خەونی من نەبوو لە سوێد بژیم، بەڵکو خەونی من ئەوە بوو، کە سۆسیالیزم لە دونیادا بەرقەرار بێت
ئامینە کاکە باوە: لەگەڵ ئەوەی لای وایە هەمیشە مرۆڤ بیری کەسوکاری دەکات و هەستی بۆ وڵات و شوێنی لە دایک بوونی دەجوڵێت، بەڵام به و پێیەی کەسێکی ئینتەرناسیۆنالیستە، دووری لە شوێنی لەدایک بوونی بەلاوە گرنگ نییە و لە هەر کوێیەکیش بژی، وەک وڵاتی خۆی تەماشای دەکات، بۆیە وابەستەبوون بە شوێنی لە دایک بوون بەلای ئەوەوە گرنگ نییە. (ئامینە کاکە باوە) پێی وایە شەرِ و کێشە و ئیهانەکردن بە مرۆڤایەتی و پرسی ژن و نەریتەکان و هەژاری لە وڵاتانی ناوچەکە، وای کردووە نەتوانێت لە وڵاتی خۆی دابنیشێت” له و وڵاتانە ناتوانیت هەناسەی ئازادی هەڵمژی، چونکە هەناسەت دەبرِن و دەنگی ئازادیت دەکوژن، دیارە بە خاتری ئەوە من خۆم لە سوێددا بینیوەتەوە، چونکە من بەهۆی کاری سیاسییەوە خۆم دەربەدەری وڵاتی خۆم کرد، ئەگینا پەیوەندی بەوەوە نەبوو، کە سوێد وەک وڵاتێک بۆ خۆشگوزەرانی هەڵبژێرم، من لە دەورانی لاوێتیمدا، هەر بیری ئەوەم نەدەکرد، کە ئەورِوپا هەیە، بۆیە خەونی من نەبوو لە سوێد بژیم، بەڵکو خەونی من ئەوە بوو، کە سۆسیالیزم لە دونیادا بەرقەرار بێت”. ئامینە وای بینی، ئه و ئازادی و مرۆ دۆستی و دیموکراسییەی لە سوێد هەیە لە زۆر وڵاتانی تری ئەورِوپیش نییە، ئەمە جیاوازی تایبەتمەندییەکانی سوێدە لە گەڵ وڵاتانی تر بۆ کار و ژیان تیایدا. به و مانایەی لەوێ مرۆڤ دەتوانێت ئازادانە خەبات بکات بێ ئەوەی کەس هەڵمەتێکی لە دژدا ئەنجام بدات و تۆمەتی سیاسی و کەسی بۆ ساز بکات، بەڵام هەروەک ئه و باسی کرد، لە وڵاتانی تر بۆ نموونە کوردستان، ناتوانیت به و شێوەیە کار بکەی بە هۆی بەرتەسکی مافەکانی کاری مەدەنی و نەبوونی ئازادی. (کاکە باوە) کە ئەندامێکی بال و ئەکتیڤی پارتی چەپی سوێدە، پێیوایە لە ناو پارتی چەپی سوێددا کارێکی زۆر بۆ کورد کراوە، هەروەک ئه و بۆ کۆواری باسکرد، پارتی چەپ یەکێکە له و پارتانەی زیاتر لە سی ساڵە خەباتی خۆی بۆ خەڵکی کورد تەیارکردووە و گووتی” یەکەم پارتی نێو پەرلەمانی سوێد بووە، لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە و دەستپێکردنی جینۆسایدی کوردان، هەڵوێستی هەبووە. یەکەم بەرپرسی کۆمیتەی داکۆکیکردن و بەدواداچوونی ئه و پرسە لە پەرلەمانی سوێد، سەرۆکی پارتی چەپ بووە و کاری بۆ ناساندنی ئه و پرسەکردوە و هەوڵی داوە کۆمەک بە کورد بکات”. بۆیە ئه و وای دەبینی، کە لازم ناکات کورد لە نێو ئه و پارتەدا هەبێت، تاکو کاری زیاتر بکرێت بۆ کورد، چونکە پەیام و پرۆگرامی