هەوار ئیسماعیل
لە بەشی ناوخۆیی زانکۆی کۆچ لە ئەستەنبووڵ، خوێندکارێکی کوردی #عەلەوی# لەلایەن دوو کەس، کە لە ژوورەکەیدا ماونەتەوە، ئەشکەنجە دراوە و گوتەی ڕەگەزپەرستانەی بەرانبەر کراوە، هەروەها داوای لێکراوە کڕنووش بۆ دوو کەسەکە ببات.
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ، ڕووداوەکە بەرەبەیانی ڕۆژی 15-11-2023 ڕوویداوە. پێنج تۆماری دەنگی لە قسەکانی ئەو دوو خوێندکارە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەکەدا هەن کە بەو خوێندکارە کوردە دەڵێن: ئێوە میللەتێکی بندەستن، دەبێت کۆمەڵکوژ بکرێن. دەبێت دان بەوەدا بنێن کە کۆیلەن. دەبێت کڕنۆش ببەیت و ئێمە لەم ژوورەدا تۆمان ناوێت. ئەگەر لێرە نەڕۆیت، دەتکوژین.
ف.ب. ناوی خوێندکارە کوردەکەیە و تەمەنی 21 ساڵ، هەڵگری خەڵاتی ڕێکخراوی توێژینەوەی تەکنیکی و زانستیی تورکیایە و لە زۆربەی زانکۆکانی تورکیا و دەرەوەی وڵات ئۆفەری وەرگرتنی بۆ هاتووە.
ف.ب. لە زانکۆی کۆچ لە ئەستەنبووڵ بە سکۆلەرشیپی تەواو دەستی بەخوێندن کردووە و لە 19-10- 2023 لە ژوورێکی بەشی ناوخۆیی ئەو زانکۆیە لەگەڵ هەریەک لە حەسەن ئەگە. ک. ی تەمەن 21 ساڵ و ئاردا د.ی تەمەن 22 ساڵ دەمایەوە.
چیرۆکی ڕووداوەکە
ڕۆژی 15-11- 2023 کاتێک خوێندکارە کوردەکە چووە خۆی بشوات، سەرەتا حەسەن ئەگە. ک. لێیداوە و دواتر هەوڵیداوە بە ئاسنێکی گەرم دەموچاوی بسووتێنێت. پاشان کاتێک لە گەرماوەکە هاتووەتە دەرەوە، ئەمجارەیان ئاردا د. هێرشی کردووەتەسەری و هەوڵی داوە قوڕگی خوێندکارە کوردەکە ببڕێت، بەڵام ئەو بەرگری لە خۆی کردووە. لە ئەنجامی هێرشەکەدا گەدە و دەموچاوی بریندار بووە و دواتر لەلایەن پاسەوانانی بەشی ناوخۆییەکەی براوەتە نەخۆشخانە.
لەسەر داواکاریی ئەو خوێندکارە کوردە و خێزانەکەی، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
ئاردا د. لە گوتەکانیدا دانی بەوەداناوە کە خوێندکارە کوردەکەی بە چەقۆ بریندار کردووە. خوێندکارە کوردەکەش گوتوویەتی، حەسەن ئەگە ک. جیاکاری لە دژی من کردووە، چونکە من عەلەوی بووم و ویستی لە ژوورەکە دەرم بکات.
پارێزەری یەکێک لە خوێندکارە ڕەگەزپەرستەکان لە سۆشیاڵ میدیا ڕایگەیاندووە، ئەو دوو خوێندکارەی هێرشیان کردووەتە سەر خوێندکارە کوردەکە دوای دەستبەسەرکردنیان لەلایەن داواکاری گشتییەوە بە مەرجی دادوەری ئازادکراون.
دوای کاردانەوەی زۆری ڕووداوەکە لە سۆشیال میدیا، زانکۆی کۆچ ڕۆژی چوارشەممە چواری کانوونی دووەمی 2024 ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.
تونجای باکرهان و تولای هاتیمۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی شەوی پێنجشەممە چواری کانوونی دووەمی 2024 لە هەژماری تایبەتیی خۆیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی هێرشەکە کاردانەوەیان پێشدان دا و داوایان لە کاربەدەستان کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن.
تونجای باکرهان ڕایگەیاند، هێرشە ڕەگەزپەرستییەکان بەهۆی عەقڵی سیاسی ئەمڕۆوە بووە و قبووڵ ناکرێت. ڕۆشنایی نەخستنە سەر ئەو هێرشانە خۆراک بە فاشیزم دەدات.
تولای هاتیمۆغوڵڵاریش ڕایگەیاند: هێرشی ڕەگەزپەرستانە دژی خوێندکارێکی کورد-عەلەوی لە زانکۆی کۆچ جێگای قبووڵ نییە. ئەو هێرشە ڕەگەزپەرستانانە کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەکرێنەسەر سەر پێکهاتەی فرەیی و توانای پێکەوەژیان لەگەڵ جیاوازییەکانمان؛ ڕێگە بۆ تاوانی ڕق و کینەخۆش دەکات.
بارۆی ئامەد (سەندیکای پارێزەران) ڕایگەیاندووە، بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ئەو خوێندکارە کوردە دەکەن کە بەهۆی ئەوەی کورد و عەلەوی بووە هێرشی کراوەتەسەر.[1]