$لە ساڵیادی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال$
نووسینی: #گۆران فەتحی#
ئێزدییەکان وەکوو پێکهاتەیەکی گەلی کورد و ئێڕاق، لە مێژووی خۆیاندا، ڕووبەڕووی نەهامەتی و کارەساتی زۆر بوونەتەوە، هەر لە سەردەمی عوسمانییەوە تا دەگات بەمڕۆ، گەورەترین و کاریگەرترین کارەساتیش بۆ سەر ئێزدییەکان، هێرشی شەمشەمەکوێرەکانی داعش بوو بۆ سەر ناوچەی شەنگال و زومار و ناوچەکانی دیکەی نیشتەجێبوونی ئەم پێکهاتە زوڵم لێکراوە لە ساڵی 2014دا، کە مەبەست لێی قڕکردنی تەواوەتییان بوو لە ژێر پەردەی جیاوازیی ئایینییەوە.
ئێستا و دوای هەشت ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال، ناوچەکانی برایانی ئێزدی بە داڕماوی و وێرانەیی ماونەتەوە و زۆریک لەو پێکهاتەیەش تا ئێستا لەنێو کەمپەکاندان لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی کەمتەرخەمیی هەردوو حکومەتی هەرێم و ئێڕاق و هەوڵنەدانیان بۆ باشکردنی بارودۆخیان و گێڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان.
$هێرشێک بۆ قڕکردن$
ڕێکخراوی داعش لە مانگی ئابی 2014 و دوای دەستگرتنی بەسەر چەندین ناوچەی ئێڕاقدا، هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر زێدی برا ئێزدییەکان لە شەنگال و دەوروبەری، کوشتارێکی گەورەی لەو ناوچانە کرد، بەمەبەستی قڕکردنی ئێزدییەکان، کە دانیشتووی دێرینی ناوچەکەن، ئەوەش تەنیا لەبەر جیاوازیی بیروباوەڕی ئایینییان.
چەکدارانی داعش جینۆسایدێکی گەورەیان لە شەنگال و زومار و ناوچەکانی دیکەی برایانی ئێزیدی کرد، هەر لە کوشتنی پیاوان و گەنجان تا ڕفاندن و بە کەنیزەک کردنی ژنان و کچانیان، ئەمە چ جای وێرانکردن و ڕووخاندنی بەشێک لە شوێنە پیرۆزەکانیان، کە ئەوەش دەنگدانەوەیەکی گەورەی ناوچەیی و جیهانی لێکەوتەوە.
تاوانەکانی داعش لە ناوچەی ئێزدایەتی یان (ئێزدیخان) تا ئاستی جینۆساید چوو، بە پێی وتە و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، چونکە کوشتن و بەدیلگرتن و تەنانەت کڕین و فرۆشتینیشیان پێوەکراوە کە ئەوەش دەچێتە خانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە .
بە پێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، داعش ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەزاران کچ و ژنی وەکوو دیل و کەنیزەک گلداوەتەوە و کە تائێستا شوێنەکانیان ئاشکرا نەکراوە.
$بە کەنیزەککردنی کچان و ژنان$
داعش دوای هێرشی بۆ سەر شەنگال و دەوروبەری، هەزاران کچ و ژنی ئێزدی لە خانەوادەکانیان جیاکردەوە و وەک کەنیزەک لەگەڵ خۆیان بردوویانن، بە پێی لێکۆڵینەوەکانیش، چەکدارانی داعش لە سێی ئابی 2014 کچان و ژنانی دیلکراویان بەرەو سووریا بردووە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر نیازی خراپی سەرکردەکانی ڕێکخراوەکە دژ بە ئێزدییەکان.
ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستە هەوڵیداوە بە هەموو جۆرێک تاوانی جینۆساید بەرانبەر بە ئێزدییەکان پەیڕەو بکات، بە مەبەستی لەناوبردنیان لە ڕێگەی کوشتن و کوێلەکردنی سێکسی و ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و سوکایەتی پێکردنیان، ئەمە چ جای ڕاگواستنیان لە ناوچەکانی خۆیان و بازرگانیکردن پێیانەوە، ئەوەش زیانی دەروونی و جەستەیی گەورەی پێ گەیاندن، بەتایبەتی بەوانەی ڕزگاریان بوو لەدەست ڕێکخراوەکە لەدوای شکستهێنانی داعش لە ئێڕاق و سووریا.
داعش بەشێوەیەکی نامرۆییانە مامەڵەی لەگەڵ کچان و ژنانی کوردی ئێزدی کردووە و وەکوو موڵکی چەکدارەکانی ئەو ڕێکخراوە مامەڵەی لەگەڵدا کردوون و ناچاری کردوون بە کارکردن لە ماڵی چەکدارانی ڕێکخراوەکە و هەروەها دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، بێبەشیش کراون لە نان و خواردن و خواردنەوەی پێویست.
