جاران لەهەولێر عادات و تقالید تازیە هەبوو لەو گێڕانەوەیەدا بزانە....
کرمانجەتی تازیەیان دەگۆتێ و شارستانیش تازیمانە. پرسە و فاتیحە و ئارامگەش نەبوو، هەبوو نەبوو قەبرستان بوو، عادەتەن قەبرەکی درێژی لێبوو دەیانگۆت هی ئەسحابانە و یەک دوو گومبەتی پیاو چاکی سەید و شێخ و مشایەخی بە چێورمەی لێ بوو.
دار زەیتونیشی لێبوو مێوو دارهەنجیریش هەبوو نەدەبوا کارکە هەنجیریشی لێ بخۆی و نەشدەبوا زۆر کێلی قەبرەکان بخیندرێتەوە دەیانگۆت زەینت کۆر دەکا.
مردن بەو شێوەی هەوکە نەبوو ئەوها فری بی، لەشەڕی(کورد و عارەب) کەزوو وەیان دەگۆتێ پێشمەرگەو خەڵک شەهید دەبوون مردن هەبوو. دەنا هەتاساڵی 1975یش کە خەڵک لەموسڵێ ئیعدام دەکران. مردن بەسروشتی خۆی لەپیرەمێرد و پیرەژنی پیر پیر تێپەڕی نەدەکرد. عادەتەن بەس باپیر و داپیر دەمردن.
بەتامپۆنی تڕومبێلیش کەم کەس دەمرد. سەیارە کەم بوو سەریعیش نەبوون ئاخیرەکەی ئەگەر لەڕێی بەغدایێ سەدو بیستیان قەپات بکردبوایە.
جادەکان چۆڵ بوون خەڵک پێی شەرم بوو لەسەر جادەی بڕوا و بەکەیفی خۆی لەخەتێ بداو بپەڕیتەوە و ڕەسیفەکان خاوێن و شوێن هامشۆی خەڵکی پیادە بوو پایسکل کەم بوو ماتۆڕ هەر نەبوو، خەڵکیش وەک هەوکە مەشغول نەبوو.
ژن لەدوای دوعای یا قەریبول فەرەجی مزگەفتێ تاک و تەرا لەسەر منداڵی دەمردن، ساڵێ جارێک یەک دوو کەس ئەگەر بکوژرابوایە، لەسەر جۆگەش یەک کەس لە گەڕەکی برایەتی کوژرا.
کە دارەبازە بە لێفی قوماش سیرمەی نافۆ بەسەرەوە بەسەرشانی چەند پیاوەکی لەماڵێ ڕا دەچۆوە مزگەفتێ و دوا جار بوو نەدەهاتەوە.
سەرتاپای ژنی جیران و هاوسەر و داک و پلک و مامۆژن و خاڵۆژن و براژنیش بەتایبەت خوشک و داک کیژ. بەنینۆکەکانیان لە ڕوومەتیان دەبردە خوارێ و دەیانڕووشاند و برینداریان دەکرد و یاخەی بەر سینگ و بەرۆکیان دادڕ دادڕ دەکرد و قوڕە شینی جۆگەی بەرماڵێیان بەسەری خۆ وەردەکرد و تیتک و بسکی خۆیان دەڕنیەوە و مووەکانی پرچیان هەر بەدەستی وەبوو ئەوجا بە چنگان دەکەوتنە سەر سەرو پۆتاڵکی خۆیان لەتاوان ئاگایان لەهیچ نەدەما دەبوا بیسەلمێنی چەند مردیەکەت خۆش دەوێ هەتا شل و کوت دەبوون لەسەر و مێشکی خۆیان دەدا!
هی مردنی سەید و شێخ وپیاوچاکان زیکریان لۆ دەکردن و دەوروێشەکانی حاڵیان دەگرتوو دەف یان لێدەداو شیریان بەڕووتی لەدەست بوو زەرگیان لەخۆ دەدا لەبەیرەقی پڕ لەئایەتی کەسکیان دەپێچانەوە.
ژنە هەولێریش بەوێنەی دایەرەی زیکر شینیان دەکرد و بە وەی شێرە لەیەکیان دەگێڕایەوە.
پیاو تۆزەک ئەهوەن تر بوو هەموو دەمامکیان دەکرد و لەبن دیواری لەسەر چینچکان! دەگریان لە ناشتنیش پێش ڕۆیشتن هەیان بوو خۆی بەسەر قەبرەکەی دادەداو هاواری دەکرد. بابەڕۆ کاکە ڕۆ پشتت شکاندم.
تازیە سێ ڕۆژ بوو لەگوندان حەفت ڕۆژ بوو.
پیاو لەمزگەفتێ دەمانەوە و قورعان و فاتیحا دەخوێندرا و چایە دەگێڕدرا و جغارەی لێبوو لەسەر سێنی ڕوودەکرا.
لافیتە و شتی وا نەبوو. هەر ماڵەک ئێوارێ ئەوەندە ڕۆژەی تازیەی بەسێنی خواردنی(شیوە غەریبە)یان دەبردە ماڵی مردیەکەی و دەیان خوارد.
ژنیش لەجیات فاتیحا و قورعان خیندنێ ژنی لێزان و دەنگ خۆش سەردولکەی لاواندنەوەی غەماویان بەکرێ دەگۆتەوە ئیتر شوملی هەموو ژنەکانی دەکرد بەبەژن و باڵاو جەرگ سووتانی داکی کۆست کەوتی و کەس و کاری دەگۆت تەفریخەکی نەفسی بوو لەڕووی دەروونی.
یەک پارچە دەگریان بەس هەرکەسە لۆ مردی خۆی!
هەر کە مێوانی ژنی تازەش دەگەیشتنێ یەک پارچە کەس و کارەکەی بەلەخۆدان دەچوونە پێشوازیان و ئەوانیش بەلەخۆدان دەهاتنە ژۆرێ.
جلکی ڕەنگاو ڕەنگ نەدەما یەک پارچە هەتا چەند ساڵ هەبوو ڕەشپۆش دەبوو.
ئەگەر خۆ ڕەحمەتی خزمی دەرەجە یەکی ژنەکە با، ئەوە هەتا چل شەوی، چلەی دەچوو ژنە خۆی نەدەدا دەست مێردی!
ئەو عادەتە پتر ناو دەشتەکیان هەبوو.
لەکۆیەش، جاران تا ساحیب تازیە خۆی نەشووشتبا شەرم بوو جیران خۆی بشووشتبا.
لۆ پیاوانیش لە ڕۆژی سێیەم تاقمی تراشیان دەبرد کەس وکاری پیاوی مردیەکەی ڕدێنیان پێ دەتراشین.
بەگشتی دەیانگۆت مردن وەک گرد و چیایە هەر ڕۆژێ لەگردەکی ئاوا دەبی و دوور دەکەویتەوە لۆ سێبوری.
دوایێ لە چلە و چارشەمانیش نانو حەڵوای پوشکەی لەسەر قەبران تەوزیع دەکرا
لۆ ساڵەکیش ڕادیۆن هەڵدەگیر و لەماڵەکانی تریش دەنگی ڕادیۆ بڵند نەدەکراو ئەوەی تەلەڤزیۆنیان هەبوا دایان دەپۆشت.
خەڵک بەچاوی ڕێز و سۆز و میهرەبانیەوە دەیانروانیە کەس و کاری مردیەکە.
بەگشتی ئەودەم مردن زۆر ڕێزی زیاتری هەبوو لە ژیان
یوسف عوسمان عەزیز