شانۆی کوردی لە بەرەنگاربوونەوە بۆ بۆشاییەکی کوشندە
#حەمەسوار عەزیز#
یەکێک لە قورسترین بڕیارەکان بۆ شڕۆڤەکارێکی شانۆیی ئەوەیە کە نمایشێکی شانۆیی یا قۆناغێکی دیاریکراوی کاری شانۆیی بخاتە ژێر ئەدرەسێکی دیاریکراو، یا بازنەیەک بەدەوریدا بکێشێت و بەشێوەیەکی ڕەها شانۆ بە ناونیشانێکەوە ببەستێتەوە و هەوڵبدات لەو چوارچێوەیەدا تیۆررێژی بۆ بکات.
شانۆ بەدرێژایی مێژوو کار و کاردانەوەی بەسەر هەموو بووارەکانی ژیاندا هەبووە و هەمیشە شانۆ چەمکێکی ئاڵۆز بووە کە قوڕس بووە بە تاکە لۆژیکێک ببەسترێتەوە، شانۆ لەو کاتانەی کە بەشێک بووە لە ئاهەنگە ئایینییەکان و دەروازەیەک بووە بۆ بەرزڕاگرتنی خوداوەند و پاڵەوانە نیوخوداوەند و ئەفسانەکان، هەر لەو کاتەشدا باندۆر و کاریگەریی زۆری بەسەر لایەنە فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە هەبووە.
ئەگەر لەڕووی فۆڕمەوە سەیر بکرێت دەبینین هەموو ئەو بنەما و یاسا و ڕێسایانەی کە بۆ شانۆ و نمایشی شانۆیی نووسراونەتەوە و داهێنراون، جگە لە پەیبردن بە حەقیقەتێکی بچووکی شانۆ شتێکی تر نەبووە، هەمیشە حەقیقەتە مەزنەکەی شانۆ لەوەدا بووە کە هەموو یاسا و ڕێساکان ڕەت بکاتەوە و هەموو بنەماکانیش بەدیواردا بدات.
ئەگەر هەڵوەستە لە سەر شانۆی کوردیش لە باشووری کوردستان بکەین، شانۆ هونەرێک نەبووە زادەی مەعریفەت و دونیابینیی تاکی کورد بێت و هەڵقوڵای نێو فەرهەنگ و کلتووری کوردی بێت، شانۆ لە کوردستاندا هونەرێکی خوازراو بووە و لە ڕێی بینیینەوە گوازراوەتەوە نێو گۆڕەپانی فەرهەنگی کوردی و کارەکتەرەکانیشی لەو قۆناغەدا کەسانی ڕووناکبیر و خوێندەوار بوون، بەڵام شانۆکار نەبوون، بەو مانایەی ئەو کەسانەی کە کاری شانۆییان دەکرد نە پێشتر لە شوێنی تر کاری شانۆییان کردبوو، نە بەشێوەیەکی ئەکادیمی شانۆیان خوێندبوو، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئەو کەسانە خەڵکانی ڕووناکبیر و شاعیر و ڕۆژنامەنووس و چیرۆکنووس بوون، بەحوکمی ئەوەش کە کورد هەمیشە خاوەن پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بووە و خەباتی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی دەکرد، زۆرینەی ئەو کەسانەی کاری شانۆیان دەکرد لە سیاسەت دوور نەبوون، بۆیە شانۆی کوردی هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە وەک بزاڤێکی کلتووری کۆمەڵایەتی، بە هیچ شێوەیەک لە سیاسەت دوور نەبووە و هەمیشە مینبەرێکی بوێر و گۆڕەپانێکی فراوانی خەباتکردن بووە بۆ پاڕاستنی پێناسەی نەتەوەیی تاکی کورد و بەرگریکردن لە زمان و فەرهەنگ و مێژووی کورد وەک میللەتێکی جودا لە عەرەب و فارس و تورک.
لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووشدا کە قۆناغی تازەی شانۆ لە کوردستان دەسپێدەکات و شانۆ لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتی نەشونمایەکی بەرچاو دەکات و گرووپ و تیپی هونەری لەکوردستاندا سەرهەڵدەدەن، بارودۆخی سیاسیی ئەو کاتە ئازادییەکی زیاتر بە شانۆکار دەبەخشێت و شانۆ ڕاشکاوانەتر باس لەپرسی نەتەوایەتیی کورد دەکات، دواتریش کە بارودۆخی سیاسی دەگۆڕدرێت و شەڕی کورد و ڕژێمی بەعس دەست پێدەکاتەوە، شانۆی کوردی بوێرانەتر کار دەکات و پەنا بۆ سیمبول دەبات و لەڕێگەی ئاماژە و نموونەی جیاوازەوە، گیانی بەرەنگاربوونەوە و چۆک نەدان بە تاکی کورد دەبەخشێت و لە پاڵ چەمکە ئەدەبی و هونەرییەکانی فەرهەنگی کوردی، کاریگەریی بەرچاویان دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی تاکی کورد و جۆشدانی خەباتی میللی خەڵکی کوردستان.
