(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکیتری نووسەری ئەفگانی خالید حسێنی
#شەماڵ بارەوانی#
لەهەزار خۆری درەوشاوە دا نووسەر پەڕە بە پەڕەی ڕووداوەکان دێتە خوارەوە و پەنجە دەخاتە سەر تراژیدیاکان و زۆر بەوردی تیشک دەخاتە سەر ئازار و نەخۆشی و برینەکانی کومەڵی ئەفگانی، ئەو وڵاتەی ماوەی سی ساڵ جەنگ و کودەتا و شۆڕش و شڵەژانی ئەمنی و کوشتن و ململانێی بەردەوامی بێ بڕانەوەی بەخۆیەوەبینی،
هەروەها ئەو ڕۆمانە کۆمەڵێک پرسی وەک مافی مرۆڤ و چەوساندنەوەی ژن و ئافاتەکانی ئەقڵیەت و مێنتەڵێنتی نێرسالاری و توندوتیژی باسدەکات، هەموو ئەو برسیێتی و ترس و وێرانی و کاولکارییەی جەنگ لەگەڵ خۆی هێنای و لە دوای خۆی جێی هێشت، لە تێکشاندنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژیان، باس و تەوەری ئەو ڕۆمانەن. ئەو شاکارەچاوخشاندنێکە بە لاپەڕەکانی تۆماری مێژووی ئەڤگانستان، لە ساڵی (1970 تا -دوای 2000) لە سەردەمی مەلیک (زاهێرشا)و
پاشان کودەتا خوێناوییەکەی سەرۆک وەزیران (داود شا) لە ساڵی 1973بە هاوکاری شوعییەکان، و دواتر تیرۆرکردنی ٫٫داود خان، ، لە ساڵی1978و کودەتای خوێناوی شوعییەکان بەپشتیوانی یەکێتی شورەوی و پاشان هاتنی سوپاس سووری یەکێتی سۆڤێت 1980 بۆ ناو ئەڤگانستان و هەڵگیرسانی جەنگێکی درێژی کاولکاری خوێناوی و بەردەوام بوونی تا ساڵی 1988و ئینجا ڕێکەوتن و کشانەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤێت لە ئەڤگانستان و بەشداریکردنی تارقی خۆشەویستی لەیلا لەو جەنگەو لەدەستدانی یەکێک لە قاچەکانی بەهۆی جەنگەکەوەو هاتنە سەرحوکمی (نەجیب اللە) و ڕووخاندنی حکومەتەکەی و گرتنی کابوول لەلایەن کۆمەڵەی جهادی ئەفگانی بناژۆخواز بە سەر پەرشتی ڕەبانی و ڕوودانی جەنگی نێو خۆیی و بەردەوامبوونی بۆ ماوەی چوار ساڵ لەنێوانمەسعودشاو و حیکمەت تەیار، و ڕەبانی و سەیاف، ئەو جەنگە نێوخۆیەی دەرەنجام کابولی پایتەختی بەتەواوی وێرانکرد و لەو جەنگەی خانەوادەکەی لەیلا دەبن بەقوربانی و لەیلا پەرچو ئاسا قورتاری دەبێت، و پاشان لە ساڵی1996، بزووتنەوەی تاڵیبان جڵەوی حوکمڕانی کابول دەگرنەدەست و نەجیبواللە لەسێداردەدەن و بیرە ڕادیکاڵ و ئایدۆلۆجیا توندئاژۆیەکەی خۆیان دەسەپێنن و دۆزەخێکیتربۆ کابول و ئەڤگانستان سازدەدەن، وپەیکەری بودا لەبامیان دەتەقێننەوە و پەچە بەسەر ژن و کچی ئەفگانیدا دەسەپێنن و ڕێگە نادەن کچ و ژن لەماڵەوە بێنەدەرەوەو لەخوێندن بێ بەشیاندەکەن و لەسای دەسەڵات وحوکمی بزووتنەوەی تاڵیبان، شەپولێکیتر لە کوشتن و تیرۆرو برسییەتی وچەوساندنەوەو ئازار و ماڵوێرانی دەست پێدەکاتەوە و ژیان لەو وڵاتە دەبێتە یەک پارچە لە ئاگر و تراژیدیاو جەنگ و ململانێ و مەرگ، و زۆرێک لە خێزانە ئەڤگانییەکان بەناچاری ئەو دۆخە دۆزەخیەی ئەڤگانستان، بەرەو پاکستان و وڵاتانی دەوربەر جێ دێڵن، نووسەر ڕۆمانەکە بە چیرۆکی (مرێم) دەست پێدەکات، ئەو کچەی لە پەیوەندییەکی سێکسی دەرەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیری لەدایک دەبێت، پەیوەندی باوکی لەگەڵ خزمەتکارەکەیان، ئەو کچەی لەگەڵ دایکەکەی (نانا) لە کۆخێکی بچووکداو بەتەنیا لەگەڵ هەژاری و بێ نازیدا دەژین، باوکیشی لەگەڵ سێ ژنەکەی تری لە شاردا دەژیت، و بەتەنیا حەفتەی جارێک سەریان لێدەدات.
