ئایا مام ئاراس عاشق بوو؟
بەپێی مێژووی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بیروبۆچوونەکانی، بەڵێ مام ئاراس عاشق بوو، سەرەتا عاشقی نیشتمان و خاکی کوردستان بوو، ئەوەش ببووە هۆکاری ئەوەی بەرامبەرەکەی عاشق بە خودی مام ئاراس بێت، لە ئەنجامی هەڵسوکەوت و ڕەفتار و خووڕەوشتی بەرزی و دڵسۆزیی مام ئاراس بۆ نیشتمانەکەی. کیژە جوانێکی گوندی گەڕەدێی ناوچەی شارباژێڕ، نەک عاشقی ئازایەتی و خووڕەوشت بەرزی و نیشتمانپەروەریی فەرماندەی لێهاتوو مام ئاراس بوو، بەڵکوو مام ئاراسی بە بەشێکی گرنگی مێژووی خەباتی نەتەوایەتی لە عەشقی خۆیدا پێناسە دەکرد و خۆشی دەویست و تەمەننای دەکرد مام ئاراسی نیشتمانپەروەر؛ هاوڕێ و هاوسەری ژیانی بێت. ئەم دوو مرۆڤە، جگە لەوەی عەشقی خاک و نیشتمان بوون، لەگەڵ ئەوەشدا دوو خۆشەویستی پاک و بێگەردی یەکتر بوون. بۆیە هەر کات مام ئاراس و هێزەکەی بۆ کار و چالاکییەکانی شۆڕش ڕوویان لە گوندەکانی شارباژێڕ بکردایە، مام ئاراس دەچووە ماڵی دڵخوازەکەی و ئەو دڵخوازەی پەیمانی پێکەوەژیانی هەمیشەییان بە یەکتر دووبارە دەکردەوە.
مام ئاراس پێش ئەوەی خۆی و هاوەڵەکانی بکەونە بۆسەی هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە هاوسەنگەرەکانی دەڵێت: برایان، کاتێک چووینە شارباژێڕ، یەکەم ڕۆژی جەژن لە گوندی گەڕەدێ لە ماڵی مام حەسەن (حەسەن دووکەڵ) نان دەخوێن... ماڵی مام حەسەن ئەو ماڵەیە کە مام ئاراس بەنیاز بوو هاوسەرگیری لەگەڵ کیژەکەیاندا بکات و هەردووکیان وەک هاوسەر پێشمەرگە بن و تا ئەو کاتەی شەهید دەبن؛ پێشمەرگەی کوردستان بن. ئەو بەڵێنەی دابوو بە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کە بە دیداری یەکتر شاد بن و نانی سەرلەبەیانیی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لەوێ بخۆن. من وەک کەسێکی ئازادیخوازی لیبراڵ و سیکۆلار، بیرکردنەوەی جیاوازم هەیە و ڕێز لە پیرۆزییەکانی مرۆڤ دەگرم، بۆیە لێرەدا بە هۆی دیلکردن و گوللەبارانکردنی مام ئاراس کە دەکەوێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، ئەو جەژنەی موسڵمانان باسی پێکەوەژیان و ئاشتی و لەخۆبوردەیی و گەردنئازایی و جەژنی حەجکردن و بەحاجیبوون و داوای لێبوردن لە خوداوەند و لێخۆشبوون لە تاوان و گوناهکردن دەناسرێت. بۆیە کاتێک باس لە جەژنی قوربان دەکرێت، واتە ئەو کاتەی حەزرەتی ئیبراهیم لە خەونیدا ئیسماعیلی کوڕی سەر دەبڕێت و دواتر بۆ کوڕەکەی دەگێڕێتەوە کە شەوی ڕابردوو خەوی پێوە بینیوە و ئیسماعیلی کوڕیشی دەڵێت فەرمایشتەکەت بەجێ بهێنە و سەرم ببڕە... بە گێڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتەیە، کاتێک حەزرەتی ئیبراهیم چەقۆ بە ملی کوڕەکەیدا دێنێت، چەقۆکە کول دەبێت و کوڕەکەی بۆ سەر نابڕێت و خوداوەند بە فریشتەکانیدا مەڕێکیان بۆ ناردووە و ئیبراهیم سەری دەبڕێت و ئیتر ئەو ڕۆژە بە جەژنی قوربان یاد دەکرێتەوە. مام ئاراسیش لە مێژووی شۆڕشی نوێدا وەک ئیسماعیلی کوڕی حەزرەتی ئیبراهیم بۆ قوربانی دەبرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە چەقۆی کول بە گەردنیدا نابرێت و ئەوانە لەبریی چەقۆی کول، گوللەی نێو لوولەی تفەنگەکانیانی ئاڕاستە دەکەن. گەر موسڵمان بوونایە، دەبووایە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا کە ڕۆژی ئاشتبوونەوە و پێکەوەژیان و ڕۆژی لێبوردن بۆ بەرامبەرە، دەبوو دواکارییەکانی خوداوەندیان جێبەجێ بکردایە و مام ئاراسیان وەک هەر شەهید دەکرد، دەبوو دوای جەژنی قوربان شەهیدیان بکردایە. مام ئاراس تێکۆشەر و قارەمانی