ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتی داری خله 02
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
دوای ئەنفالی سێ ی گەرمیان ،( حەمەرەش و مەلا ئەحمەدی گەرمیان وسەید محەمەدی گەرمیان وعوسمانی حاجی مەحمود وعەدنانی حەمەی مینا ) ، بڕیاریان دا ،وەک پارتیزان ، لە گەرمیان بمێننەوە ، لە دانیشتنێکی نهێنی دا، (خەلیفە محەمەد و مام تاهیری خاڵی مەلا ئەحمەدی گەرمیان وقادرەسوور)ی نوێنەری رێکخراوی سلێمانی یان لە گوندی (واران ) بینی ،بە وردی بەرنامەی (کات و شوێن )ی یەکتر بینییان دیاری و دەست نیشان کرد.
هەواڵی مانەوەی ئەو دەستەو مەفرزە پارتیزانانەی گەرمیان و قەرەداغ , گەیشت بە ئیستیخباراتی عەسکەری فەیلەقی یەک لە کەرکوک وئیستیخباراتی گشتی عیراق ، لە بەغداد.
هێزێکی پیادەی سوپای عێراق بە هاوکاری جاش، کێوماڵی بست بە بستی ، هەموو دەشتایی و گردۆڵکە و نشێوو و شوێنە چەپەکەکانی گەرمیان و قەرەداغ –یان کرد ، بەتایبەتی هەردەی ناوچەی زەنگەنە.
لە 22 / 9 /1988، هیزەکانی سوپای عێراق ، کێوماڵی چڕو بەربڵا ویان بۆ سەراپا گەرمیانی کرد ، پێش ئەوەی ئەوکێوماڵە ، لە رێکخراوی سلێمانی یەوە ، هەواڵ و زانیاری کێوماڵەکە گەیشت بە حەمەرەش .
حەمە رەش ، سەرپەرشتی هەموو دەستەپارتیزانەکانی گەرمیانی دەکرد ، لە سەرە موعید-ی جیهاز، بە جیهازی (تەلەون کن ) ، هەواڵ وزانیاری کیوماڵەکەی گەیاند ، بە هەموو دەستە پارتیزانەکانی گەرمیان .
ئه و رۆژە ، (عەدنانی حەمەی مینا ، مەحمودی مامە عەزە ، بورهانی حەمەی مینا، سدیق عەلی تۆفیق ، حاجی عوسمان ، مەلا کەریم ، هەیاس حەسەن فەتاح ، مام ساڵحی گەرمیان و چەند پارتیزانێکی تر )،لە ژێر دار هەنجیرەکەی (عەلی کوتەک ) ، لە سەر کانیەکە دانیشت بوون ، ئەوشوێنە بەرز بوو، دەیڕو انی به سەر هەموو ناوچەی کەلاردا
لە سەعات11-ی ، 22 / 9 / 1988 سامی سەمین سەعید حەرەس بوو ، بە دووربینەکەی سەیری دەوروبەری خۆی کرد ، لە دوورەوە تەپو تۆزێکی لە سەر زەویەکەوە ، بە چڕی بینی ، بەرەوقوڵایی ئاسمان دەکشا.
لە سەرەتادا , هاوڕێکانی ئاگادار نەکردەوە، لە تەپوتۆزە کە، بە دووربینەکەی زیاتر روانییە ئه و شوێنانە ، تەپوتۆزەکە زۆرتر دەبوو ، کەوتە گومانەوە ،(لەوانەیە ، ئه و تەپوتپزە ، کێوماڵی هێزەکانی سوپای عێراق بێت).
سامی بەخێرایی خۆی گەیاندە خوارەوە و هەواڵاکە ی بە (عەدنان حەمەی مینا و مەحمودی مامە عەزە و پارتیزانەکان )گەیاند :
-تەپوتۆزێکی زۆر لە خوارەوە یە ، لە کێوماڵی سوپای عێراق دەچیت .
پارتیزانەکام لە ناو خۆیاندا ، کەوتنە مقۆ مقۆی، بە زووترین کات ، پەناگەیەک بدۆزنەوە ،نەکەونە ناو کێوماڵەکە وە.
مام ساڵح –ی گەرمیان رووی کردە ( عەدنان و پارتیزانەکان و وتی:
- من شارەزای قەڵبەزەکەی داری خلەم ،باهەموومان بڕۆین بۆ ئەوێ و خۆمان حەشار بدەین .
عەدنانی حەمەی مینا ، لە بەرزاییەکانی (زاوت )-ەوە ، بە دووربینەکەی ، ڕانییە پێ دەشتەکانی بەردەمی خۆیان ، ئه و هێزە بێ شومارەی سوپاکەی بینی ، کێو ماڵیان دەکرد ، چەند کیلۆ مەترێک لێ یانەوە دوور بوو ، ئه و هێزە ، بە پێی نەخشه و بەرناومەیەکی وردی ئیستیخباراتی عەسکەری هەموو کون و کەلەبەرێکی ،ناوچەکەیان دەپشکنی و بەره و لای ئەوان ،دەکشان .