هەست کردن بەتەنیایی و نیگەرانی، هەموو بوونی مرێم دادەگرێت، هەر لە منداڵییەوە ئەو هەست دەکات بێ باوکە و بەرهەمی پەیوەندییەکی تابوو و حەرامە، مرێم ناتوانێت لەگەڵ خێزانەکەی و باوکی بژیت، چونەکە ئەوکچێکی ناشەرعی و لەکێکی عاره، بەسەر تەوێڵی باوکی و خێزانەکەی و کۆمەڵەوە، باوکی لە دێیەکی دوور لە شار، خانووەکی بچووک بۆ مرێم و دایکی دابین دەکات.
دواتر و کاتێک مرێم دەگات بە پانزە ساڵی تەمەن، باوکی دەیدات بە پیاوێکی بازرگانی پێڵاو بەناوی (ڕەشید) کە سی ساڵ لەخۆی گەورەترەو جیاوازییەکی زۆری تەمەن لەنێوانیاندا هەیه، دوای بەشودانی مرێم بەهۆی بەرگە نەگرتنی ئازاری دابڕان و تەنیایی، دایکی بە مردنێکی تراژیدی کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت و خۆی بە پەت هەڵدەواسێت.
سەرەتا مرێم بەو خەون و خەیاڵ و خوڵیاو ئۆمێدەوە دەژیت کە ئەو ئیتر لەئازار و ناخۆشی نەجاتی دەبێت و سەرەتایەکی نوێ دەست پێدەکات لەگەڵ ئەو پیاوە،
لەگەڵ ڕەشید لە هیرات بەرەو کابول بەڕێدەکەون.
وەلێ ئەفسووس دواتر ئەو پڕۆسەی هاوسەرگیریەی مرێم لەگەڵ ئەو پیاوە، جگە لە گواستنەوەی لە ئازارێک بۆ ئازارێکیتر، لەنیمچە دۆزەخێک بۆ دۆزەخێکیترو لەزیاتربوونی کۆمەڵێک برینی تازە بۆ سەر برینەکۆنەکانی تری چیترنییە، مرێم لای ئەو پیاوە وەک کەنیزەو خزمەتکارێک ڕەفتاری لەگەڵ دەکرێت، هەموو ژیانی خزمەتکردنی ئەوپیاوەو چێشت لێنان و گەسک دانی ماڵەوەو مانەوە لەناو چوارچێوەی چواردیواردا دەبێت.
ئەو پەیوەندییە خێزانییەی مرێم لەڕوانگەی ڕەشیدەوە تەنیا خزمەتکردن و تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانییەتی، نووسەر لەبەشێکیتری ڕۆمانەکەدا باس لەیەکتر ناسینی مرێم وکچێک دەکات بەناوی لەیلا، دوای دوودەیە لەشوکردنی بەڕەشید لە کابول، پەیوەندییەکی پڕ لە خۆشەویستی هاوشێوەی دایک وکچ دەکەوێتە نێوانیانەوەو پاشان لەیلا گەورە دەبێت و قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێت و زانکۆ تەواودەکات و کچێکی هۆشیارو ڕۆشنبیری لێ درووست دەبێت، لەیلا دەکەوێتە داوی خۆشەویستی (تارق) و خەون بە داهاتووەکی پەمەیی و پڕشنگدارەوە دەبینێت، مخابن بەرلەوەی بە ئاوات و خۆزگەکەی بگات، جەنگی ناوخۆیی ئەفگانستان چرای ئەو خۆشەویستییەیان لێ خامۆش دەکات و داری ئۆمێدیان دەسوتێنێت و پزیسکی جەنگ دەست دەنێنە گەروی خەونەکانی تارق و لەیلاو هەناسەی ئاواتەکانیان دەخنکێنێت و تارقی هاوڕێی منداڵی لەیلاو خۆشەویستی ئێستای بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ئەفگانستان و کارەسات و ماڵوێرانییەکانی جەنگ، ناچارئەفگانستان بەرەو پاکستان جێ دێڵێت، و دواتر هەموو خانەوادەکەی لەیلا دەبن بەسوتماکی جەنگ و بەتەنیا و بێ کەس و جێگا و سەرگەردان، لەیلا لەگەڵ فرمێسک و خەمەکانی کۆڵانەکانی نیگەرانی و شەقام بە شەقامی ئازار تەیدەکات، پاشان ڕەشیدی هاوسەری مرێم لەخۆی دەگرێت و چاوەڕێ دەکات تا بگات بەو تەمەنەی تێیدا مرێمی خواست و بیکاتە بە هاوسەری خۆی.