پارتەکە بۆخۆی کار لەسەر پرسی نەتەوە ژێردەست و چەوساوەکان دەکات. ئه و وەک کوردێک پێی وابوو خەڵکی سوێد بەگشتی و حزبی چەپیش بەتایبەتی لە هەمبەر مەسەلەی کورد زۆر باشن. (ئامینە کاکە باوە) لە سەر لیستی پارتی چەپ، نزیکەی دوو ساڵ و نیوە ئەندام پەرلەمانی سوێدە، سەبارەت بە هەماهەنگی خەڵکی کورد بۆ گەیشتنی ئه و بە پەرلەمانی سوێد لە کاتی هەڵبژاردن، پێی وابوو، تەنها خەڵکی کورد ئەویان هەڵنەبژاردوە، بەڵکو ئەوانەی باوەرِیان به و دروشمانەیە، کە ئه و خەباتی بۆ دەکات، دەنگیان بە (کاکە باوە) داوە. ئه و زیاتر لەسەر ئەم پرسە دواو گووتی” خەڵکی کورد ئەمرۆ قەولت پێ دەدات، سبەینێ بەشێوەیەکی تر ڕای دەگۆرِێت، چونکە زۆربەیان پاشکۆن بۆ پارتەکان. دۆزی کورد لە وڵاتی سوێد هاواییە، هەروەک لە مێژوودا مەسەلەی کورد هەر وابووە، هەر وەختێک، ئەگەر بە نەفسی بوو قەول دەدات، وەختێکیش بە نەفسی نەبوو، ئەوە پەشیمانە، بۆیە دەرچوونی خۆم بۆ پەرلەمان لە سەر کورد حساب نەکردووە”. ئه و ژنە کوردە، خۆی بە کەسێکی ڕاشکاو بینی، بۆیە بێ پێچ و پەنا سەبارەت بە گرنگی بوونی کورد لە پەرلەمانی سوێد گوتی” پێویست نیە کورد لەنێو پارتی چەپی سوێددا بێتە پەرلەمانی ئه و وڵاتە، یا هەر بوونی هەبێت لە پەرلەمان، ئەمە شیعاری خەڵکانێکە، کە گوایە لە پەرلەمانی سوێد کار بۆ کورد دەکەن. لە پەرلەمانی کوردستان، کە پەرلەمانی خۆمانە، ناتوانین کار بکەین، چۆن و بۆ لە پەرلەمانی سوێد دەتوانی کار بۆ کورد بکەی؟ جا بۆیە من لەگەڵ ئەوانە نیم، کە دەیانەوێت بێنە پەرلەمانی سوێد کار بۆ کورد بکەن”. ئه و سیاسەتمدارە کوردە، سەرەرِای کاری سیاسی لە هەمان کاتدا وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی سەرقاڵی کاری کۆمەڵایەتییە لە بورای پرسی ژن و مافی مرۆڤ و منداڵان و کوشتن بە ناوی شەرِەفەوە، هەر بۆیە چەندین سیمیناری کردووە و فیلمی دایکانی شەهیدی نیشاند وە، بەتایبەت لە بارەی پرسی کورد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستی نواندووە، لە بارەی کوردستانی باشوریش، کاتێک کێشەیەک هاتۆتە پێشەوە، ئه و باسی کردووە و خستویەتیە بەر دیدی گشتی ئەوێ. سەرەرِای ئەمەش هەروەک ئه و خۆی باسی کرد، هاوپشتی خەڵکی کوردی کردوە دژی نەبوونی دادپەروەری و ستەم و زۆرداری و مافی دەربرِین و گووتی” دژی لەسێدارەدان و گرتن، کە لە ئێران و تورکیادا زۆرە وەستاومەتەوە، بۆیە هەر سەرپێچییەک بوو بێت من دەنگی خۆم هەڵبرِیوە و لە ڕێگەی نامە نووسینی کاراوە بۆ وەزیرەکان و هەتا بەرزم کردۆتەوە بۆ دەوڵەت و جێگە فەرمییەکان، بۆ ئەوەی مەسەلەی کورد وەک مەسەلەیەکی کاریگەر و سیاسی ببینرێت. هەر لەم ڕۆژانە، نامەیەکم دا بە وەزیری دەرەوەی سوێد لە بارەی ئه و حەڤدە کەسەی ئیعدامیان بەسەر دابرِاوتەوە لە وڵاتی ئێران”. هەرچی سەبارەت بە پرسی بەجیهانی نەبوونی جینۆسایدی کوردانە، (کاکە باوە) پێی وابوو، لە کاتی کارەساتەکە دەوڵەتانی دراوسێ، وڵاتانی ئەمریکایی و ئەورِوپایی، کە خۆیان دەستیان تێدابوو، نەیاندەویست باس لەم پرسە بکرێت، ئەمە بەشێکی گەورەی هۆکاری دەرنەکەوتنی وەک پێویستی پرسەکە بوون. هۆکارێکی تریش لە دیدی ئه و سیاسییەی کورد، پەیوەندی بە خەڵکی کورد و تەواوی پارتە کوردییەکانەوە هەیە، وای بینی”خەڵکی کورد خۆی چالاک نەبوە، حزبە کوردییە سیاسییەکان هەرچەندە دەیانتوانی کار بۆ ناساندنی ئه و پرسە بکەن، بەڵام چالاک نەبوون. هەمیشە من دەڵێم، حزبە سیاسییەکان شتەکانیان لە بەرژەوەندی هەژار و خەڵکی زەحمەتکێشدا نییە، هەتا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان وانیە، ئەگەر وابوایە دۆزی کورد بە جێگەیەکی تر دەگەیشت، ڕاستە کۆمەڵگەی کوردستان، کۆمەڵگەیەکی عەشیرەتگەری و مەزهەبییە، لە ڕووی ئابوورییەوە دواکەوتووە، بۆیە دیموکراسی هەروا بە ئاسانی دانامەزرێت و کار و چالاکی زۆری دەوێت، بەڵام سەرەرِای هەموو ئەمانەش دەیانتوانی زۆر کاری تر بکەن بۆ خەڵکی کورد، بۆیە ناکرێت لەم پرسەدا خەتاکە بکرێتە ملی خەڵکی ئەورِوپ و وڵاتانی تر، بەڵکو پەیوەستە بە خەڵکی کورد، کە نەیتوانیوە فشار دروست بکات، چ لە وڵاتەکەی خۆی، چ لە وڵاتانی دەرەوە”. ئه و ئاماژەشی بەوەدا، ئەوەی بۆ ناساندنی پرسەکە لە وڵاتانی ئەورِوپا کراوە، هەندێ پارتی وڵاتانی ئەورِوپا بوون، کە لە نێو خۆیان خۆپیشاندان و جۆرێک لە باسکردنیان هەبووە بۆ پرسی جینۆساید، بۆ نموونە یەکەم پارت، پارتی چەپی سوێد بووە، کە داوای کردووە ئه و مەسەلەیە فەرمی بناسرێت لە نێو نەتەوەکاندا. ئه و ئافرەتە سیاسەتمەدارە زۆر بە ڕاشکاوانە گوتی” پارتە سیاسییە کوردییەکان لەسەر ئەم پرسە گەورانەی نەتەوەی کورد کەمتەرخەمن، من خۆم زۆر ئومێدم پێیان نییە، نەک تەنها لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی تر، هەمویان پەرشوبڵاون و جێگەی ئومێد نین، چونکە هەر ڕۆژە و بەلایەک دا بادەدەن”. ئه و له و باوەرِدا بوو، ئەوەی کوردی دەستەوەستان کردووە و یەکێکە له و شتە ناخۆشانەی کوردی پێ دەناسرێتەوە، بریتییە لەوەی هەمیشە کورد چاوەرِێیە کەسانی تر کێشەکانی بۆ چارەسەر بکەن، چونکە بۆ خۆی لە ژێر دەسەڵاتی خەڵکی تر دایە، ئەگەر ڕۆژێکیش دەسەڵاتی