ساڵێکی تریش، ساڵی 2018 لەگەل هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی تێپەڕی. لە لایەکی تریشەوە ژیان بە هەموو ڕووەکانیەوە، بە باشی و خراپەکانییەوە بەرەو پێشەوە ئەجوڵێت. سەری سەدان ساڵە گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازادو یەکسان و شایستە تێئەکۆشێ. هەر چرکەیەکیش کە بۆ ئازادی و سەرفرازی خەرج ئەکرێت، بەهادارە. کوردو کوردستانیان بە درێژایی مێژوو بۆ ئامانجی هەرە مەزن کە ژیانێکی ئازادو بەختەوەرو شایستەیە، لە خەباتدا بوون و ئەو ڕەوتەش هەر بەردەوامە. هێشتاش گەلی کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو هیواو خۆزگە ڕەوایەی خۆی. بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ لەو ئامانجە نزیکتر ئەبێتەوە. لە ئێستاشدا ساڵ بەساڵ هیوای کوردستانیان مەزنتر و بەهێزتر و نزیکتر ئەبێت. چەرخی نوێ لە بەرژەوەندی کوردستانیان ئەسووڕێت.
داگیرکەران و نەیاران هەموو هێزی خۆیان خستۆتە گەڕ تاکو لە دژی کوردسان ئەنجامێک بەدەستبێنن. پیلان و پڕۆژەکانیان لە دژی کوردستانیان بەردەوام لە زیادبووندایە. هەتا گەلی ئێمە تێکۆشانی خۆی بڵندتر بکات، ئەوانیش هێرشەکانیان چڕتر و فراوانتر ئەکەن.
داگیرکەران لە ساڵی 1918شدا درێژەیان بە پەیمانەکانی ناوخۆیان لە دژی کوردان دا. بە مەبەستی لەناوبردنی دەستکەوتەکانی کوردستانیان، پیلانی چەپەڵیان داڕشت و هێرشیان کردە سەر کوردستان.
هێرشی دەولەتی تورکیا لە باکوری کوردستان بێ پسانەوە لە ساڵی 2018دا درێژەی هەبوو. لەبارامبەر ئەو هێرشانەشدا، لە پێشەوە هێزی گەریلاو هەموو دینامیکە کوردسیانیەکان، بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان کردو ئامانج و خەونەکانی هێرشبەرانیان پووچەڵ کردەوە. هەروەها لە بەرامبەر هێرش و زۆر وستەم و لە دژی گۆشەگیریی سەر بەڕیز عەبدوڵا ئۆجەلان، ئێستا لە زیندانەکانی تورکیا و لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، چالاکیی مانگرتن لە خواردن بەڕێوەئەچێت. ئێستا شۆڕشگێڕانی کوردستان زیندانەکانی داگیرکەرانیان کردۆتە مەیدانی بەرخۆدان. ئەم بەرخۆدانە چ لە زیندان یان لە بواری گەرلایی و سیاسیدا بێت، بەرخۆدانێکی بێ وێنەیە، پیرۆز و ڕەوایە.
لە باشووری کوردستانیش، دوای داگیرکرنەوەی #کەرکووک# و ناوچە دابڕاوەکان، کێشە و ئاڵۆزییەکان بە تەواوی چارەسەر نەبوون. سەرەڕای هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستانیش، بەڵام کێشەکان تا ئێستاش هەر چارەسەر نەکراون. بە داخەوە کە ناتوانین بڵێین ڕێبەرو هێزە کوردستانییەکان، لە داگیرکردنەوەی کەرکووک و ناوچەکانی تر دەرسیان وەرگرت و هەنگاویان بەرەوە یەکێتییەکی نەتەوەیی هەڵێنا. هیوای ئێمە ئەوەیە لە ساڵی نوێدا هەنگاوی جدیی بەرەوە یەکێتی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی بنرێن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، خۆپاراستن و تێکۆشانی گەل بەردەوامە. ڕژێمی ئێرانیش وەک تورکیا لەمساڵدا لە هێرشەکانی بەردەوام بوو. هێرشی کردە سەر باشووری کوردستانیش. گەلی کوردستان و هێزە کوردستانییەکان وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە و خۆشیان پاراست.
هەرچەندە ئێران بتوانی لە دەرەوەی خۆشی هێرش بکات، بەڵام لەو کێشەی ناوخۆیی قووڵدایە. لە ئەنجامدا ئەو کێشانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەبنە هۆکار بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکراسی و بەدیهێنانی ئاشتیی ئازادی.
