ناونیشانی بابەت: ئەشکەوتی داری خلە 04
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
زەردەی خۆرئاوای #19-02-1989# پارتیازانەکانی داری خلە ، گوێ یان لە هەواڵەکانی دەنگی گەلی کوردستان بوو ،مەلا ئەحمەد و سەلام لەسەر جێگەکەیان راکشابوون .
سەلام وتی :
-سەید محەمەد* ئێستا کاتی پەیوەندی یە بە جیهازەکانەوە .
سەید محەمەد، جیهازەکەی هەڵگرت،بەخێرای هەنگاوی نا بۆ دەرەوەی ئەشکەوتەکە و وتی :
سۆران تفەنگەکەت و دووربینەکەت هەڵگرە.
سۆران بە خیرایی دووربینەکەی مەلا ئەحمەدی هەڵگرت ، تفەنگەکەی بیر چوو، لە گەڵ سەید محەمەد ، روویان کردە سەر بەرزایی ئەشکەوتەکە ، لەپاڵ (رکەی ملەکە ).
سەید محەمەد ، بە جیهازە تەلەفونەکەی پەیوەندی بە جیهازی مەفرە زە پارتزانەکانەوه کرد .
( سۆران )یش بە دوووربینەکەی چاودێری دەوروپشتی داری خلەی دەکرد ، رۆژی پێشوو تر ، هێزەکانی سوپای عێراق ، کێوماڵی چڕی،سەراپا ناوچەکەیان کرد بوو.
سەید محەمەد پەیوەندیی لە گەڵ هەموو بنکە پارتیزانەکانی گەرمیان ، تەواو کرد ، لەو کاتەدا لە گەڵ سۆران دا ، دەگەڕنەوە ، بۆ لای ئەشکەوتەکە ، دە هەنگاوێکیان مابوو ، لە ناکاو گرمەیەکی گەورە ، بێ دەنگی ، ئەو دەوروبەرەی هەژاند ، گەیشتنە بەردەم ئەشکەوتەکە ، بەردەمی ئەشکەوتەکەیان بینی ، هەرەسی هێنابوو، رووخا بوو.
ئازارێکی توند ، سەردڵی گرتن ، هەرچەندیان دەکرد ، نەیان دەتوانی :
بڕوا بەو کارەساتە ، پڕ لە تراژیدیایە بکەن ، هەموو بیرو هۆشیان ، لای دیمەنەکانی ئەو هاوڕێ یانەیان بوو ، چەند ساتێک ، لەوەبەر، بە یەکەوە بوون ، ئێستا ئەوان لە ناو ئەشکەوتەکە دا ، لە چاوەکانیان ون بوون، یەک بە یەک روخساری :
(مەلا ئەحمەدی کەلار( گەرمیان) ، حاجی حەمید، سەلام (محەمەد حسین)، حەیدەر محەمەد کەریم ، نوری قادر ناسراو بەپۆڵا)، رەحیم رەشید ئەحمەد ، دارا قادر حسین ) ، دەهاتەوە بەرچاو.
ناو ئەشکەوتەکە (10) مەتر بەرز و (2 ) مەتر پان و (5 ) مەتر درێژ بوو، سۆران و سەید محەمەد ، بە شپرزەیی و پەشۆکاوییەوە گەیشتنە بەردەم دەمی هەرەسی ئەشکەوتەکە ، بە دەنگی بەرز بانگی هاوڕێکانیان دەکرد:
( هیچ وەڵام نەبوو ).
-لەوکاتەدا (سەید محەمەد و سۆران ) لە بەردەم هەرەسی ئەشکەوتەکەدا ، دیمەنەکانی ، دوای نیوەڕۆی ئه و رۆژەیان ، بە بیردا هاتەوە ، هەر( 9 ) پاریتزانە ، پێکەوە گفتوو گۆیان دەکرد:
باسی ئەوەیان دەکرد ،هەرۆژێک بێت ،ئەشکەوتەکە هەرەس دێنێت ، ئەیان زانی ، کەڵۆزە کە ، جێ ی متمانە نییە ، بەڵام کێو ماڵەبەردەوامەکانی هێزەکانی سوپای عێراق و کۆپتەرەکان ، بواریان پێ نەدەدان ، بەدوای حەشارگەیەکی تردا بگەڕێن ، ناچاریان کردن ، تا ماوەیەکی تر تیا بمێنینەوە ، زۆر جار ، پارتیزانەکان ، لەناو خۆیان دا ، لە کاتی گفتوگۆکانیان دەیان وت :
-ئەگەر ئەم ئەشکەوتە بڕوخێ دەبێ بەگۆڕمان
*مەلا ئەحمەد ، چەند جارێک پێش ئەوەی ئەشکەوتەکە هەرەس بێنێت ، باسی روخانی ئەشکەوتە کەی دەکرد ، هەموو پارتزانەکان ، گومانیان لە رووخانی ئەشکەوتە دەکرد .
