#قوباد تاڵەبانی# دەڵێت: لەوکاتەوەی گەڕاومەتەوە بۆ کوردستان بەردەوام هەوڵمداوە کاروبارەکانی حکومەت بە تەکنۆلۆژیا و ئەلیکترۆنی بکەم، چونکە پێشتر سیستەمی بەڕێوەبردن زۆر دواکەوتوو بوو.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە پێشانگای تێکفێست ئەنجامیدا ڕایگەیاند: بەردەوام هەوڵمداوە کاروبارەکانی حکومەت بە تەکنۆلۆژی و ئەلیکترۆنی بکەم چونکە پێشتر سیستەمی بەڕێوەبردن زۆر دواکەوتوو بوو لە داهاتووشدا دەتوانین کوردستان بکەینە ناوەندێکی تەکنۆلۆژیای بەهێز.
ڕاشیگەیاند: گەنجان داینەمۆی داهێنانن لە کوردستان و پشتیان پێدەبەستین، چونکە ئایندەی کوردستان و بازاڕ و حوکمڕانی و ئارامی و ئاساییش و ئابووریمان بەندە بە تەکنۆلۆژیاوە.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئەوەشی ڕاگەیاند: بایۆمەتری هەوڵێکی سەرکەوتوو بوو بۆ تۆمارکردن و زانینی ڕێژەی فەرمانبەران و مووچەکانیان قۆناغی دووەمی بایۆمەتریش کە خۆی لە چەند بەشێکدا دەبینێتەوە دەستیپێکردووە، کە یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی بابەتی دابەشکردنی مووچەیە بە ئۆنڵاین.
لەبارەی پڕۆژەی شەفافیەت قوباد تاڵەبانی وتی: پڕۆژەی شەفافیەت نوێترین هەوڵی تەکنۆلۆژیا و بە ئەلیکترۆنیکردنی حوکمڕانی ئێمەیە کە تیایدا کۆتایی بە ڕۆتین دەهێنێت.
وتیشی: خەرجییەکان لە پڕۆژەی شەفافیەتدا جیادەکرێتەوە و هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت ئەوە بزانێت ئەو پارەیەی کە دەیدات بە حکومەت بۆچی خەرج کراوە.
کاتی ئەوەش هاتووە گرنگی زیاتر بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و توانای گەنجەکانمان لە بواری تەکنۆلۆژیا بدەین و هەرێمی کوردستان بکەینە ناوەندێکی گرنگ بۆ هەموو ناوچەکە، قوباد تاڵەبانی ئەوەشی وت.
ئەمساڵ 2023 تێکفێست، بە بەشداری زیاتر لە 75 پڕۆژەی داهێنراو لە بواری تەکنۆلۆژیا لە شارەکانی کوردستان و ئێراق و دەرەوەی ئێراقیش بەڕێوەدەچێت و تێیدا 50 کێبڕکێکاری بواری سایبەر سکویرتی و نزیکەی 100 گەیمەر لە پێشبڕکێی گەیم زۆنی تێکفێست و 25 کێبڕکێکاری پڕۆبڵەم سۆڵڤینگ بەشدار دەبن. [1]