بە تەمای پێشم بکەوی
سەید ئەحمەدی بابە ڕەسووڵ، یەکێک بوو لە ساداتی سولەیمانی لە دەوری حکومەتی عوسمانی ویستی ببێ بە(قائمقام)ی ڕانیە، حکومەتیش بەڵێنی پێ دابوو، (حەمە ئاغای غەفوری)یش خۆی بە خاوەنی(دەشتی بیتوێن) ئەزانی، سەید ئەحمەدی ئاگادار کرد، کە دەست له و خەیاڵە بەردا، کە سەید ئەحمەد ئەوەی بیست ئەوەندەی تر لەسەر ئیشەکە ڕشت بوو، حەمە ئاغای غەفوری لەشکری(خۆشناو) و (بڵباس) و(ئاکۆ)ی کۆکردەوە، سەید ئەحمەدیش لەشکری لە(میر ئاودەلی) و(جافەڕەشکە) و(هەمەوەند) و(شێخ بزێنی) و ووردە عەشایرەکانی لیوای سولەیمانی ڕاپێچەکدا لە ڕاستی(دووکان)ەوە لە(زێی گچکە) پەڕییەوە ڕوویان کردە(دەشتی بیتوێن) لە بناری دێهاتی(خدران) و(مێوژە) لەگەڵ لەشکری(حەمە ئاغای غەفوری) تێک هەڵچڕژان، دەشتی بیتوێنیان ئاوردا لە هەموو لاوە بەکەم دەمێک لە شکری(حەمە ئاغا) شکا و لە جێگای خۆی هەڵقەندرا، کوێخا حەوێزیش لەگەڵ لەشکری(حەمە ئاغا) بوو، ئەویش مەیدانی بەجێهێشت بەره و کۆیە ملی ڕێگای گرت کاتێک گوێ ڕائەگرێ ئەوە یەکێک لە دواوە بانگ ئەکا ئەڵێ: مام کوێخا ڕاوەستە هەڵمەیێ، مەترسە هیچ نییە، کوڕە مام کوێخا پیاوی باشبە، ڕاوەستە کوێخا حەوێز کە ئاوڕ ئەداتەوە ئەبینێ ئەوە سوارێکی کۆیی یە، یاڵی بە ماینەکەی گرتووە، تاوی ئەدا مشکییەکی لە ملی ئاڵاوه، ڕکێف لە ماینەکەی ئەدا و هەر ئەڵێ: مام کوێخا ڕاوەستە و مەترسە، کوێخا حەوێز ئەڵێ: بە خوا بە هەڵە چووی وادیارە بە تەمای پێشم بکەوی، ئیتر لەشکری(حەمە ئاغا) شکا و ئیشی سەید ئەحمەدیش نەبوو، حکومەت ویستی زیانی حەمە ئاغا ببژێرێ بەڵام حەمە ئاغا نەیویست ووتی: من زیانم لێ نەکەوتووە مادام ئیشەکەی سەید ئەحمەد سەری نەگرت.
سەرچاوە: #خەم ڕەوێن، بە سەرهات و قسە خۆشەکانی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی#، نوسینی: مراد شاخە پیسکەیی، هەولێر، چاپخانەی شارەوانی هەولێر، ساڵی 1976ز، لاپەڕە(29-30)[1]