنێت؟
بە هیوای سوود بینین لەم بەرهەمە و ڕوانینێکی گەش بۆ ئاییندەی کوردستان...
سوپاس بۆ هەموو ئەو دۆست و هەڤاڵانەی هاوکارم بوون لە بەچاپگەیاندنی ئەم بەرهەمە.
پێشەکی پەرتووکەکە:
هێز لە یەکگرتن دایە
بە درێژایی مێژووی پێنج سەد ساڵی ڕابردوو، دوژمنان و نەیارانی کورد و کوردستان بۆ چەوساندنەوەی هەرچی زیاتری ئەم خاک و نیشتیمانە پڕ پیت و بەرەکەتە بە گشتی و پەرتەوازەکردنی کوردەکان بە تایبەتی، بەردەوام هەوڵی ئەوەیانداوە ناوچە دەوڵەمەندەکانی کوردستان و دانیشتووە جۆراوجۆرەکانی لە یەکتر دووربخرینەوە و نەیاریی و دژایەتیکردنی یەکتریی لە نێوانیاندا پەرەپێبدرێت تاکو کوردەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لاوازتر و نیشتیمانە زەنگینەکەیان لە لایەن داگیرکارە بێگانەکانەوە زیاتر تاڵان و فەرهوود بکرێت، هەر بۆیەش کوردەکان کە یەکێکن لە گەلە هەرە ئازا و کەڤنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێڕای هەبوونی ڕابردوویەکی پڕشنگدار و دەوڵەمەند و قوربانییەکی بێ سنوور ئێستاشی لە گەڵدابێ لە هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بێ بەشکراون. لە ڕاستیدا جێگای سەرسوڕمانە میللەتێک بەم هەموو پێکهاتە دەوڵەمەندانەی وەک مێژووی دێرین و فەرهەنگ و کولتووری دەوڵەمەند و زمانی شیرین و نەتەوەی ڕەنگین و خاک و بەرهەمی زەنگین نەیتوانیبێ بە ئامانجە ڕەواکەی خۆی بگات و دڵی تاکەکانی کۆمەڵگایەکی پڕ مەینەتی ستەم لێکراو شاد بکات...! گەلۆ دەبێت چ هۆکارێک لە پشت ئەمەوە بێت و چۆن بتوانین بەسەر ئەم ئاستەنگ و بەربەستانەدا زاڵ بین کە ڕێگرن لە بەردەم هێنانە ئارای خەونێکی دێرین و مافێکی ڕەوا لە ژێرناوی بنیاتنانی دەوڵەتی کوردی؟ ئێمە خۆمان هۆکارین یاخود پاڵنەری دەرەکی هەیە کە نەیهێشتووە و ئێستاش بەتەمایە نەهێڵێت کە بەم ئامانجە ڕەوایە بگەین؟
دیارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەکان دوو چەمکی دانەبڕاوی سەدەی بیستەمن. ستەمکاریی بەشێکی دانەپچڕاوی زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی ناوچەکەیە. بە دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتی عێراق لە ساڵی 1921، ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان بە سیاسەتی ئاگر و ئاسن لە داڕووخان و چەوسانەوە و کوشتن و زیندە بەچاڵکردن هیچی تریان بەرهەم نەهێنا، ئێمەی کورد قوربانی دەستی هەموو ئەو ڕژێمانە بووین، هیچ کامەیان نەیانتوانی و تەنانەت ئەگەر تواناشیان هەبوو لە ڕاستیدا نەیانویست دان بە بوونی کورد وەک هاونیشتیمانیەکی خاوەن مافی یاسایی لە وڵاتەکەیاندا بنێن. لە ماوەی کەمتر لە دە ساڵ زیاتر لە سەد و هەشتا و دوو هەزار کورد بوونە قوربانی و پتر لە چوار هەزار و پێنج سەد گوند وێرانکران، لە چەند خوولەکێکدا پێنج هەزار کورد کیمیاباران کران.
