ئەردۆگان و کەوا سوورەکانی لە کوردستان و جیهان
نووسینی: #محەمەد هەریری#
چاپی ئەلکترۆنی یەکەم: حوزەیران 2021
دیزاینی بەرگ و ناواخن: هادی هونەر
ئەگەر بێ ترس وبێ موجامەلە بڕوانیتە بوونی ئیسلامییەکان و حزبە ئیسلامییەکان، لە هەر بوارێک لە بوارەکان، تەنها زەرەر و زیانەکانیان دەبینیت.
تۆ بڕوانە سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە کورد چەندە ستەمی لێ دەکرێت بە دەستی دوژمنانی، بە تایبەتی ئەردۆگانی تورک، کە هەتا خەڵکی بێگانە ترامپ و زۆر لە سیاسەتمەدارانی جیهان، هەستیان پێکردووە وبە نوکتە باسی ڕقی ئەردۆگان لە کورد دەکەن، هەتا بەو دوایە دیتتان کوڕی نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، بۆ وەڵامدانەوەی لێدوانە عەنتەریە بێ کردەوەکانی ئەردۆگان، تەنها ئاڵایەکی کوردی لە ئەکاونتەکەی بڵاوکردبوەوە، و ئەردۆگانیشی تاگ کردبوو! کەچی هێشتا ئیسلامییەکان بەوپەڕی بێ شعورییەوە پشتگیری ئەردۆگان و سیاسەتە دوژمنکارەکانی دەکەن، تەنها لەبەرئەوەی ئیسلامییەکان ختوکە دەدات بە قسە و هەندێ کردەوەی دۆنکیشۆتی بێ ناوەرۆک.
سەدان وتار بە هەموو زمانەکانی دنیا و هەزارەها بەڵگە هەیە لەسەر پەیوەندی پتەوی ئەردۆگان و ئیسڕائیل وزایۆنیزم، کە بەشێکی لەو کتێبەش باسکراوە، کەچی هیچ کار لە وەلائی ئیسلامییەکان ناکات بۆ ئەردۆگان!
وڵاتەکەی لە بازرگانی لەشفرۆشی پێش هەموو ئەوروپاش کەوتۆتەوە، کەچی مێشێک مێوانی ئیسلامییەکان نییە!
بە ئاشکرا هاوپەیمانی لەگەڵ حزبێکی گڵاوی فاشیستی وەک حزبەکەی باخچەلی دەکات، کەچی موێک لە سمێڵی ئیسلامی سیاسی ناجوڵێنێ!
دڵسۆزانی نیشتیمان وگەل پێکەوە، توانیمان تا ڕادەیەکی باش ئارەقەی شەرمەزاری بە خۆفرۆشە زلەکانیان بکەین، بڕوبیانوو بهێننەوە بۆ خۆسوک کردنیان و خۆفرۆشیان، کەچی ئێستاش بەردەوامن لەسەر بەرهەمهێنانی ڤێرژنی نوێ لەو خۆفرۆشانەی بە تایبەتی ناو ئیخوانیە کوردییەکان، تازە بەو درەنگانە ڕۆژانە بە شان و باڵی ئەردۆگان هەڵدەدەن!
ئەوە چ نەگبەتیەکە بۆ کورد، کە هەتا مافیا و پیاوکوژ وموجریمەکانی تورک نیشتیمان وگەل پەروەرتر بن، لە کوردە ئیسلامییەکان!
ئەو کتێبە زۆربەی ئەو بابەتانە بەخۆ دەگرێت، کە لە دژی ئەو خۆکردنە بە کەوا سووری بەر لەشکری ئەردۆگان نووسراوە. ئەوانە هێشتا نمونەن، دەنا ئەگەر لەسەر هەموو خۆفرۆشییەکانیان بوەستاباین، بە چەندین موجەلەد تەواو نەدەبوون.
[1]