*سەید محەمد بە بەردەوامی خەریکی کتێب خوێندنەوە بوو .
ئه و ئێوارە برنج و فاسۆلیان لێ نابوو، هەر پاریتزانێک، خەونێکی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ ژیانی پارتیزانی و بەرگریی :
*(دارا و سەلام و نوری )، خەڵکی ناوچەی نارینی خوار کفری بوون ، نزیک جەبەل حەمرین ، دەیان وت:
-ماوەیەکی تر هەر هەموومان روو دەکەینە ناوچەی نارین ، لەوێ بنەوان ماوە ، درێژە بە جەنگی پارتیزانی و مانەوە دەده ین.
ئەحمەد زەرداوی دەیوت: :
-ئەم مەفرەزە پارتیزانینانەی ، گەرمیان لە ئایندەدا ، دەبنە هەوێنی هێزێکی گەورە بۆ رزگاری نیشتمان-
سەید محەمەد ،ملوانکەیەکی دۆزیبوەوە زۆر دڵی پێ خۆش بوو دەیوت: :
-ئەمە دیارییە بۆ کچە بچکۆلە*جوانەکەم.
سەید محەمەد ،وەک جیڤارا خەونی گەورەی هەبوو، زۆر جاری رووی دەکردە پارتیزانەکانی هاوڕێ ی و پێی دەوتن:
-له هەر شوێنێکی دنیا دا ، ستەم و چەوسانەوە هەبێ، بۆ جەنگی پارتیزانی ، روو دەکەمە ئەوێ .
ئه و رۆژە، پێش ئەوەی ئەشکەوتەکە هەرەس بێنێ ، (موکەرەم رەشید و ئەحمەد زەرداوی )لە گەڵ ئه و پارتیزانانە دا ، لە ناو ئەشکەوتەکەدا بوون ، پیان وتن :
-ئێمە دەچین بۆ بنکەکەی خۆمان ،کەلو پەلەکانمان دێنین و دەگەڕیینەوە بۆ لای ئێوە و لە ناو ئەشکەوتە دەمێنینه وە.
ڕەحیم رەشید یش، ئەو رۆژە لە گەڵ (موکەرەم رەشید و ئەحمەد زەرداوی )دا رۆیشت ، بەڵام رەحیم ، لە نیوەی رێگا گەڕابووەوە ، بۆ ناوئەشکەوتەکه و دوایی بوو بە ژێر هەرەسەکەوە.
سەید محەمەد و سۆران غازی ، نەیان دەزانی چی بکەن ،هانا بۆ کێ بەرن ، بە ناچاری ،بەره و لای (مکەرەم رەشید و ئەحمەد زەرداوی )، بەره و بنکەکەی خۆرئاوای گوندی زاوت کەوتنە رێ .
لە نیوەی رێگا ، بە مکەرەم و ئەحمەد گەیشتن.
هەرەسی ئەشکەوتەکەیان بۆ باس کردن .
ئەوانێش سەرسام بوون ، هەر چواریان پێکەوە گەڕانەوە ، بۆ بەردەم ئەشکەوتەکە ، لەوێ بە تێڕامانەوە ، چەند دڵۆ پە فرمێسکی حەسرەت ، بە چاوەکانیان دا هاتە خوارەوە .
دنیا بەره و تاریکی دەچوو، هەر چواریان ، روویان کردە ( بنکەی تەمشیتەکه )،
ئه و شەوە لەوێ مانەوە
ئێوارەکەی 20 / 2/ 1989،سەید محەمەد، لەسەرە مەوعیدا ،بە جیهاز )ی تلفن کن )ەکەی ، هەواڵی جەرگبڕی هەرەسی ئەشکەوتەکەی ، بە هەموو بنکەی پارتیزانەکانی گەرمیان گەیاند .
پێشمەرگەوجەماوەری تێکۆشەرانی گەرمیان ، دوای نزیکەی 2ساڵ و مانگ 8 و 11 رۆژ، بەسەر تراژیدیای هەرەس هێنانی ئەشکەوتی داری خله ، بە شۆفڵ ، ئیسک و پروسکی هەر 7 پارتیزانەکەیان لە ناو هەرەسی ئەشکەوتەکەدا دەرهێنا .
لە رێورەسمێکی شکۆمەندا.، گەیاندیانە گۆڕستانی کەلارو لەوی بە خاکیان سپاردن.