لە تورکیای دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، سیاسەتی کوردقڕان بە شێوازێکی نوێ لە لایەن تورکە فاشیستە کەمالییەکانەوە سەر لەنوێ سەریهەڵدا و بە فەرمانێکی فەرمی، نەتەوەی کورد و زمان و فەرهەنگی کوردی بەتەواوی نکۆڵییان لێیکرا و هەوڵدرا بە بەردەوامی بنبڕ بکرێت و لە ناو کۆمەڵگای تورکیدا بتاوێنرێتەوە. کورد بەشێوەیەکی چڕ و پڕ بێ ئەوەی حەزبکات و تەنانەت ئاگاداری خۆێ بێ، لە ماوەیەکی کورتدا دەستەمۆی سیاسەتە چەوتەکانی تورکە ڕەگەز پەرەستەکان کرا، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەستەم بوو تاکێکی کورد هەست بەوە بکات کە نەتەوەیەک هەیە بە ناوی کورد کە ئەویش بەشێکە لەو نەتەوەیە. لە ڕاستیدا بەتورک کردن تورکاندنی کوردەکان ڕێک لە دوای بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لەلایەن ئەتاتورکەوە دەستی پێکرد و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تریش ئەم سیاسەتە قیزەوەنەیان بە ڕادەیەک جێبەجێکرد کە بوو بە نەریتێکی پێکەوەبەستراوی دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە. لە لایەکی تر و لە ئێرانی دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979، دەسەڵاتی ئایینی بە تەواوی ڕێگربوون لە مومارەسەکردنی مافی سیاسی و فەرهەنگی کورد لەم وڵاتەدا. چالاکوانانی سیاسی بەبەردەوامی دەستگیردەکرێن و پاشان لە سێدارە دەدرێن. لە سوریا، ڕژێمی بەعسیی عەلەوی 'ئەسەد' هەر لە سەرلەبەری هاتنە سەر دەسەڵات نە تەنیا لە پێدانی ناسنامە بە کوردەکان پاشگەزبوونەوە بگرە بە فەرمی نکۆڵییان لە بوونی نەتەوەی کورد لە وڵاتەکەیان کرد. محەمەد تالب هیلال، یەکێک بوو لەو کەسایەتیانەی کە ڕاسپێردرابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ویستی کورد بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانیان، کە تیایدا سەرکەوتوو بوو.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەم ڕاستیانە و لە هەڵومەرجێکی ئاوا ئاڵۆز و پەشۆکاوی ناوچەیی و هەرێمایەتیدا دەکرێ بگووترێ بۆ بەدیهێنان و بنیاتنانی قەوارەیەکی دانپێدانراوی سیاسی لە ژێر ناوی دەوڵەتی کوردی یەکێ لە کردەوە هەرە گرنگەکان کە پێویستە بەزووترین کات ئەنجامی بدەین بریتییە لە گۆڕینی شێوازی کۆن و کەڤناری چۆنیەتی بیر و ئەندێشەمان بۆ هزر و ئەندێشەیەکی نەتەوەیی و سەردەمیانە، شێوازگەڵێک کە بەتاڵ بێ لە هەر جۆرێ ڕق و کینە لە بەرامبەر یەکتردا، چونکە سەرەڕای هەموو بەربەست و گوشار و تەنگ و چەڵەمەکان بە سوودوەرگرتن لەم شێوازە دەکرێ دەست لە ناودەست هەنگاوی باش بهاوێژین بەرەو یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردی و بنیاتنانی قەوارەیەکی یەکگرتووی سیاسیی بۆ خۆمان و نەوەکانی داهاتوو، چونکە کورد گووتەنی هێز لە یەکگرتن دایە.