دواتر بە درۆ پێی دەڵێت تارق لە ژیاندا نەماوەو بەهۆی جەنگەوە گیانی لەدەست داوە و چیتر چاوەڕێی مەکەو زۆر هۆڤانە لەخۆی مارە دەبڕێت، مرێم هەستدەکات لەیلا دووگیانە لەتارقی خۆشەویستی. بۆیە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ ڕەشید بکات، تا ئەو بابەتە بەو هاوسەرگیرییە بیشارێتەوە، ڕەشید کەسێکی زۆر دڵڕەق و تەبیات توندەو بەردەوام لەیلاو مرێم دەچەوسێنێتەوەو دارکاریان دەکات و ئازاریان دەدات و خراپترین شێوازی چەوسانەوەیان لەدژ پەیڕەو دەکات، پیاوێک ئایکۆنی ستەم و خراپی و پەیکەری عەقڵیەتی نێرسالای، مرێم و لەیلا وەک دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکترو لەژێر چەپۆکی توندو تیژییەکانی ڕەشید ژیانێکی کۆڵەمەرگی و دۆزەخ ئاسا بەڕێدەکەن، هەوڵی ڕاکردن دەدەن لەو دۆزەخەی ڕەشید بۆی خوڵقاندوون، بەڵام شکست دێنن و دوواتر ڕووداوەکان دەگۆڕێن بە گەڕانەوەی تارق و هەوڵدانی ڕەشید بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی تارق و دەستکردن بەلێدانی لەیلاو، پاشان مرێم بە بێلێک دەدات لە پشتی سەری ڕەشیدو دەیکوژێت، ئینجا لەیلا بڕیارەدات خۆی و منداڵەکانی لەگەڵ تارق بڕۆنە پاکستان، ومرێمیش ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.
دوای ڕووخانی حکومەتی تاڵیبان، لەیلاو تارق دەگەڕێنەوە بۆ ئەفگانستان و بڕیار دەدەن ئەو منداڵەی چاوەڕێی هاتنەبوونی دەکەن، ئەگەر کچ بێ ناوی بنێن مرێم.
ماوەتەوە بڵێم:
(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکە باس لە ئازار و ناڵەو هاواری نیشتمان دەکات، کە بەهۆی جەنگ و مڵملانێ سەراپای جەستەی بووەتە برین.وڵاتێک کابوسی جەنگ و مەرگ و خوێن و ترس و ئازار و نیگەرانی دایپۆشیوە.
(هەزار خۆری درەوشاوە) پیشاندانی وێنەو واقعی دۆزەخی ژیانە لە ئەڤگانستان،
ئەفگانستانێک، دەستاڕی جەنگە یەک لە دوای یەکەکان دەیهاڕێت.
(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکەبەرجەستەکەری موعاناتەکانی ژنی ئەڤگانییە،
داستانێکی فێمێنستییەو، تیشک دەخاتەسەر ئازارەکانی جەستەی ژن، لە کۆمەڵێک کە ژن سەرەتاترین مافی نییە و لە پەراوێزی ژیاندا دەژیت، سیستەمێک، بیری نێرسالاری لە هەڕەمی دەسەڵات و ئەقڵیەتی نێرگەرێتی بەڕێوەی دەبات و چەوساندنەوەی ژن لە لوتکەدایە و ژن تەنیا لە کارگەی بەرهەمهێنانی وەچەخستنەوەو زیندانی کردنی لەنێوان چوار دیواری ماڵەوەوچێشتخانە و شاردنەوەی لەژێر پەچەو چەوساندنەوەی و بە قەمچی مێنتەلێنتی ئەمڕۆ نەهیەکانی پیاو کورت کراوەتەوە،
چیرۆکەکانی ڕۆمانی هەزار خۆری پڕشنگدار.
داستانی تراژیدیاکانی ژنە لە جڤاتێک، ژن بە بێ تاوان و لە دەرەوەی ویستی خۆی، بووەتە قوربانی جەورەکانی کۆمەڵ و کاولکاری جەنگ و هەموو ئازادییەکی لێ سەندراوەتەوەو دەست بەسەر کەسایەتی داگیراوە.
