$وێنەیەک لە بەیانی ئەو شەوەی کە هێزەکانی داعش لە سێ لاوە گەمارۆیان داین$
نووسین: #حسەین یەزدانپەنا#
بابەت: یاداشت
#20-01-2015#
ئەوە شەوە لە سەعات 22:15 هەتا 5:20 دەقیقەی بەرەبەیان پێنج جار بۆ داگیرکردنی شوێنەکەمان بە چەکی قورس و سووک هێرشیان بۆ کردین. ئێوارە لە گەڵ فەرماندەکان کۆبوومەوە. مەترسی و ناسکیی دۆخەکەم تێگەیاندن. دوا بڕیارمان ئەمە بوو: مردن هەیە، بە دەستەوە دان نییە. هیچ کەس بێجگە لە خۆمان باوەڕی نەدەکرد خۆ بگرین. د. #کەمال کەرکووکی# هەتا کۆتایی شەڕەکە نەخەوت. هەر جارێ پێوەندیی پێوە دەکردم دەنگی پڕ بوو لە نیگەرانی. نیگەرانی لە چارەنووسی ئەو پێشمەرگە غەریب و نابەڵەدانەی بەو بارانە تووندە یەکەم ڕۆژ بوو ئەو زنجیرە چیایەیان کۆنترۆڵ کرد بوو؛ نیگەرانی لە چارەنووسی بەرەی شەڕەکە. دانیشتوانی قەزای دووبز لە نیگەرانیدا شەویان تێپەڕ دەکرد و ژمارەیەکیان بارگە و بنەی ڕۆیشتنینان تێکنابوو. خۆمان و چەکەکانمان لە قوڕ و چڵپاوی باران گەوزابووین. نیوەی چەکەکانمان لە کار کەوتبوون. فیشەکمان ڕوو لە تەواو بوون بوو. 2 برینداری قورس و یەکی سووکمان لێکەوتبوو. شەڕ گەیشتبووە شەڕی کلاشینکۆف و نارنجەک(رۆمانە). بەڵام بەڵێنی خۆمان بردە سەر. شوێنەکەمان کە بە وتەی بەرپرسی مێحوەر و جێگری وەزیری پێشمەرگە دەروازە و کلیلی بەرەی شەڕەکەیە، پاراست. 18 کەلاکی دوژمن لە بەرزاییەکان و دۆڵەکاندا کەوتبوون. بەرەبەرە بەیان هەڵات و هەوا ڕۆشن بووەوە. ئەم وێنەیە، وێنەی دوا ساتەکانی شەڕەکەیە، کاتێ کە هێزەکانی داعش شکا بوون، تەرمی کوژراوەکانیان ڕادەگوێزا و ڕایان دەکرد. نایشارمەوە کە ئەو بەیانییە چەند جارێک گریام. گریان بۆ زۆر شت. شەڕ کۆتایی هات. کە ڕۆژ بووەوە یەکەم کەسانێک کە خۆیان گەیاندە لامان دوو پێشمەرگە بوون بە ناوەکانی کەریمی جەوە جەوە و فەرهاد ناتۆ. ئەوان پێیان وتم کە ئیمە ئەمشەو لەم بەرزاییانە کۆبانێمان بینی. چیرۆکی ئەم شەڕە حەماسییە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ. هیوادارم بتوانم لە کاتی گونجاودا ئەم داستانە پڕ سەروەرییەی ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قووڵایی باشووری کوردستان، بە وردی بخەمە سەر کاغەز. هێندێک دەپرسن چۆنە
#پارتی ئازادیی کوردستان - پاک# لە بەرەکانی شەڕ ماوەتەوە؟ ئەو شەڕەبەشێکە لە وەڵام بەو پرسیارە.[1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,435 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!