گومان لەوەدانییە کە بەهۆی گۆڕانی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و دەرهاوێشتەکانی بەهاری عەرەبی بە سەر وڵاتانی دراوسێ، نەتەوەی کورد بە تایبەتی دەرفەتێکی زێڕینی بۆ هاتۆتە پێش تاکو بەهۆی ئەم دەرفەتە وە بە سوود وەرگرتن لەم هەڵومەرجە ئاڵۆز و پەشۆکاوەدا، کەشتی نیشتیمانە زامدارەکەی خۆی بەرەو کەناری ئارامی دەریای سەربەخۆیی بەڕێ بکات و ئەسپی ئاوات و ئامانجە لە مێژینەکانی بەرەو دوا مۆڵگەی حەسانەوە(بەدەوڵەتبوون) تاو بدات. بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ و کیانێکی سەربەخۆ کە دیزاین و داڕشتنی سنوورە بنەڕەتییەکەی وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی لە ڕووباری خوێنی شەهیدە قارەمانەکانی هەر چوار پارچەی نیشتیمانی دایک پتر لە سەدەیەک بەر لە ئێستا نەخشێنراوە و لە ژێر سێبەر و سەرکردایەتی شێخەکانی بارزان و شێخ مەحموودی نەمر لە کوردستانی باشوور دەستی پێکردووە و دواتر لە لایەن شێخ سەعیدی پیران و ئێحسان نوری پاشا و عەبدۆلڵا ئوجەلان لە کوردستانی باکوور و سمکۆی شکاک و پێشەوای نەمر و قاسملوو و سادقی شەرەفکەندی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات درێژەی پێدرا تا وەک ئەمانەتێکی پیرۆز گەیشتە دەست شەڕڤانە گیانفیدایە بێ ناونیشانەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا. بۆیە بە جورئەتەوە دەکرێ بڵێین کە ئەوەی ئەمڕۆ هاتۆتە پێش لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشان و بەرخودانی بێ وچان و قوربانیدانی بەردەوامی سەدان ساڵەی نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتە کە لە پێناو گەیشتن بە مافە ڕەواکانی خۆی و بە مەبەستی مسۆگەرکردنی کیانێکی سەربەخۆ لەلایەن داگیرکەرانی زێد و نیشتیمانی دایک دەرهەق بە دانیشتوانە ستەم لێکراو بێ دەسەڵاتەکەی کراوە.
بەرەوپێش چوونەکان لە باکووردا تا ڕاددەیەکی باش گۆڕاون، خەباتی کورد لەم بەشەی کوردستاندا، تا ئاستێک، لە خەباتێکی چەکداریەوە، ئەگەر دەرفەت بڕەخسێنرێت، بۆتە خەباتێکی سیاسی لەناو پەڕلەمانی تورکیادا کە ئێستا دەتوانن مافەکانیان لە ڕێگای پڕۆسەیەکی سیاسیەوە مومارەسە بکەن. بە هاتنە سەردەسەڵاتی 'ئاک' پارتی، تا ئەم دواییانەش، کرانەوەیەکی سیاسی بەڕووی کورددا بوونی هەبوو، بەڵام بەداخەوە بەهۆی بەرزەفڕیی و کاڵفامی سیاسەتوانە کەم ئەزموونەکانی هەدەپە و ملهوڕی ئەردۆگانەوە، خەریکە ئەم پڕۆسەیە بەرەوە کاڵبوونەوە دەچێت. جێگای داخە، بەهۆی ململانێی تەسکی حیزبی لە ڕۆژهەڵاتدا، کورد نەیتوانیوە هەنگاوی گەورە لەم ڕووەوە بهاوێژێت. هەروەها ڕژێمی ئەو وڵاتەش دڕندانە کەوتۆتە گیانی ئەو کەسانەی چالاکی سیاسی ئەنجام دەدەن. لە ڕۆژئاواشدا، بەهۆی ئەو چەڵەمەی ڕژێمی سوریا تێی کەوتووە و هاتنی چەکدارانی داعش بۆ ناو بازنەی ململانێکە، کورد توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرچاو سوود لەم دۆخە وەربگرێت و ئامانجەکانی بەرەوپێش ببات.
لە باشووردا، کە سەرنجی زیاتری نووسەری زانا و دانەری بەتوانای ئەم پەرتووکە دەوڵەمەندە دەیڤید فلیپس، لە سەریەتی، کورد لە بەردەم دەرفەتێکی مێژووییدایە کە بەرەو گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە جیۆپۆلەتیکی ئەم ناوچەیە هەنگاو دەنێت. دوای ئەو هەموو خەبات و قوربانیدانە لە پێناو پاراستنی خاک و سەروەریی نیشتیماندا، خەریکە خۆری سەربەخۆیی هەڵدەکات و ئیتر کورد لە ژێر چەپۆکی دردۆنگی عەرەب دەربازی دەبێت. دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام، کورد، وەک بەشێک لە سیاسەتە دووربینیەکانی، وەک پشکدار بەژداری حکومەتی عێراقی کرد نەوەک بەشخوراو. لە ڕووی سیاسیەوە لە دوای ڕوخانی ڕژێم، کورد فێری گەمە کردن لە سەر پەتی سیاسەت بووە و توانیویەتی تا ڕادەیەکی زۆر بەرژەوەندییەکانی خۆی مسۆگەر بکات. ئەمریکا و ڕۆژئاواییەکان بەهۆی کرانەوەی کورد بەرامبەر بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و پشتیوانی ڕۆژئاواوە، مەیلێکی زیاتریان بۆ کورد هەیە بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەکانی تری دانیشتووی عێراق. لەم سەروبەندەدا عەرەب بەهۆی ململانێی توند و تۆڵە تایەفەگەرییەکانیدا هەرگیز نەیتوانیوە و ناشتوانێت یەکگرتنێکی نیشتیمانی لە نێوان سەرجەم باوەڕەکاندا دروست بکەن.