(هەزار خۆری درەوشاوە) داستانی نوتفەیەکی قێزراوە، نوتفەیەک منداڵێکی بێ تاوانمرێمی لێ لەدایک دەبێت، نەکۆمەڵ دانی پیادەنێت و نەیش کلتوور و عورف بەزەیی پیادێتەوەو نەخێزانیش قبووڵی دەکات، ئەو کچێکی حەرامەو بەرهەمی سێکسێکی تابوویە و دەبێت بە درێژایی ژیانی باجی ئاگری ئەو حەزە نەگریس و
شەهوەتە حەرامەی پیاوێک بدات، هێناوێتییە بوون و پێی خەجاڵەتیشە وەک کچی خۆی سەیری بکات، باجی هەڵەیەک بدات کە خۆی دەسەڵاتی تێدانییە،
ئەو کچێکی حەرامەو لەکی عەیب وشورەییە، بۆ تەوێڵی ئەقلیەتی نێرسالاری و کۆمەڵی نەریتگەراو تەقلیدی، ئەو جگە لە عەیبەیەک چیتر نییە، ئەو لە تۆماری ژیان ناسناوی کچێکی زۆڵە، بەڵێ زۆڵ، وەکوو خوێنەرێک کاتێک ئەو ڕۆمانە دەخوێنیتەوە، لە سەرەتای ڕۆمانەکە تا کۆتایی خەمێکی قوڵ و بە ئازار هەموو بوونت دادەگرێت و هەستێکی زۆر ناخۆش دڵت دەگوشێت، ناتوانی بەسەر هەستی خۆتدا زاڵبیت و بەرگەی تراژیدیاکانی ژیانی مرێم و لەیلا بگریت ودڵۆپەی بارانی فرمێسک بە لێزمە لەهەوری خەمی ئاسمانی چاوەکانت دانەبارن و لەسەر گۆنات ڕێز نەبەستن، خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە گەشتێکی تراژیدی و بە ئازارە،
بە نێو شەقامە خوێناوییەکانی کابول و کوڵانە خەمناکەکانی لاهور، لەگەڵ بینینی تابلۆ بێزارکەرەکانی ئەقڵیەتی نێرسالاری هیرات و دیمەنە ترسناک و ناخۆشەکانی برسییەتی و جەنگ.
(هەزار خۆری درەوشاوە) گەشتی وڵاتێکە، تەمی تراژیدیاکانی جەنگ و ململانێ خوێناوییەکان بست بە بستی ئەردو ئاسمانی ئەو وڵاتەیان داپۆشیوە، جگە لە وێرانی و هەژاری و خوێن و مەرگ، شتێکی تر نابینیت، پزیسکی ئاگری جەنگی ئایدیۆلۆژیاکان، ژیان دەسوتێنێت و مرۆڤ دەکات بە سوتماک.
(هەزار خۆری درەوشاوە) چیرۆکی وڵاتێکە، یەکێتی سۆڤێت، دواتر ململانێ و جەنگی نێو خۆیی توندئاژۆکان و پاشان تاڵیبان و ئینجا ئەمریکا وێرانی کرد.چیرۆکی جەنگی براکانی دوێنێ و دوژمنەکانی ئەمڕۆیە.
کۆمەڵێک، کۆمەڵێک ئیسلامی ڕادیکاڵ و فەندەمێنتالیست، مافی ئەوەیان بەخۆیان داوە بڕیار لەسەربوونی ژن و چارەنووسی مرۆڤەکان بدەن، بڕیار لەسەر ئیمان و ژیان و دار و بەرد بدەن، ناچارت کەن کە دەبێت بەپێوەری ئەوان بژیت و بە پێی ئایدیۆلۆژیاکەی ئەمان بجوڵێیتەوە، بەپێیەکانی ئەوان هەنگاوبنێیت و بەچاویلکە ڕەشەکەی ئەوانەوە ببینیت وبە مێشکی ئەوانیش بیربکەیتەوە!
ئەو ڕۆمانە زانیارییەکی چاک بە خوێنەرەکەی دەبەخشێت، لەبارەی مێژووی ئەفگانستان.. دۆخی ژن و موعاناتەکانی..هەروەها بزووتنەوە توندئاژۆکان و ئایدیۆلۆژیاکەیان..و جەنگەخوێناوییە ناوخۆیەکانی ئەفگانستان.
(هەزار خۆری درەوشاوە) ڕۆمانێکە خوێنەر لە کۆتاییەکەی لەیەک کاتدا. هەم دەگریت و هەم پێش دەکەنیت، لەلایەک زیاتر خەم وفرمێسک داتدەگرێتبۆ کۆتاییە تراژیدیاکەی ژیانی مرێم و لە لایەکەیتریش دڵخۆشی داتدەپۆشێت بەو دووبارە شادبوونەوەی لەیلاو تارق بە خۆزگە و ئاوات و خەونە پەمەییەکانیان.[1]