نموونەی زۆریش لەمبارەوە لەبەر دەستدان کە زۆرێک لە نمایشەکان کاریگەری زۆرییان بەسەر بارودۆخی سیاسی ئەو کاتە جێهێشتووە و تەنانەت زۆرجار نمایشەکان لە لایەن ڕژێمەوە وەستێنراون و هەندێکیشان فاکتەرێکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ تەقاندنەوەی جموجۆلی جەماوەری و ڕاپەرین بەڕووی ڕژێمی بەسەرچوو.
ئەوەی زیاتر بۆ من جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە شانۆی کوردی ئەگەرچی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا وەک شانۆی بەرەنگاربوونەوە دەرکەوتووە و کاریگەری بەسەر ڕەوشی سیاسی و تەنانەت عەسکەری ئەو کاتەی شەڕی نێوان کورد و بەعس هەبووە، بەڵام لە لایەکی ترەوە شانۆی کوردی نەیتوانی وەک پێویست سوود لە فەرهەنگ و مێژووی دێرینی کورد و ئەو هەموو چیرۆک و ئەفسانە و داستانە پڕ شکۆمەندییانە وەربگرێت و وەک کەرستەیەکی خاو جارێکی تر لەنێو چەمکی نمایشی شانۆیی دایانبڕێژێتەوە.
ئەگەر بە وردی لەو نمایشە شانۆییانەش ڕابمێنین کە لە فەرهەنگ و مێژووی کوردی وەرگیرابوون، دەبینین جگە لە کرداری گواستنەوەی چیرۆک لە سەرزار و نێو بەیتەکان بۆ سەر شانۆ، کردارگەلێکی تر نابینین کە تیاییدا شانۆکاری کورد وەک داهێنەر مامەڵەی لەگەل ئەو فەرهەنگە کردبێت و لە کردەیەکی هونەری و جوانبینیدا هەوڵیدابێت فۆڕمێک بۆ شانۆی کوردی و کارەکتەرێکی تایبەت بە تاکی کورد لەنێو ئەو چەمکەی کە پێی دەوترێت شانۆ بینا بکات.
بەداخەوە مامەڵەکردنی هەندێک نووسەر و دەرهێنەر لەگەڵ مێژوو و فەرهەنگی کوردی ئەوەندە مامەڵەیەکی ڕووکەشانە بووە کە جگە لە گواستنەوەیەکی مردوو شتێکی تریان لەنێو ئەم فەرهەنگە مەزنە بەرهەم نەهێناوە، بەڵام بەدەر لەمانە بەشێک لە شانۆکارانی کورد لەژێر کاریگەریی کۆمەڵێک کارەکتەری شانۆی عێراقی و عەرەبی هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی جیاوازتر ئەو پەپوەندییە لەنێوان فەرهەنگی کوردی و شانۆی کوردی دروستبکەن، لە کاتێکدا کە خەڵکی کوردستان ئەنفال و جینۆسایید دەکراو بە ئاگر و ئاسن لەناو دەبرا و هەوڵ دەدرا مێژوو و فەرهەنگ و بوونی بسڕێتەوە، لەم کات و ساتەدا بەشێک لە شانۆکارانی وەک ئەحمەد سالار و تەلعەت سامان هەوڵیان دا بەدوای دۆزینەوە و داڕشتنەوەی کارەکتەری کوردییدا بگەڕێن، بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و کلتووری کوردی بکەن، تا چەند لەم هەوڵەدا سەرکەوتوو بوون و توانیان بینایەکی دروست بۆ شانۆی کوردی دروست بکەن؟ ئەمەیان پرسیارێکی ترە کە دەکرێت لە شوێنێکی تردا لەسەری بوەستین.
لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەگەرچی مەینەتییەکانی کورد درێژەیان هەبوو، بەڵام شانۆکاری کورد نەیتوانی جارێکی تریش بەدوای ئاریشەکانی تاکی کورد بکەوێت و شانۆ بکاتە بەشێکی گرنگی کارەکتەری فەرهەنگی تاکی کورد و خۆیشی لەو بۆشاییە گەورەیە دەرباز بکات کە خەریکە تیاییدا ون دەبێت و ناتوانێت دەروازەیەک بۆ بوونی خۆی بدۆزێتەوە.
لەو ماوەیەشدا کە شەڕی داعش بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرتووە، جارێکی تریش شانۆکاری کورد لەبەردەم ئەو هەڕەشەیە گەورەیە مێش میوانی نییە و لەو هەموو ئازار و مەینەتییەی کە بەسەر خەڵکی کوردستان هاتووە، بەتایبەتی شەنگاڵ و کۆبانێ، ناتوانێت فۆڕمێک بدۆزێتەوە کە بیکاتە سەرچاوەی چەند نمایشێکی شانۆیی و پێویستی هەنووکەیی و هەمیشەیی شانۆ وەک پێداویستییەکی کلتووری و مرۆیی بنووسێتەوە.[1]