دوای ئەوەی سەرۆک وەزیری نالێهاتووی عێراق و لە ڕاستیدا داردەستی ئێرانی دراوسێمان نوری مالیکی کە لە ماوەی 8 ساڵی فەرمانڕەوایی خۆی تەنانەت توانای دابین کردنی ئەمنیەت و ئاسایشی تاکە کۆڵانێکی بەغدای پایتەختی بۆ ماوەی 8 چرکە نەبوو، بڕیاریدا لە(٪17) بودجەی هەرێمی کوردستانی ببڕێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەم بڕیارە نامرۆڤانەیەدا بوێرانە بڕیاریدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ نەوتەکەی بفرۆشێت و چیتر چاو لە دەستی بەغدا نەبێ، دیارە ئەمەش هەنگاوێکی نوێ بوو لە مێژووی کورددا کە جۆرێک لە حوکمڕانی خۆجێی لە سنووری خۆیدا بەرجەستە دەکات. ڕەنگدانەوەی سیاسەتە چەوت و ناڕاستەکانی حکومەتی ناوەندی لە دژی هەرێمی کوردستان لە لایەک و بەدیار کەوتنی ململانێ مەزهەبی و تایفەگەرێتی هۆزە عەرەبەکانی سوننە و شیعە دەمارگرژەکانی ناوەند و باشووری ئەم وڵاتە لێکهەڵترازاوەدا، وامان پێ دەڵێن کە هەولێر و بەغدا ئیتر هیچ شتێک بەیەکەوە نایانبەستێتەوە و گومان لەوەدانییە کە بۆ بەرژەوەندی هەردوولا باشتر وایە کە ئەم وڵاتە داماو و پڕ کێشەیە بە پێی بەرژەوەندیی دانیشتوانەکەی دابەش بکرێت. بۆیە بێ گومان جیابوونەوەیەکی شەرەفمەندانەی کورد لە عێراق باشترین چارەسەری سەرجەمی ئەو کێشانەی کە هەر لە سەرەتای لە دایکبوونی ئەم وڵاتە ناتەندروستە بەرۆکی سەرجەم نەتەوەکانی تریشی گرتۆتەوە. [ماددەی 140]ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، کە کورد بەشێکی گرنگ بوو لە سەر لە نوێی نووسین و داڕشتنەوەی ئەم دەستوورە، بۆ ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، بوو بە سەرچاوەی ناکۆکی هەولێر و بەغدا، ماددەیەک کە عێراق زۆر لێی پەشیمان بوو بە جێی کردنەوەی لە دەستووری ناوبراودا.
