بسم الله الرحمن الرحيم
( لَا يُکَلِّفُ اللَّهُ نَفْسًا إِلَّا وُسْعَهَا)
دەست بەرداربوون
ماوەی زیاتر لە (8) هەشت ساڵە ئەمانەتی بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی شارۆچکەی پێنجوێن لەسەر شانمە و نێوانی خۆم و خودای گەورە بۆ یەک ساتیش خیانەت و کەمتەرخەمیم لە کارەکەمدا نەکردووە و پۆستی قائیمقامییەتیم بۆ بەرژەوەندی تایبەتیم بەکارنەهێناوە. وە هەمیشە پاڵپشت و داکۆکیکاری مافەکانی هاووڵاتییانی خۆشەویستیشارۆچکەکەم بووم و لەخۆشی و ناخۆشییاندا بەشدار بووم.
بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان.
وە زیاتر لە ماوەی سێ ڕۆژە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی خۆشەویستی قەزاکەم لەسەر جادەن و داوای چاککردنی بارودۆخی کارەبا دەکەن بەڵام تا ئێستا بێ وەڵام ماوینەتەوە و کێشەکەمان بۆ چارەسەر نەکراوە سەرەڕای ئەوەی دەیان جار لە دەرگای لایەنە پەیوەندیدارەکانمان داوە.
بۆیە وەک بەرپرسێک کە هەستی بەرپرسیارێتیم هەیە لە بەردەم خودای گەورە و ئەمانەتی بەرپرسیارێتیم لەسەر شانە بەرانبەر بە خەڵکی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن دەست بەرداری پۆستی قائیمقامییەتی شارۆچکەی پێنجوێن دەبم وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین نەکردنی خزمەتگوزارییەکانی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن.
داوای لێبوردن لەخودای لێبووردە و میهرەبان و پاشان خەڵکی خۆشەویستی سنووری شارۆچکەی پێنجوێن دەکەم لە هەر کەموکورتییەک لە کاروبارمدا هەبووبێت.
لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە هاوکار و پاڵپشتم بوون بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکانی قائیمقامییەتیم لە (دام و دەزگاکانی حکومی و مامۆستایانی ئایینی و لایەنی ئەمنی و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە خێرخوازەکان و فەرمانبەرانی قائیمقامییەت و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەتەنیا وشەیەکیش یارمەتیدەرم بووبێ بۆ باش بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنم)
وە زۆر سوپاسی بزووتنەوەی گۆڕان و مەکۆی پێنجوێن دەکەم کە متمانەیان پێکردم و بەرپرسیارێتی پۆستی قائیمقامییەتی شارۆچکەی پێنجوێن یان بەمن سپارد.
جێی شانازی بوو بۆ من کە وەک پێنجوێنییەک ماوەی ( 8) هەشت ساڵ لەخزمەتی هاووڵاتییانی سنووری قەزاکەمدا بووم.
پێنجوێنی بوونم شانازییە بۆم و شانازی بە گەورە و بچووکی پێنجوێنییەکانەوە دەکەم. [1]
ڕَبَّنا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّکَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ...
وَتُبْ عَلَيْنا إِنَّکَ أَنْتَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ...
زانا ڕەحمان ڕەحیم
قائیمقامی شارۆچکەی پێنجوێن