ئامادەیی ئەکتەر لە نمایشی دوورترین شاری جیهان
نوسەر: #حەمەسوار عەزیز#
یەکێک لە گرنگترین کەرەستەکانی گێڕانەوە لە نمایشی مۆنۆدراما، ئەکتەرو ئامادەیی ئەکتەرە لە بونیادنانی جەستەی نمایش، ئەکتەر لە مۆنۆدراما وەزیفەکەی فرە لایەنەو دەبێت توانای هەبێت تەواوی پڕۆسەی بونیاتنانی درامی لە نمایشەکە بۆ بینەر بگوازێتەوەو بۆشایی ئەو کارەکتەرانە پڕ بکاتەوە کە ڕووداوەکان ئاماژەیان پێدەکەن، بۆ ئەمەش پێویستە لە تەرزی گێڕانەوەدا ئەکتەر خۆی لە میتۆدی ناوەکی ستانسلافسکی بپارێزێت و هەوڵبدات بە ڕوانگەیەکی برێشتیانە بەرجەستەی کارەکتەر بکات و پێشکەشی بینەری بکات، لە هەمانکات بتوانێت ئامادەیی خۆی وەک دروستکەرو داهێنەری کارەکتەر لەسەر شانۆ بدۆزێتەوەو لەناو قەرەباڵغی کارەکتەرەکان ونی نەکات و نەکەوێته پەراوێزەوە. سەمانە میرزایی لە نمایشی دوورترین شاری جیهان بە تەواوی ئەو ئامادەییەی ئەکتەر لەنێو پڕۆسەی داهێنان و بەرجەستەکردنی کارەکتەر دەپارێزێت و هەمیشە ئەوەی کە وەک کارێزما لەسەر شانۆ دەردەکەوێت سەمانە میرزاییە، لەم نمایشە هەمیشە ئامادەیی کارەکتەر یەکسانە بە ئامادەیی بەهێزی ئەکتەر، ئەکتەریش لە ڕێگەی ئەدایەکی (دەرەکی--تەقدیمی) کار لە بونیاتنانی ئەو کارەکتەرانە دەکات کە ڕووداوەکانی نمایشەکە بونیاد دەنێن، لە هەمووشی گرنگتر بەدرێژایی شانۆنامەکە سەمانە وەک ڕەگەزی مێ و ژنێک ڕەفتار ناکات و نمایش ناباتە نێو ڕووبەری فیمینیزمی و چەوساندنەوەی ژن، ئەو زیاتر وەک مرۆڤێک ئازاری بێ شوناسی و بێ ناسنامەیی مرۆڤی کورد وێنا دەکات، لە سەفەرێکدا کە زیاتر سەفەرێکی کەونییە و لەنێو زەهنیەتی ئەکتەر ڕوودەدات، ئەو توانایەکی تایبەتی هەیە لە ڕاگرتنی تیمپۆی نمایش و ڕێکخستنی شێوازی گێڕانەوەو بردنەپێشەوەی ڕووداوەکان، سەمانە وەک ئەکتەرێکی خاوەن کاریزما و بە متمانەیەکی زۆرەوە پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لەگەل بینەرو تەماشاڤان دەبەستێت و بە تەواوی کۆنتڕۆلی هەست و نەستی بینەر دەکات و سات بە سات لەگەڵ خۆی دەیبات بۆ تەواو کردنی ئەو سەفەرەی کە لەنێو ڕووبەری ئەنتۆڵۆژیا و کەینونە دەستیپێکردووە، ئەمەش کارێکی ئاسان نییە و ئەکتەر پێویستی بە کەرەستەی زۆر و ناوازە هەیە تا بتوانێت بینەر لەگەڵ خۆی ببات و مەودا نەکەوێتە نێوان ئەکتەرو بینەر. ئەم ئەزموونە ئەوە نیشان دەدات کە چەند گرنگە ئەکتەر شارەزای ئەو متۆدو فۆرمە شانۆییە بێت کە تیاییدا نمایش دەکات، ئەگەر لەم نمایشە سەمانە وەک ئەکتەرێکی ڕیالیستی و بە ئەدایەکی ناوەکی کارەکتەرەکانی وێنا بکردبایە، ئەوە بێگومان توشی جۆرێک لە ناتەبایی دەبوو لەگەل فۆرمی گێڕانەوەی درامی لەم تێکستە شانۆییە، بۆیە ئاگایی ئەکتەرو شارەزابوونی لە مێتۆد بنەمایەکی گرنگی سەرکەوتنی ئەکتەرو قەناعەتپێکردنی بینەرە لە نمایشی شانۆیی، بۆیە بە شایستەییەوە سەمانە لەم ڤێستیڤاڵە خەڵاتی باشترین ئەکتەر دەباتەوە، کە بەبڕوای من سەمانە باشترین ئەکتەر بوو لەم فێستیڤاڵە نەوەکو تەنها باشترین ئەکتەری ژن.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 221 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!