دوای هاتنی داعش و ئەو قوربانی و فیداکاریە بێ وێنەیەی پێشمەرگەی کوردستان، جێ بەجێکردنی ئەو ماددەیە بوو بە دیفاکتۆ. کورد نزیکەی(1.500) شەهیدی کردۆتە قوربانی لە پێناو گەڕاندنەوەی ئەو خاکەی کە بە زەبری هێز لێی زەوت کرابوو. حکومەتی هەرێم بە خوێن نەخشەیەکی نوێی لە ناوچەکەدا دروستکردووە، مەگەر تەنیا بەخوێنیش لێی زەوت بکرێتەوە! هەر بۆیەش دەکرێ بگووترێت کورد بەهۆی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە تاڵ و خوێناوییەکانی ڕابردووی خۆی و دوای قوربانیدانێکی کەم وێنە و بێ سنوور لە ڕاستیدا واپێدەچێ ئەم جارە لێزانانە خەریکی گرتنی گەورەترین ماسی لە دەریای لێل و ئاڵۆزی شەڕ و پێکدادانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. کاتێک بە هۆی هێرش و وێرانکاریی بەردەوامی دڕندەکانی داعش هەڕەشەی نەمان و ڕووخانی شاری کۆبانی لە ڕۆژئاوای کوردستان چەگەرەی کرد و زۆری نەمابوو کوردقڕانێکی تر لە لایەن دوژمنانی مرۆڤایەتییەوە ساز بکرێت، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرجەم لایەنەکانی ناو پەڕلەمانی کوردستان، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ هەڵسا بە ناردنی هێزێکی گەورەی چەکدار بەناو خاکی تورکیادا بۆ هاوکاریکردنی برا کوردە لێقەوماوەکانی خۆی لە بەشێکی تری نیشتیمانی دابەشکراوی دایکدا. بە گەیشتنی ئەم هێزە یارمەتیدەرە کە دەکرێ لە مێژووی کوردا بە شاکارێکی دەگمەن لە قەڵەم بدرێت، هەڵوێستە نەتەوەییەکانی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان جوولەیەکی ئاگرینی تێکەوت و هەر ئەمەش بوو بە هۆی ڕزگاربوونی کۆبانی و تێکشکانی داعشە خوێنمژەکان، هەر بۆیەش لەو ڕۆژە بەدواوە کۆبانی بۆتە سیمبولی ئازایەتی و فیداکاریی خوشک و برا پێشمەرگە و شەڕڤانە قارەمانەکانی کورد و کوردستان و وەک ئەستێرەیەکی گەش لە بەرگریکردن و کۆڵنەدان و بەرخودان لە ئاسمانی هەمیشە گەشی ئازایەتی دەدرەوشێتەوە.
دوای ئەوەی هەزاران ئاوارەی کوردی ڕۆژئاوا لە کوردستانی باشووردا پەناگەیەکی ئارامیان دۆزیەوە و تێیدا حەسانەوە، سەر لە نوێ هەڕەشەی دوژمنانی مروڤایەتی هۆکارێکی تازە بوو تاکو جارێکی تر کوردەکان لە بازنەی نەتەوەییدا یەکتر بگرنەوە، بۆیە زۆری پێنەچوو دوای کارەساتی جەرگبڕی ناوچەی شنگال و جینۆساید و کوردقڕانی خوشک و برا ئێزدییەکان لە ڕێکەوتی 3/8/2014، کوردانی سەرجەم پارچەکانی تری کوردستان و تەنانەت کوردەکانی تاراوگەش، ئەوەی لە توانایان دابوو، لە هاوکاریکردنی هاونەتەوە لێقەوماوە ئێزدیەکاندا، کەمتەرخەمییان نەکرد و هاوکات هەوڵی لە باوەش گرتنی ڕزگاربوانی ئەم کارەساتە دڵتەزێنەیاندا، بۆیە خودی ئەم کارەساتە بوو بەهۆی ئەوە تاکو سەرجەمیان لە یەک بازنەدا و لە ژێر سێبەری هەستی نەتەوەییدا کۆبوونەوە بۆ ساڕێژکردنی ئەم برینە قووڵە کە لە مێژووی ئەم گەلە دێرینە بە سەدان جار دووبارە بۆتەوە بێ ئەوەی هیچ کەسی کورد و غەیرە کورد بە فریایان کەوێ.
لە ڕاستیدا ئەم پەرتووکەی بەردەستی ئێوەی بەڕێز بەهاری کوردی توانیویەتی بەشێوەیەکی واقیعبینانە سەیری ئەو پێشکەوتنانەی ئەم دواییەی هەرچوار پارچەی کوردستان بکات و لێیان بکۆڵێتەوە. دەیڤید فلیپس ی دانەری ئەم پەرتووکە نایابە زۆر بە جوانی وێنەی داهاتووی کوردی کێشاوە و پێشبینی گەورەی کردووە کە زۆربەیان تا ئێستا هاتوونەتە جێ. ئەو لە چەند بەشێکی سەرەتای ئەم پەرتووکەدا، زۆر زانستیانە ڕابردووی کوردی هێناوەتە زمان و بە پشتبەستن بەم ڕابردووە نەخشەڕێی داهاتووی بۆ کورد پێشبینی کردووە. دواتر نووسەر دێتە سەر باسکردنی یەکە بە یەکەی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەو ڕژێمانەی کە کورد مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. نووسەر لە کۆتاییدا گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرەو پێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە فەزای نێودەوڵەتیدا و هەڵوێستی زلهێزەکان بەرامبەر ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان دەخاتەڕوو.