هێرشی هەرە گەورەی داگیرکەران لە ساڵی 2018دا زیاتر لەسەر ڕۆژاوای کوردستان بوو. لە 20ی ژانویەی 2018دا دەوڵەتی تورکیا بە هەموو هێزی خۆیەوە دەستی بە هێرش بۆ سەر #عەفرین# و کرد. هێزەکانی پاراستنی گەل لە سەرانسەری هەرێمەکەدا بەرخۆدانێکی بێوێنەیان لە دژی ئەو هێرشانە کرد. بە هۆی نەبوونی چەکی دژە فڕۆکەی جەنگی لە دەستی هێزەکانی پاراستنی گەلدا، تورکیا توانی دوای 2 مانگ عەفرین داگیر بکات. بەڵام هەتا ئێستاش شەڕ و بەرخۆدان لە عەفرین هەر بەردەوامە. ئەو بەرخۆدانەش تاکو ڕزگارکردنی عەفرین هەر بەردەوام ئەبێت.
ئێستاش دەوڵەتی تورکیا هەڕەشە لە ڕۆژاوای کوردستان ئەکات. ئێستا دۆخی ڕۆژاوا جێگایەکی سەرەکی لە وتووێژە نێودەوڵەتییەکاندا گرتووە. هێزەکانی پاراستنی گەل بە هەمووشێوەیەک لە دۆخی ئامادەباشیدان. ڕێبەرە سیاسی و ئیدارییەکانی ڕۆژاواوش لە ناو کارو خەباتێکی فراوانی سیاسی و دیپلۆماسیدان. ڕۆژاوا لە هەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە هاوکاریی هەیە. پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژاوا لە ڕۆژاوای کوردسیان، خاڵی سەرەکییە. پێویستە هەموو گەلی کوردستان و هەموو هێزە کوردستانیەکان و دۆستانی دۆزی کوردستان، بەردەوام لە ناو کارو چالاکیدا بن. خاوەندارێتی لە ڕۆژاوا خاوەندارێتییە لە هەموو کوردستان.
پێویستە لە کۆتایی ساڵی 2018دا بەخۆداچوونەو لێپیچەنەوەی ناوخۆیی بکرێت. سەرەرای خەم و ژان و برینداربوونی گەلی کوردستان، کەموکوڕی و هەڵە لە سیاسەت و تێکۆشاندا هەبوو، بەڵام هەر سەرکەوتووبووین. گوتەی سەرکەوتن کلیلەو ئەبێ ئێمە لەسەر ئەو گوتنە سوورو بەردەوام بین. کوردان لەناو ئەو ئاگری شەڕو جەنگانەدا کە نەیاران و دوژمانان هەڵیانگیرساندووە، تێکۆشانێکی بێوێنە ئەکەن و سەرکەوتووبوون. هەرچۆنێک بێ ئەبێ کوردان هەر سەربکەون، چونکە لە دۆزی کوردستاندا جگە لە سەرکەوتن هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دی نییە. لە ئەنجامی سەرکەوتنە نەتەوەییەکانی کوردستانیاندا، دوژمنان ناکۆکیەکانی خۆیان خستۆتە لاوەو لەسەر نەهێشتنی دەستکەوت و نەبوونی گەلی کورد پیلان و نەخشەی داگیرکەرانە دائەڕێژن. لە بەرامبەر ئەمەشدا پێویستە هاوپەیمانیی ناوخۆیی کوردان پێکبێت. هەرچۆنێک بێت پێویستە کوردان کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان بە ڕێگای دیالۆگ چارەسەر بکەن. ڕێککەوتنی نێوان کوردان پیلانەکانی داگیرکەران و نەیاران پووچەڵ ئەکاتەوە.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەهیواین گەلی کوردستان، ساڵی نوێ، ساڵی 2018 بکاتە ساڵی تێکۆشانی زیاتر و بەهێزتر. پاشەرۆژی ئێمە ڕووناکییەو خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانیش بەرەو ڕووناکی هەنگاو ئەنێت. ئەو دەستکەوتانەی کە تا ئێستا بەدەست هاتوون بەشی ئەوە ئەکات کە هیوامان بە سەرکەوتن بەهیز بکات بگەینە ئامانج.
هیواخوازین ساڵی 2019 ببێتە ساڵی بە ئامانج گەیشتنی گەلی کوردستان.
دەبا ساڵی 2019 بۆ هەموو مرۆڤایەتی ببێتە ساڵی ئاشتی و تەبایی و دیموکراسی و یەکسانیی.
بەم بیرو هیوایەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو کوردستانیان و تەواوی جیهان ئەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ک.ن.ک
#31-12-2018#