نۆزدە ساڵ بەسەر کارەساتی خێڵی حەمە تێپەر دەبێت و لە ڕۆژێکی وەکو ئەمرۆدا لە 23ی ئەیلولی ساڵی 2001 دا دوژمنانی ڕووناکی و ئارامی و ئاسایش بێگوێدانە بەهاکانی مرۆڤایەتی، تیرۆرستانی جندالاسلام و انێار الاسلام دەستی ڕەشی تیرۆریان گەیاندنە گوندی خێڵی حەمە و بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە 43 پێشمەرگەی ی.ن.ک-یان لە ناوچەی شارەزوور بەدیلی شەهید کرد و دواتر تەرمەکانیان شێواندن.
لە کاتێکدا یادی ئه و کارەساتە دەکەینەوە وەک سەرۆکایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆمان بە قەرزاری خوێنی شەهیدان دەزانین و سەری ڕێز لە ئاست گەورەیی ئه و شەهیدانە و شەهیدانی شەڕی تیرۆر و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین.
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان !
یەکێتی وەک لایەنی سەرەکی و یەکەمی قوربانی دەستی تیرۆر و شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەمیشە لەبەرەی پێشەوەی دژبەتاریک پەرستان و دوژمنانی ئازادی بووە، یەکێتی یەکەم هێزی کوردستان و عێراق-یش بوو لەدژی تیرۆر وەستایەوە لە خانەقین تا مەخمور و لە ڕۆژئاوا و کۆبانیش هێزی پێشمەرگه و دژەتیرۆر و هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ ڕووبەڕووی داعش بونەوە و بەسەریا زاڵبوون و سەدان شەهیدیشمان بەخشی بەکوردستان، لەداهاتووشدا بەردەوام دەبین و هەموو هەوڵێکمان بۆ سەقامگیری سیاسی و ئارامی و پاراستنی هەرێمەکەمانە.
چونکە ناکرێت مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆرو خۆڕێکخستنەوەیان لەبەرچاونەگیرێت چونکە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەبێ یەکڕیزی نابێت و تا کۆتاییهێنان بە ڕەگ و ڕیشەی بیری توندڕەویی، تیرۆر بەردەوام دەبێت.
بۆئەوەش پێویستی بەردەوامی و هەماهەنگی زیاتری هەمەلایەنەی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوپەیمانان دووپاتدەکەینەوە و بەپشتیوانی خەڵکی خۆمان کوردستانەکەمان دەپارێزین و مەرامی ناحەزان و تیرۆریستان لەگۆڕدەنێین و کاربۆ کوردستانێکی ئاوەدانترو ئارامتردەکەین.
لەمڕۆژەدا بە پێویستیشی دەزانین هەموولایەک دڵنیابکەینەوە کە گوزەرانی خانەوادەی شەهیدان بە ئەولەویەتی کارەکانمان دادەنێین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ باشترکردنی بژێوی ژیانیان و خزمەتکردنی زیاتریان.
دووبارە سەری ڕێزو نەوازش لەسەر کێلی سەربەزی شەهیدانی کارەساتی خێڵی حەمه و شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنین و ڕێزی بێ پایانمان بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان.
سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان[1]