بە بۆچوونی ناوبراو، کورد لەو قۆناغە دەرچووە کە ئیتر ببێتەوە ژێر دەستی وڵاتێکی بێگانە و یاری پێبکرێت، چونکە ئێستا کورد خاوەنی نیمچە دەوڵەتێکی سەربەخۆیە لە ناو عێراقێکی پڕ لە کێشە و گیروگرفتدا، بۆیە لە کاتێکی نزیکدا دەتوانن دەوڵەتی خۆیان ڕابگەیەنن. کورد پێویستە بەشێوەیەکی زۆر وریایانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکات و سەرجەم ململانێ پوچەکانی ناوخۆ وەلابنێت و دەست بکات بە بنیادنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ قۆناغی دوای دەوڵەتبوون. چیتر کورد نابێت ئەو هەڵەیە بکات لەژێر چەپۆکی دوژمنان بڕیارە چارەنوس سازەکانی خۆیان بدەن و هەر تاقمێک ئەجێندایەکی جیاوازی هەبێت. پێویستە ئامانج و ئەجێندای هەموو لایەنەکان لە یەک بازنەدا بخولێتەوە، بازنەیەک کە هەموویان بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆیەکی نەتەوەیی بۆ بنیادنانی ئەو ئارەزووەی کە نەوەکانی داهاتوو چاوەڕوانی دەکەن و چاویان لە هەوڵەکانی ئەوانە. لەگەڵ هەموو ناڕەزایەتییەکاندا، لایەنە سیاسییەکان و هاوڵاتیانی کوردستانی باشوور، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی، پشتگیری لە پڕۆژەکەی سەرۆک بارزانی بکەن بۆ سەربەخۆیی و سەرجەم گلەییەکان وەلاوە بنێن تا دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بە کورتی ئاماژە بە بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەم پەرتووکە دەوڵەمەندە بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی بکەم؛ لە کاتی گەڕان و بەدواداچوونی کتێب و سەرچاوە تازەکان بەناو تۆڕی ئینتەرنێتدا سەرقاڵبووم، ناو و ناوەڕۆکی ئەم پەرتووکە ناوازە بەهاری کوردی زۆر سەرنجی ڕاکێشام. کە سەیری ساڵی بەچاپگەیاندنیم کرد(2015)، ناوەڕۆکە دەوڵەمەند و پڕ زانیارییەم خوێندەوە زیاتر بەکوردی کردنی ئەم بەرهەمەم بۆ ڕوون بووەوە چونکە دەگمەنن ئەو نووسەرانەی کە لەسەر دۆزی کورد بەشێوەیەکی ئاوا خێرا و ورد بتوانن پەرتوکێکی زانستیانە و بەڵگەمەند بنووسن. بەڕاستی نووسەری ئەم پەرتووکە بەرێز دەیڤید فلیپس ئازایانە قۆڵی لە بابەتێکی ئاوا ئاڵۆز و دۆزی گەلێکی لێقەوماو لە هەرێمێکی پڕ لە کێشە و گیروگرفتی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵماڵیوە و ئەم ئەرکە قورسەی خستۆتە سەرشانی خۆی و بەسەرکەوتوویی بە ئەنجام گەیاندووە. منیش وەک وەرگێڕێکی کورد، لە مانگی شوباتی 2016دا، لەکاتی خوێندنی ماستەر لە شاری غازی عەنتابی کوردستانی باکوور، بە پێویستم زانی کە دەبێ کاتێکی زێڕینی بۆ تەرخان بکەم. بۆیە ڕۆژانە لە هۆڵی پەرتوکخانەی زانکۆی غازی عەنتاب دەیان کاتژمێر بەبێ وچان خەریکی وەرگێڕانی دەقەکانی بووم