خۆی بەدەست هێنا، ئەوا بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی، خەڵکی خۆی لە بیردەچێتەوە، لە تەنگانەشدا فشار دێنن بۆ خەڵکی ئەورِوپا و پەرلەمانانی وڵاتانی تر. ئه و سیاسییە کوردە، له و باوەرِەدا نەبوو، ڕۆژێک لە ڕۆژان دەوڵەتی گەورە و سەربەخۆی کورد دروست بێت، ئەوەشی بە خەون و وەهمی ناسیۆنالیستی کورد بینی و گوتی” خەڵکی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، خەون بە بوونی دەوڵەتەوە نابینن، ئه و خەڵکە هەژارە، خەون بەوەوە دەبینن، کە پێداویستی ژیانیان هەبێت و نەچەوسێتەوە و نەکوژرێت”، لە دیدی ئەودا، ئەمە بۆ خەڵکی کورد گرنگترە هەتا ئەوەی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئێستا ئه و وەک بەرپرسی پرِۆژەیەک کار دەکات، کە لە کێشەکانی ژنان و لاوانی پەناهەندەی سوێد دەکۆڵێتەوە، بۆیە پێی وابوو مەسەلەی ژنکوژی و باڵادەستی پیاو و ژێر دەستی ژن، مەسەلەیەکی جیهانی بەرفراوانە و تەنها بە کوردەوە بەند نییە، بەڵام لە کوردستان بەهۆی خراپی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی زیاتر دەرکەوتووە، جیاوازییەکەشی لەوەدایە، کە ژنکوژی لە کوردستان لەلایەن باوک و برای ژن خۆی ئەنجام دەدرێت. زیاتر لەسەر پرسەکە دواو گوتی” ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەگەر دە ئەوەندەی تریش بن، مادام ئەوان نەتوانن سەربەخۆ کار بکەن، مادام کۆمەڵگە لە پشتیان نەبێت و حزبە سیاسییەکان بە کردەوە پشتگیریان نەبن، ئەوا ناتوانن ئه و ئاگاییە بدەن، کە ئەم دیاردەیە و ئه و بارە کولتوری و کۆمەڵایەتییە بگۆرِن”. ئه و چالاکوانە ژنە، وای دەبینی، کە تاکو ئێستا کار نەکراوە بۆ بنبرِکردنی خودی کێشەکە و پێی وابوو، بوونی شەلتەر و سەنتەری وەخۆگرتنی حاڵەتەکان چارەسەری کێشەکە ناکات، بەڵکو پێویستە کار لەسەر خودی کێشەکە بکرێت و هەوڵبدرێت کۆمەڵگە لە کۆمەڵگەیەکی مەزهەبی بگوازرێتەوە بۆ کۆمەڵگەییەکی عەلمانی و گوتی” تاکو ئێستا ڕێکخراوەکانی ئافرەتان ناوێرن باس له و گۆرِانە بنەرِەتییە بکەن، من خۆم لە پەرلەمانی کوردستان، ڕووبەرِوو لە ژنانی ئەوێم پرسی، تاچەند لە نێو پارت و دەسەڵاتەکانیان ئامادەن کار بۆ نەهێشتنی مەزهەب و جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت بکەن؟ هیچیان نەیانوێرا وەڵامم بدەنەوە، بۆیە لە دیدی مندا بوونی شەلتەر و سەنتەر بۆ وەخۆگرتنی ژنی لێقەوماو و بەهاناوەچوونی ژنانی توش بوو بە توندوتیژی چارەسەری پرسەکە ناکات، بەڵکو وەستان لە سەر بیرکردنەوە و دونیابینی تاکی کورد و بەرپرس و دارێژەرانی پلان و ستراتیژییەتی کار لە کوردستان، بنەمای سەرەکییە بۆ چارەسەری پرسەکە”. ئه و وەک توێژەرێکی کۆمەڵناسی، جەختی لەسەر نەبوونی توێژینەوەی زانستی و کۆمەڵناسی کرد و وای بینی، لە هەر کۆمەڵگەیەک، توێژینەوەی زانستی نەبێت، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووە بە پێچەوانەی کۆمەڵگەی عەلمانی، کە زانست و زانیارییەکانی بۆ گۆرِان و بەرەوپێشچوون بەکار دێنێت و گووتی”بەداخەوە لە کۆمەڵگەی کوردی، توێژینەوەی کۆمەڵناسی و زانستی بۆ کێشە و پرسەکانی کۆمەڵ بوونی نییە، بۆیەشە کاتێک هەوڵێک دەبێت، ئەوا بکەرانی دووچاری کێشە دەبنەوە، هاوشێوەی نووسەری توێژینەوەی (ئۆقیانۆسێک لە تاوان) لە بارەی لەشفرۆشی، کە لە کوردستان هەڵات لەبەرامبەر ئه و فشارانەی لەسەری کەوتنەوە لەسەر ئەم توێژینەوە زانستییە”. ئه و بوونی دیاردەی لەشفرۆشی لە هەر کۆمەڵگەیەک بە ئاماژەیەک دانا بۆ بوونی هەژاری و چەوسانەوە و وای بینی، ئه و ڕایە ڕاستە، کە پێی وایە، لە کوردستان بەرپرسان لە پاڵ باند و دیاردەی لەشفرۆشین، چونکە ئەوان پارەدارن و سەرقاڵی کرِین و فرۆشتنی لەش و سێکسن و گووتی” من لە کوردستان سەردانی ئه و شەلتەرانەم کردووە، ئەوان هەموویان هەژار و نەدار بوون، نەوەک کەسانی دەوڵەمەند، بۆیە لە بەر هەژاری دەستیان داوەتە ئەم کارانە، ئەمانە هەموویان قوربانی ئەم کۆمەڵگایەن، کە پیاو مەجبوریان دەکات بەتایبەت دەوڵەمەندان. بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم دەسەڵاتداران، کە خۆشیان دەوڵەمەند و پارەدارن، لە پاڵ ئه و دیاردەیەن و خۆشکەری بازارِی لەشفرۆشین”. بارودۆخی پەنابەرانی کورد لە وڵاتانی ئەورِوپا و سوێد باش نییە، ئەوان بەهۆی جیاوازی شێوازی ژیان ڕووبەرِووی چەندین کێشە و گرفتی کۆمەڵایەتی بونەتەوە و چەندەها گرێی دەروونی بۆ تاکە کۆچکردووەکان دروست بوون. ئه و لەم بارەوە زیاتر دواو و گووتی” زۆرێک لە باوک و دایکان، بەتایبەت کوردانی باشور، ئاگایان لە منداڵانیان نییە و خەریکی پارە پەیداکردن و سیاسەتن، منداڵەکانیشیان له و کۆمەڵگەیەدا بەرِەڵاکردووە و تووشی دزی و درۆ و نەهامەتی و لادانی جۆربەجۆر بوونەتەوە و لە خوێندن دابرِاون و بوونەتە کێشە بۆ خێزان و وڵاتەکەش”. ئه و کە وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی کار دەکات، پێی وایە، لەوێش خێزانی کوردی کورِەکانیان تەواو ئازاد دەکەن و کچەکانیشیان تەواو کۆنترِۆل دەکەن[1].
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 3,457 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!