هێزەکەیان بینی روویان کردە( زاوت )، دیواری چەند خانوویەک مابوو، هەموویان خاپوور کرد .
بۆ ئەوەی نەکەونە ناو بازنەی کێووماڵە کە وە، عەدنانی حەمەی مینا ، بڕیاری دا ، سێ وڵاخەکە لە ژێر دار ژاڵەکانی عەلی کوتەک دا ببەستنەوە.
هەموویان خۆیان ببەستن ،بە پێی ئاراستەی کێوماڵە ، بەره و ئاڕاستەی پشتی کێوماڵەکەهەنگاو بنین ، بروسکە ئاسا خۆیان گەیاندە گوندی (حەسەنی عەمنە )، تاقە ماڵێک بوو ، هێزی کێوماڵەکە ، بەره و ئاڕاستەی ئەوان دەهاتن ،وردەوردە نزیک تر دەبووە لییان .
پارتیزانەکان رووەوئەشکەوتەکە،بە ئاراستەی پشت سوپاکە ، بە راکردن بە 40 دەقیقە گەیشتنە بەردەم قەڵبەزەکە .
هێزی پیادەی سوپا گەیشتنە رۆستەی شامار ، کوێرانە هەموو ئه و دەورو بەرەیان بە دەسڕێژ داگرتەوە ، پارتیزانەکان ئەوەندە رایان کرد بوو ماندوو بوون هێزیان لێ بڕابوو تونای جوڵەیان نەمابوو، مەترسی گەیشتنی هێزەکەیان لەسەر بوو ، بگەنە سەریان ، خۆیان لە بن ئەشکەوتەکەدا گرمۆڵکە کرد ،ئیتر ئاگایان لە ئاڕاستەی جوڵەی هێزی کێوماڵ نەما، بەرەوکام لا دەڕۆن ، ئەوشوێنە بوو بە حەشارگەیا ن.
ئه و شەوه سوپای کێوماڵ بە پاڵپشتی چەندان زیلی عەسکەری و دەبابە و کۆپتەر ،سەراپا ئه و دەوروبەرەیان پشکنی .
ئەمە یەکەم کێوماڵی سوپای ئەنفال بوو ، دوای ئەنفالی گەرمیان بە ناو گوندە خاپورکراوەکانی گەرمیان دا دەگەڕان بۆ ئەوەی گەر پارتیزانەکان بدۆزنەوە لەناویان ببەن ، گەرهەر خانوو یەک نەڕوخابێت ، بیروخێنن.
پارتیزانەکان ئه و شەوە لە برسا ، نانە رەقەی ناو کۆڵە پشتەکانیان دەخوارد ، بۆ نیوەڕۆکەی برنج و فاسۆلیان لێ نابوو، کێوماڵە کە بواری نەدان ، بە جێیان هێشت ، هێزی کێوماڵەکە نەچوونە ئەوشوێنەی، خواردن و کەلوپەلی پارتیزانەکانی لێ بوو.
ئێوارەکەی عەدنانی حەمەی مینا ، بە جیهازی (تەلەفۆنکن)، پەیوەندی بە حەمە ره ش-ەوە کرد بوو، وحەمەرەش پێ ی وتبوو:
-ئه و کێوماڵە 72 سەعات ،لە گەرمیان بەردەوام دەبێت .
پارتیزانەکان بە رۆژ ، خۆیان لە قەڵبەزەکە حەشار دەداو بە وردیی چاودێری جم و جۆڵی کێوماڵەکەیان دەکرد ، لە چەند شوێنێک دامەزران ، بۆئەوەی ئەگەر ، حاڵەتی کت و پڕ روو بدات، هەرکاتێ کێوماڵەکە پەی بە شوینەکەیان ببات ، روو بە ڕوویان ببنە، بەشەویش لە کەندڕەکەدا نانیان دەکرد .
دوای 72 سەعاتەکە هێزەکە لە کێوماڵەکەیان کشانەوە بۆ کەلار.
ئه و یەکەم کێوماڵی کت و پڕ ی سوپای عێراق بوو ، بە پاڵپشتی ئیستیخباراتی عەسکەری فەیلەقی یەک، بە دەبابه و کۆپتەر. ئەم کێوماڵە کتوپڕە ،بوو بە هۆی ئەوەی ، پارتیزانەکان هەموو چرکەیەک لەسەر هەست بن ، بۆ خۆپاراستن لە کێوماڵەکانی سوپای عێراق و جاش و جاسوس.
عەبدوڵڵا کەریم مەحمودسەرچاوە: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ، رەشەبای ژەهرو ئەنفال، بەرگی دووەم.
*قەڵبەزی داری خلە ، کەندڕێک بوو، بەهۆی لافاوی بارانەوە چەمەکەوە ،قوڵتر ببوو، کەوتبوە (خۆرهەڵاتی گوندی قەڵاتۆپزان، لە سەرووی رۆستەی شامارو لەرۆژهەلاتی زا و ت )ەوە ، نزیکەی 21 کم لە ناحیەی پێبازەوە دوورە ، سەربە قەزای کەلارە ، قەڵبەزەکە چەندسەد مەترێک لە خوار داری خلەوەیە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=