رێگای ڕیاییشم لێ ئەگری
لە دەوری خۆی حکومەتی عوسمانی لە عێراق خوکمی ئەکرد، عەشیرەتی (هەمەوەند) لە حکومەتی عوسمانی یاخی بوو، شەست سواری هەمەوەند دێنە ماڵی (کوێخا حسێن) باوکی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی، کوێخا حسێن ئەڵێ: یاخوا بەخێربێن هەر عەشیرەت باوکی عەشیرەتە، هەر عەشیرەت پشتیوانی عەشیرەتە بەخێرهاتن، لەو کاتەدا پیاوێکی گوندی(بانیماران) دێتە گوندی(شاخەپیسکە) بەکوێخا حسێن ئەڵێ: مام کوێخا پێنج سەد سواری حکومەتی عوسمانی وا لەلای ئێمەیە لەدوای ئەو هەمەوەندانە ئەگەڕێن، کوێخا حسێن بەسەرۆکی هەوەندەکان ئەڵێ، کابراش بە کوێخا حسێن ئەڵێ: بەخوا بەخوا ئەگەر قسەکەت ڕاستبێ بەڕاستی خزمی ئەگەر درۆش بکەی واچاکە گوێیەکت ببڕی کوێخا حسێن ئەڵێ: باوکم ئەپیاوە وائەڵێ کە لە کابرا ئەپرسن پیاوەکە ئەڵێ: بەڵێ پێنج سەد سواری تەواوە، هەمەوەندەکان بەخێرایی هەڵئەستن سوار ئەبن و ئەڕۆن، زۆری پێ ناچێ سوارەکانی حکومەت دێن دائەبەزن، دووبارە کوێخا حسێن بەوانیش ئەڵێ: یاخوا بەخێر هاتن هەر حکومەت باوکی فەقیر و هەژارە خۆ ئەگەر حکومەت نەبێ ئەو سەگبابانە پیاو ئەخۆن لەو کاتەیا کوێخا حەوێز ڕوئەکاتە باوکی و ئەڵێ: بابە تۆ لەلای سوارەکانی هەمەوەند هەر وەکوو ئێستات ئەوت بۆچی لەلای ئەوانەش هەر وا ئەڵێی؟ کوێخا حسێن ئەڵێ: کوڕە تۆ ڕێگای ڕیاییشم لێ ئەگری چۆنی بۆ خۆم چاکە وا ئەڵێم تۆ حەقت چییە؟.
سەرچاوە: #خەم ڕەوێن، بە سەرهات و قسە خۆشەکانی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی#، نوسینی: مراد شاخە پیسکەیی، هەواێر، چاپخانەی شارەوانی هەولێر، ساڵی 1976ز، لاپەڕە(18-19)[1]