ئەم کەلوپەلانە لە ناو ئەشکەوتەکەدا بوون :
( رادیۆیەکی ناشناڵی یابانی ، چەند کتێبێک ، قەلەم پارکەرێکی خاف ، رادیۆیەکی بچوک ، مۆری تیپی 55-ی قەرەداغ ، شەش تاقم و هەشت مەخزەن و چەند شانەیەک ، چەند لاقە مزەلیەکی ژەنگاوی ، جیهازێکی راکاڵی بچوک ، کڵاو جامانەیەک ، تاکێک گۆرەوی ڕەساسی ، دە پاکەت جگەرەی کیس و مقەبای بەغداد ، تاقمی تەراش و گوێزان ، مەقاشێکی شکاو ، لایتی گەوره و بچوک ، شەش چەقۆ ، حەربەیەک ، شووشەیەک عەتر ، کتریەکی قوپاو ، قۆریەکی شکاو ، دوو پەرداخ ، دوو کەوچک ، شەش مەتارەی قوپاوی ئاو، چەند پێنج دینارییەک ، دە دیناری رزیوو ، رۆژمێرێکی هاوسەری مەلا ئەحمەد کە یادەوەرییەکانی لە ساڵی 1987 –ەوە تا 18 / 2 / 1989 )، تیا تۆمار کردبوو.
مامۆستا عەلی** پەرلەمان وهاوڕێکانی و لیژنەکە ، ئه و بەڵگەنامانەیان لە ناو ئەشکەوتەکەدا کۆکردەوە و پاراستیان .
لە 19/3/1994دا لە پێشانگایەکی تایبەتی دا، بۆ ماوەی 5 رۆژ بە بۆنەی یادی تراژیدیای هەرەس هێنانی قەڵبەزەی داری خلەوە لە هۆڵی کتێبخانەی کەلار خرانە روو،لە گەڵ وێنەی فۆتۆگرافی پارتیزانەکانی دوای ئەنفالی گەرمیان .
ئەم پێشانگایەیە لە لایەن مەڵبەندی رێکخستنی کەرکوک بەسەرپەرشتی مامۆستا عەلی پەرلەمان خرایە روو،.
دوای چەند مانگێک، هەمان پێشانگا لە هۆڵی میدیای شاری هەولێر خرایە روو،
بڕیار بووهەموو ئەم کەلوپەلانەی ئەشکەوتی داری خلە لە مۆزەخانەیەکی تایبەتیدا ، وەک
(سەروەری شکۆی پارتیزانی کورد لە تراژیدیای دوای ئەنفال دا بپارێزرێن)
بەڵام ئەو بریارەیان جێ بەجێ نەکرا ، بەڵێنی سەرانی کورد لە شوێنی خۆی دا نەبوو.
مامۆستا عەلی پەرلەمان هەموو کەل و پەل و کەرەستەکانی گواستەوە بۆ کەلار،لە رۆژە نا ئاساییەکانی 31-ی ئابی 1996دا، کورد ، هەموو ئه و کەرەسەوکەلوپەلانە ئەشکەوتی داری خلەیان ، شوێن بزر کرد .
عەبدوڵڵا کەریم مە حمود
***سەرچاوە: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود ، رەشەبای ژەهرو ئەنفال، بەرگی دووەم
*سەید محەمەد ی گەرمیان ، دڵی به و ملونکەیە خۆش بوو ، وەک دیارییەک، بەدەستی خۆی بیکاتە ملی کچەکە بچکۆلەکەی ،نەی دەزانی هاوسەرو جگەر گۆشەکانی و خەڵکی گەرمیان *ەکەی دەسگیر کراون ، لە بیابانەکانی خواروی عێراق، بە کۆمەڵ گولە باران کراون و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان دا ، بێ سەروشوێن کراون.
**مامۆستا عەلی پەرلەمان ، پێشمەرگەی دێرین وکادرێکی پێشکەوتووی خاوەن هەڵوێستی دیارو روناکبیرێکی خاوەن مەعریفەی گەرمیان ، کەسێتی یەکی پاکی نمونەیی ، نەفسیەت بەرز وسەر راست و پاک ، پڕاو پڕ لە وەفاو ئەمەک ، بۆ شەهیدان ، بۆ گەرمیان ، بۆ نیشتمان .
***لێرەدا ، بۆ ئەم زنجیرە وتارانەم ، نوسینی کتێبەی خۆم،بە ئەمانەتەوە ،وەک سەرچاوە نوسیووە ، بەڵام کەسانێک ، نووسەر نین ،چەندان نوسینیان دزیوم ، بە ناوی خۆیانەوە ،بڵاویان کردوەتەوە ، ئەم دیاردەیە کارێکی نەشیاو دیاردەیەکی نابەجێ و ناڕەواو ناشرینه. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=