ناو: ناگیهان
نازناو: هەڤاڵ زیلان
ناوی باوک: ئاکارسەل
ساڵی لەدایکبوون: 1976
ڕۆژی شەهیدبوون: #04-10-2022#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی خێلیکانی، شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیا
شوێنی شەهیدبوون: #سلێمانی#
$ژیاننامە$
ناگیهان ئاکارسەل، ناسراو بە (هەڤاڵ زیلان) ، ژنە لێکۆڵەر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە هەمان کات پارێزەری مافەکانی ژنان، ساڵی 1976 لە گوندی خێلیکانی سەربە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لەدایکبووە، تەواوی ژیانی تەرخان کرد بۆ تێکۆشان و خەباتی ژنان، ڕۆژی 04-10-2022 بە دەستی ڕەشی میتی تورک، لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی لە نزیک ماڵەکەی تیرۆر کرا.
ناگیهان تەمەنی منداڵی لە سرووشت و دەشتە فراوانەکانی گوند بەسەر بردووە، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاریی و بەسەرهاتەکانی منداڵی دەکرد، لە وتەکانیدا هەست بە ئازادیی و جوانییەکانی سرووشت دەکرا.
بەهۆی کاریگەریی کەلتوور و نەریتی ڕیشئاژۆ و کەڤناری گوندەکەیان، پیرۆز سەیرکردنی خۆر و ئاگر و گەنم، وەک ئەوەی لە ئایینە دێرینەکانی زاگرۆسدا لە عەلەوییەت و ئێزدایەتییدا هەن، لە زهن و دڵ و دەروونی شەهید ناگیهان ڕەنگیان دەدایەوە و ئەوەش بووە هۆی درووستکردنی خۆشەویستییەکی زۆر لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دێرسیم و شەنگال.
پاش وەرگیرانی لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەنقەرە، سیستمی ژیانی شار و دیمەنی سەرمایەداریی هەستی بێزاریی و نامۆبوون لای شەهید ناگیهان درووست دەکەن، بۆیە هەوڵدەدات لە شوێنێک ئارامی و هەستکردن بە پێکەوەژیان بدۆزێتەوە، دواجار لەنێو یەکێتی گەنجانی کوردستاندا خۆی دەدۆزێتەوە.
هەروەها لەنێو ڕێباز و فکری ڕێبەر #عەبدوڵڵا ئوجەلان# دا خۆشەویستی و عەشقی نیشتمان دەدۆزێتەوە و زۆر زوو سەرسامی دەبێت.
بەهۆی بۆچوون و هەڵوێست و چالاکییەکانی لە سەردەمی زانکۆدا، ساڵی 2001 تا 2007 زیندانیی دەکرێت، دوای ئازادکردنی، لەنێوان ساڵانی 2008 تا 2014 لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە، وەک هەواڵساز و پەیامنێر کار دەکات، هەروەها بە مەبەستی قوڵبوونەوە و زیاتر ڕۆچوون لە پرسی ژن و گرنگی ئازادیی ژن لەم پڕۆسەیەدا کۆرسەکانی بەشی خوێندنی ژنان لە زانکۆی حاجەتەپە وەردەگرێت.
لە دامەزراندنی یەکەمین ئاژانسی ژنان (ژنها) جێگا دەگرێت، لە پێشخستنی ڕاگەیاندنی ژنان زۆر هەوڵدان و تێکۆشان دەکات، لەپێناو پەرەدان بە ڕۆژنامەوانیی ژنان لەو شوێنانەی کاری تێدا کردوون، تێکۆشەر و مامۆستا و هەڤاڵێکی نزیکی هەمووان بووە، هەر بۆیە تەنیا لە چوارچێوەی ژنانی کورد نامێنێتەوە و ئاشنایەتی لەگەڵ ژنانی سەرجەم نەتەوەکانی دیکەی تورکیادا پەیدا دەکات.
فەلسەفەی ژنۆلۆژی (زانستی ژن) کە ڕێبەر عەبدوڵڵا ئوجەلان، لە ئاستی باڵادا، چ لە ڕووی ئەکادیمی و چ لە ڕووی دامەزراوەییەوە، گرنگییەکی زۆری پێدەدات، کاتێک پڕۆسەی بە دامەزراوەییکردنی ژنۆلۆژی دەست پێدەکات، (ناگیهان ئاکارسەل) بەشداری لە خوێندنەکانی ئەکادیمیاکەدا دەکات.
لە سەروەختی دامەزراندنی گۆڤاری ژنۆلۆژیشدا زۆر هەوڵیداوە، ئەندامی دەستەی سەرنووسەرانی گۆڤارەکە بوو و بەردەوامیش بە بابەتەکانی گۆڤارەکەی دەوڵەمەندتر کردووە، بۆ ئەوەی گۆڤارەکە ببێتە پلاتفۆرمێک بۆ ئازادیی ژنان بێ وچان لە دەرگای هەموو کەسێکی داوە، لە باکوور و باشوور و ڕۆژاوا خەباتی پەروەردەیی ژنانی ئەنجام داوە.
دوای ساڵی 2018 بەردەوام بوو لە بڵاوکردنەوەی توێژینەوە کۆمەڵناسییەکانی لەسەر #عەفرین# و #شەنگال# ، جگە لەوەش عاشقی فەرهەنگی زەنگینی هەورامان و خۆڕاگریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و هەوڵیداوە لەو بوارانەدا لێکۆڵینەوە بکات.
ساڵی 2019 تا ساتی شەهیدبوونی لە باشووری کوردستان، بۆ پێشخستنی ژنۆلۆژی بێ وچان کاری کرد، بە دەیان کۆڕ و سیمیناری پەروەردەی بەڕێوە بردووە، بۆ ئاشناکردنی گەنجان و ژنان بە ژنۆلۆژی.
لە دوو ساڵی کۆتاییدا بۆ کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی بابەت و لێکۆڵینەوەکانی ژنان لە کوردستاندا و درووستکردنی ڕێکخراوێک، کە بتوانێت پێشەنگایەتیی ڕۆشنبیریی ژنان بکات، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە کاری دەکرد، هاوکات خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ناوەندی پەرتووکخانە و ئەرشیف و لێکۆڵینەوەی ژنانی کوردە، سەرباری هەموو ئاستەنگ و سەختییەکان، هیچ کاتێک لە هەوڵ و خەباتی بۆ ئامانجە مەزنەکەی کە (ئازادیی ژن) بوو وچانی نەدا. [1]