ناو حیزبی سۆسیالیست بوو، گوللەبارانکردنی مام ئاراس و ڕووداوەکانی تری؛ هاوشێوەی ئەم ڕووداوەن، مێژوویەکی ڕەش و تاڵی نێو شەڕی براکوژین، زۆرن ئەوانەی ئاگاداری گوللەبارانکردنی مام ئاراسن، وەک چاودێرێکی بێ هەڵوێست بێدەنگییان لەو مێژووە پڕ غەدرە کردووە، چونکە شەڕەکانی براکوژیی شاخ لەسەر چەند هۆکارێک بوون: هەر حیزبێک خۆی دەیویست ببێت بە حاکم لەناو خەڵکدا و هەر خۆی ناوچەیەک قۆرخ بکات بۆ خۆی، ڕێگا بە خەڵکانی دیکە نەدات. ئەمە بوو مەسەلەکە، ئەگینا ئەگەر ململانێکان شەریفانە بوونایە، ئەم هەموو چیرۆکە غەمناک و پڕ لە گومانەی دروست نەدەکرد، ڕەنگە بڵێم ئەم کتێبەی منیش بە جۆرێکی تر باسی مێژووی دەگێڕایەوە. من بەش بە حاڵی خۆم سەردەمی بەرەی کوردستانیم بە شەریفانە دەزانی، ململانێ هەر هەبوو، حیزبەکان کامیان دڵسۆزتر بوون، دەستێک زیاتری لە دوژمن بوەشاندایە نەک بۆسە و چاڵ بۆ یەکتر هەڵبکەنێت. بەداخەوە دەڵێم ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆ کە لە شاخ دەکران، هەموو سەرکردایەتیی حیزبە کوردییەکان لە سنوورەکەدا بوون. هەمووی لە سەرچنارەوە تاوەکوو کانی گۆمە نابێت. خڕی ناوزەنگ، بێدەلان، نۆکان، گۆڕەشێر، قاسمەڕەش، ئەمانە بە هەر هەموویەوە یەک دوو شیو بوون و بەقەدەر سەرچنار تا کانی گۆمە دەبوو. من ئێستاش دەپرسم: باشە، ئەم سەرکردانە بۆچی نەدەچوونە سەر یەکتری؟ ئەی پاسەوانەکانیان بۆ نەدەچوون یەکتر بکوژن؟ گومرگیان بەیەکەوە بوو، بەیەکەوە دەیانخواردەوە، کۆبوونەوەیان دەکرد، دواتر بە برووسکەی ژێربەژێر و بە جفرە کوڕی ئەم میللەتەیان دەدا بە کوشت. ئا ئەمەیە کارەساتی بە ئاکام نەگەیشتنی خەونی سەد ساڵەی میللەتی کورد! من هەندێک لە سەرکردایەتیی کورد بە بەرپرس دەزانم و کەمیشیان بە بێتاوان دەزانم، چونکە ئەگەر تیایاندا بووایە بێتاوان بێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان هەڵوێستێکی دەبوو. کەسێکمان نەبینی بڵێت ئەوا من هەڵوێستێکم وەرگرت و وازم لە پێشمەرگایەتی هێنا، وازم لە سەرکردایەتیی ئەو حیزبە هێنا لەبەر ئەو هەڵوێستانە! زۆریان بەشی خۆی پریشکی بەر کەوتووە، تەنانەت هیچ کەسێکم نەبینی بڵێت با لەپای ئەو هەموو غەدر و تاوانە، بەتەنها وشەیەک داوای لێبوردن لە خانەوادەی ئەو شەهیدانە بکەین کە بە هۆی خۆپەرستی و یەکتر قبووڵنەکردن لە شەڕی ناوخۆدا بوونە قوربانی. بۆیە لە کۆتایی گێڕانەوەی ئەم یادەوەرییە تاڵەدا دەڵێم گەر مام ئاراس بۆ چەند مانگێک زیندان بووایە و لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا شەهیدیان نەکردایە، بێگومان ئێستە لە بەڕێوەبردنی کاری حیزبیدا ئەندامێکی پلە باڵای ئەو حیزبە یان کەسایەتییەکی گرنگ و کاریگەر دەبوو لەنێو پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. سەد مخابن بۆ ئەو مرۆڤە جوان و مەزن و ئەو تێکۆشەرە قارەمان و خووڕەوشت بەرز و نیشتمانپەروەرە بووە قوربانیی نێو شەڕی کوردکوشتن، بۆ هەندێک مەرامی تایبەت و کردنەوەی ئەو گرێ دەروونییانەی هەندێک لە سەرکردە بە تۆڵە و ڕق و خوێنڕشتن دەیکەنەوە. بەڵێ، یاسە هەتیوی هاوڕێم بوو بە قوربانی، خوێنی گەشی ئەو لاوە بیست و چوار ساڵە بەنێو کۆڵانە باریکەکانی گوندەکەدا و بەبەردەم ماڵ بە ماڵی گوندەکەدا بەخوڕ دەچوو و دواتر تێکەڵ بەو ڕووبارە گەورەیە بوو کە بە خوێنی شەهیدانی کوردستان دروست بوو.
#شەهاب کەریم#
#مێژوویەک لە لوولەی تفەنگەوە؛ ڕۆژگارە سەختەکانی شاخ 1979-1991# [1]
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 1,573 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!