ناونیشانی بابەت: دوو سەدە لەمەوبەر 40 خێزانی جوو نیشتەجێی ڕواندز بوون
ئامادەکردنی #محەمەد هەسنانی#
وەک سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، لە ساڵانی 1836- 1837 زایینیدا و لە سەردەمی #میرنیشینی سۆران#، بەتایبەتیی سەردەمی حوکمڕانیی #میر محەمەد پاشای گەورە#، هەموو پێکهاتە و ئایین و مەزهەبەکانی شاری #ڕواندز#، ژمارەیان 586 ماڵ بووە، ژمارەی ماڵە جووەکانیش لەو کاتدا 38 ماڵ بوون، بەڵام لە ساڵی 1921 زایینی، ژمارەی و خێزانە جووەکان کەم بووەتەوە بۆ 21 ماڵ، جووەکان لە دانانی یەکەم بەردی بناغەی دامەزراندن و درووستکردنی شاری ڕواندزدا بەشدارییان کردووە.
لەمبارەیەوە ساڵح محەمەد ساڵح، لێکۆڵەر و نووسەری شاری ڕواندز، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند، ئەگەر چاوێک بە مێژووی ناوچەکەدا بخشێنینەوە، تەبایی و گیانی پێکەوەژیان لەنێو مەزهەب و ئایینەکانی ئەوکاتی ڕواندزدا، زۆر پتەو بووە، وەک کوردەواریی خۆمان دەڵێت: شین و شایی پێکەوە. دیارە لە سەردەمی میر محەمەد، بە هیچ شێوەیەک کەس نەیدەتوانێت گاڵتە بە هیچ کەس و ئایینی ئەوانی دیکە بکات، بەتایبەتیش بە جووەکان، چونکە گوایە پاشای گەورە زۆربەی کارە نهێنییەکانی خۆی بە جووەکان سپاردووە، بۆیە پاشا ژیانی ئەوانی دەپاراست و یارمەتیی دەدان. لە دوای داگیرکردن و سووتان و کاولکردنی شاری ڕواندز لەلایەن ڕووسەوە، لە ساڵی 1914ی زایینیدا، جووەکان و کوردە موسڵمانەکان بە ماڵ و منداڵەوە ئاوارەی دەشتی هەریر و باتاس و خرواتان و شەقڵاوە بوون، لە ساڵی 1918یشدا، کە شاری ڕواندز لە نۆژەن درووستکراوەتەوە، ئەوکاتی ڕواندز لە شوێنی کاولۆکان بووە و بە دەستی ڕووسەکان کاول کراوە، بۆیە نەیانتوانیوە دووبارە لە شوێنی خۆی نۆژەنی بکەنەوە، بەمەش گواستراوەتەوە سەرەوە بۆ شوێنی ئێستای. ئەم جارەشیان جووەکان لە دانانی یەکەم بەردی بناغەی دامەزراندن و درووستکردنی شاری ڕواندزدا، بەشدارییان کردووە. ”
ئەم لێکۆڵەرە دەشڵێت: وەک باب و باپیرانمان باسیان لێوە کردەووە و بۆ نەوە دوای نەوە گێڕاویانەتەوە، لەو سەردەمدا جووەکانی دانیشتووی ڕواندز خانووەکانیان ناڕێک و زۆر نەوی بووە و دیوارەکانیان لەناوەوە بە حەسیر و تانۆک درووستکردووە و بە قوڕ سواخیان داوە، تەنیا ڕووی دەرەوەیان بە بەرد و خشت درووست دەکرد، کەچی زۆریش لەو ژیانەیان ڕازی بوونە و هیچ کەسیشیان نەیویستووە لە خەڵکی ڕواندز جیا ببنەوە، لە شین و شایی دانیشتووانی ناوچەکە بەشدارییان کردووە، تا ئەو کاتەی دوای پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو کۆچیان کردووە و گەڕاونەتەوە ئیسڕائیل.“
ساڵح محەمەد ئاماژە بەوەش دەدات: جووەکانی شاری ڕواندز لە کەسابەت و بازرگانیدا زۆر شارەزا و زیرەک و بەتوانا بوونە، هەموو جۆرە پیشەیەکیان کردووە، دەگوترێت بەزۆری دوکاندار بوونە، وەک دوکانی بەرگدروویی و زێڕینگەری و مسگەری (سەفاری) و پەڕەچی، چەند دوکاندارێکی کوتاڵفرۆشیشیان هەبووە. گەورەترین و دەوڵەمەندترین کوتاڵفرۆشی جووەکانی لە شاری ڕواندز ئەمانە بوونە: (ئیلیاهۆن و شلیمۆن و بنیامێن) ، ئەو کوتاڵفرۆشانە کوتاڵەکەیان زۆر هەرزانتر فرۆشتووە. زۆر لە جووەکانیش پیشەوەر بوون، وەک مسگەری، پەڕەچی و درووستکردنی ڕانک و چۆغەڵی کوردی و جۆڵایی، بۆیە ئێستاش ڕواندزییەکان دەڵێن جووەکان زۆر کاسب و پارەدار بوونە، لەبەر ئەوەی هیچ شەرمیان لە کاسبی نەکردووە، کاسبییەکەشیان بەبێ فڕوفێڵ بووە، ئەوەش وای کردووە، کە زوو کەلوپەلەکانیان ساغ ببێتەوە و قازانجیش بکەن، هەر بۆیە خەڵکەکەش زیاتر ڕووی لە دوکانەکانی ئەوان دەکرد.“
زیاتر وتی: ئافرەتەکانی جوو لە ڕواندز، شانبەشانی پیاوەکانیان کاریان کردووە، ئەمەش ناوی هەندێک لە ژنە کاسبکارەکانە، کە لە بواری جودادا پیشەوەر بوون، وەک درووستکردنی کڵاو و بەرماڵ و مافوور و جاجم و هەندێ جار کاری پەڕەچێتی و جۆڵاییشیان لەگەڵ مێرد و کوڕەکانیان کردووە. جگە لە کاری خمخانە، گەلێ جار نانیشیان بۆ خەڵکی ڕواندز کردووە، لەگەڵ چەندین کاری دیکەی جۆراوجۆر. ژنە پیشەوەرە جووەکانیش ئەمانە بوونە: (ساقین، مێرەم، نازێ، مامز، نازدار، مسری، ڕەمزین، شامیە، کەپرین، عاشیل، خەمێ، ڕەمین، شالیان، ڕابیعە، شەمۆنییە، ئارمۆش، لامین، لەیلا) و چەندینی دیکە.“[1]