ئازادی لە نەریتەوە دەسکاری ئەکرێ و عەدالەتیش لە دەسەڵاتەوە، ئیتر هەر یەکێ لە ئێمەش لەبەردەم دوو شەڕداین، بەڵام شەڕ لەگەڵ خۆت نەک لەگەڵ ئەوانیتر! یەعنی کۆت و بەندەکانی (نەریت و دەسەڵات) لە (خۆت) بکەرەوە نەک (لەوان)!
کاتێ لەخۆتی ئەکەیتەوە کەسێک ئازاد ئەبێت، بەڵام کاتێ لەوانیتری ئەکەیتەوە، ویستەکەت ئەبێتە کۆتێکی تر بۆ ملی ئەوان، چونکە ئەوە ویستی تۆیە نەک هی ئەوان، ویستی تۆش بۆ ئەوان نابێتە ئازادیی ئەبێتە سەپاندن!
(ویستی ئازادیی) ئەبێ تەواو خۆیی بێت، وەکو پەنجە مۆر، هی کەس بۆ کەس نابێت، بۆیە خێرت ئەگا وازلە ئازادکردنی ئەوانیتر بێنە.
ئازادکەری هەرکەسێک کەسەکە خۆیەتی، کەس ناتوانێ کەس ئازادبکات، چونکە ئازادیی کانییەکە ئەبێ لەناو تۆدا بتەقێ، بۆری و جۆگە نیە، لەدەرەوە ڕایکێشیت!
هەرکەس ویستی بۆری ئازادیت بۆڕاکێشی، ئەوە فریادڕەس و ئازادیخوازنیە، ئەوە دەجالی ئازادییەو تۆ لە چوارچێوەیەک دەرئەکا، بۆئەوەی بتباتە ناو چوارچێوەکەی خۆی! ئەو تەنیا چوارچێوەی دووەمت بۆ ناوئەنێ ئازادی و تۆش بڕوای پێئەکەیت، لەکاتێکا هیچ فەرقی نیە لەگەڵ چوارچێوەی یەکەم، لەوەدا کە بۆ تۆ ئازادیی نیە!
(ئازادی تۆ، لە بیرکردنەوەی تۆدایە، لە بیرێکی دەرەوەی تۆدا نیە! بۆیە بۆ ئازادبوون، کاری تۆ ئەوەنیە بیر وەرگریت، کاری تۆ ئەوەیە بیربکەیتەوە.)
شەڕ لەگەڵ خۆت، تۆ ئەبا بەرەو عەدالەتخوازی و ئازادیخوازی، بەڵام شەڕ لەگەڵ ئەو، هەردوکتان ئەبا بەرەو ڕق و دەمارگیریی، لە ڕق و دەمارگیریشدا پێش هەرشت عەدالەت و ئازادی ئەکەونە پەراوێزەوە!
دۆخی ئاشتیش هەرئەوەیە کە شەڕەکان ببەینەوە ناوخۆمان و لەگەڵ خۆماندا بیکەین. دۆخی شەڕیش هەرئەوەیە کە شەڕەکان ئەهێنینەدەرو لەگەڵ ئەوانیتردا ئەیکەین.
(لەبیرکردنەوەدا) شەڕی تۆ هەمیشە لەگەڵ خۆتدایەو (لەبیرنەکردنەوەدا) شەڕی تۆ هەمیشە لەگەڵ ئەودایە!
شەڕەکەی تۆ لەگەڵ خۆت، شەڕی خۆبوونە، شەڕەکەی تۆ لەگەڵ ئەوان، شەڕی خۆدەرخستنە، کێشەی خۆدەرخستنیش هەر ئەوەنیە کە خۆبوون نیە، بەڵکو خۆسەپاندنیشە!!
لە شەڕی خۆبووندا تۆ ئازادئەبیت، لە شەڕی خۆدەرستندا جگە لەوەی ئەوان ئازادناکەیت، خۆشت دیل ئەبیت، چونکە لەخۆدەرخستندا وێنەیەک بۆ خۆت دروستئەکەیت، ئیتر ئەبیت بە دیلی ئەو وێنەیە.
کاتێ تۆ خەریکی ئازادکردنی ئەوانیت، یەعنی تۆ خەریکی سەپاندنی فۆڕمێکی ژیانیت بەسەر ئەواندا، ئازادییش لە کورتترین مانادا یەعنی ناسەپاندن، جا لێرەدا ئەوەی کە پێویستی بە ئازادبوونەو لە ئازادیی تێنەگەیشتووە، تۆی ئازادیخوازیت نەک ئەوانی کۆیلە[1]!