تا توانیم لە مانگی ئایاری ڕابردوو کۆتایی بە کارەکانی بێنم. دیارە لەم ماوەیەدا هەوڵێکی زۆرم داوە کە کارەکە بە باشترین شێوە بە ئەنجام بگەینم و بیخەمە بەردەستی ئێوەی خوێنەری بەڕێز، بەڵام لەبەر ئەوەی کە هیچ بەرهەمێک نییە کەموکورتی تێیدا نەبێ، بە مەبەستی کەمکردنی کێماسییەکان لە لایەک و ئاشناکردنی هەرچی زیاتری خوێنەری کورد بە ژیانی چەندین سەرکردەی جیهانیی و هەرێمیی لە لایەکی تر، وام بە باش زانی کە هەموو ئەو کەسایەتیانەی دوور و نزیک پەیوەندیان لەگەڵ ئاراستەکردنی دۆزی کوردەوە هەبووە و هەیە، لە پەراوێزێکدا ئاماژەیان پێ بکەم بۆ ئەوەی خوێنەر ئاشنایەتیەکی لەگەڵ ژیانی ئەواندا هەبێت و لە کاتی پێویستیشدا بە ئاسانی بەدوایاندا بگەڕێت. هەروەرها لە هەر شوێنێک پێویست بێت ڕوونکردنەوەی تایبەتم لە سەر ئەو ڕووداوانەی کە لە دوای نووسینی ئەم پەرتووکە ڕوویانداوە زیاد کردووە. لە ڕاستیدا هەوڵێکی زۆر دراوە تاکو دەقەکان وەک خۆیان و بەوپەڕی بێلایەنی و ئەمانەتەوە بکرێن بە کوردیەکی سادە و ڕەوان بۆ ئەوی بەرهەمەکە تەنیا بۆ نوخبەیەکی تایبەتی کۆمەڵگا نەبێت، بەڵکو سەرجەم خوێنەران بە ئاسانی بتوانن لە وشە و دەربڕینەکان تێبگەن.
لە کۆتایی هەر بەشێکدا سەرچاوەکان بە زمانی ئینگلیزی ئاماژەیان پێدراوە بۆ ئەو خوێنەرانەی دەیانەوێت زانیاری زیاتر لەسەر بابەتەکان دەست بخەن، بەشێوەیەک کە لە پەرتووکخانەی کوردی پەرتووکی لەم جۆرە بە دەگمەن بەرچاو دەکەوێت. هەر زانیاریەک کە لە سەرچاوەیەک وەرگیرابێت، ژمارەیەکی بۆ دانراوە کە کاری خوێنەر ئاسانتر دەکات بۆ دۆزینەوەی هەمان بابەت لە سەرچاوەی لێوەرگیراودا بە هەمان ژمارە. سەرەڕای ئەمەش، ئەم پەرتووکە گەنجینەیەکی بەسوودە بۆ ئەو کەسانەی لە بواری توێژینەوەی زانستیدا کار دەکەن، لە کۆتایی پەرتووکەکەدا بە پێرستێک ئەو بابەتانەی زۆر گرنگن ئاماژەیان پێدراوە لەگەڵ ژمارەی ئەو لاپەڕانەی کە بابەتەکانی تیادا باسکراوە، واتە خوێنەر پێویست ناکات بۆ دۆزینەوەی زانیارییەک سەیری هەموو پەرتووکەکە بکات، بەڵکو ئەو بابەتەی کە دەیەوێت زانیاری لێ وەربگرێت، لە بەشی کۆتایی ئەم پەرتووکەدا ئاماژەی پێدراوە و بە ئاسانی دەدۆزرێتەوە.
هیوادارم پەرتووکی ناوبراو هەوێنێک بێت بۆ ڕوانینێکی تازە و بابەتیانە لە داهاتووی نیشتیمانی خۆشەویستی دایک بۆ بنیاتنانی یەکەم دەوڵەتی دانپێدانراوی کوردی لە مێژووی سێ هەزار ساڵەی مرۆڤ، بەڵکو لە سێبەری خوێنی شەهیدە سەرفیرازەکانمان بە لە دایکبوونی ئەم دەوڵەتە تازەیە چیتر گەلی هەمیشە چەوسێنراوی کورد لەژێر چەپۆکی دوژمنە زۆر و زەوەندەکانی نەمێننەوە و بە ئازادیی و سەربەرزیی لە داهاتووی خۆی و نیشتیمانە ڕەنگینەکەی بڕوانێت.
#سیروان حسێن بیەیی#