دیارترین نموونە بۆ مامەڵەی خراپی داعش لەگەڵ ژنان و کچانی ئێزدی، ئەو قسانەی نادییە مورادی چالاکوانی ئێزدی و ڕزگاربووی دەستی داعشە، کە لە چەندین بۆنەداو لەناو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردی، سەبارەت بە ماوەی دیلکردنی لەلای داعش، جگەلەوەش تەواوی چیرۆکی خۆی لە بیرەوەرییەکانیدا بەناوی «دوا کچ» باسکردووە، کە لە بەشێکیدا دەڵێت: لە کاتی گواستنەوەمان بە پاس لە شاری موسڵەوە یەکێک لە چەکدارەکان کە بە «ئەبو بەتات» ناودەبرا، گێچەڵی بە کچەکان دەکرد، دەستی بۆ شوێنە هەستیارەکانی لەشیان دەبرد، کاتێک کچانیش دژی دەوەستانەوە، ئەوا هەڕەشەی لێدەکردن و چەکی بەرەوڕوویان بەرزدەکردەوە.
موراد هەروەها دەڵێت: ڕێکخراوەکە بڕوای بە شیکاریی هەڵە هەیە بۆ ئایین و دەستدرێژکردنە سەر کەنیزەک و بە هەڵە و گوناهی نازانێت.
ڕێکخراوەکە منداڵانی ئیزدیشی بەزۆر خستۆتە ناو قوتابخانەی تایبەتەوە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنیان و شۆردنەوەی مێشکیان و بەزۆر کردنیان بە مسوڵمان و پێدانی وانە و ئامادەکردنیان بۆ بوون بەچەکدار بۆ شەڕەکان و خۆتەقاندنەوە.
$ژمارەی قوربانیانی ئێزیدی$
هێرشەکانی داعش بۆ سەر شەنگال و زومار و دەوروبەری، مەبەست لێی جینۆسایدی کوردە ئێزدییەکان بوو، هەروەها بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافی و بە عەرەبکردنی ناوچەکانیان بوو.
بەپێێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکانیش بێت دوای کشانەوەی پێشمەرگە و هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان، لە چواری ئابی 2014، نزیکەی سێ هەزار هاووڵاتی ئێزدی کوژراون، پێنج هەزار کەسیش بەدیلگیران کە منداڵیشیان تێدا بوو، هەروەها کچ و ژنی ئێزدیشی تێدا بوو کە مامەڵەی کەنیزەکیان لەگەڵدا کراوە و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکراوە، لە ناوچەکانی ئەوکاتی ژێر دەستی داعشدا لە سووریا و ئێڕاق، هەروەک 400 هەزار هاووڵاتی تری ئێزدیش ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ بوون.
ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانەش کە فریاکەوتن، هەڵاتن بۆ سەر چیای شەنگال و لەوێ بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ ئابڵوقە دران، بەشێکیان لە توینێتی و برسێتی و بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدا، دواتر هێزی پێشمەرگە و هەپەگە توانیان بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی سوپای هاوپەیمانان ڕێگەی دەربازبوونیان بۆ دەستەبەر بکەن.
$ئازادکردنی شەنگال$
دوای نزیکەی ساڵێک لە داگیرکردنی شەنگال و دەوروبەری لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە، دوای هەوڵێکی زۆری پێشمەرگە و هاوپەیمانان و سوپای ئێڕاق، توانرا لە 13ی تشرینی دووەمی 2015، دوای نزیکەی هەفتەیەک لە ئابڵوقەدانی چەکدارانی داعش، پێشمەرگە و سوپای ئێڕاق بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و هاوپەیمانان شەنگال ئازاد بکەن و ئەو ناوچە کوردستانییە لە ژێر دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستییە ڕزگار بکەن، ئەوەش سەرەتایەک بوو بۆ شکستی داعش لە چەندین ناوچەی تر چ لە ئێڕاق و چ سووریا.
$بارودۆخی ئێستای ئێزدییەکان$
دوای هەشت ساڵ لە هێرشە دڕەندەکەی داعش بۆ سەر زێدی ئێزدییەکان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، هێشتا بە شێکی زۆری ئێزدییەکانی هەڵاتووی دەستی داعش، کە نزیکەی 350 هەزار کەس دەبن ئاوارەن و لە کەمپدا دەژین لە هەرێمی کوردستان، ئەوابن لە بارودۆخێکی قورس و دژواردان و دوور لە ناوچە و ماڵ و حاڵی خۆیانن، زۆریکیشیان تووشی بێ هیوایی بوون لە دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچەکانیان لەلایەن حکومەتی ئێڕاق و حکومەتی لۆکاڵیی نەینەواوە، کە هەنگاوی ئەوتۆیان نەناوە بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، کە تائێستا بەدەست چەکدار و میلیشیای چەکداریی جۆار و جۆرەوە دەناڵێنن.
ئەوانەی گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆشیان کە بە 120 هەزار کەس مەزەندە دەکرێن، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە بۆ دووبارە درووستکردنەوەی ژیانیان، بەهۆی کەمی خزمەتگوزاری لەلایەن حکومەتی ئێڕاقەوە. [1]