ناونیشانی بابەت: لە سنووری گوندێکی ناحیەی دیانا 26 شوێنەواری مێژوویی دەدۆزرێنەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، ئاشکرای کرد: دەیان شوێنەواری مێژوویی، لە سنووری گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی دیانا لە ئیدارەی سۆران دۆزرانەوە و دەخرێنە ڕیزبەندی شوێنەوارەکانی سنوورەکەمان.“
دکتۆر #عەبدلوەهاب سلێمان#، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، زانیاریی زیاتری لەوبارەوە بۆ (باسکورد) خستە ڕوو و ڕایگەیاند: بە هاوکاریی هێزەکانی ئاسایشی قەزای ناوەندی سۆران و دیانا، توانیمان 26 شوێنەواری گرنگ لە سنووری گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی #دیانا# بدۆزینەوە، ئەمەش گرنگ و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بڕیارە بەم نزیکانە لە پڕێس کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی پتر لەوبارەوە بخەینە ڕوو.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، گوتیشی: تا ئێستا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نزیکەی 1100 شوێن و ناوچەی شوێنەواری و مێژوویی تۆمار کراون، ئەو شوێنەوارانەی ئێستا لە سنووری گوندی بادلیان دۆزراونەتەوە، لەگەڵ شوێنەوارانی پێشووتری ناوچەکە تۆمار دەکرێن و دەخرێنە ڕیزبەندی شوێنەوارییەوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، گوندی بادلیان سەر بە ناحیەی دیانا لە سنووری قەزای ناوەندی #سۆران#، لە ریزبەندی کۆنترین گوندەکانی ناوچەکەیە، لەدەوروبەری چەندین شوێنی قەڵا و شوورای شوێنەواری و مێژوویی بەدی دەکرێن، کە مێژووەکەیان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەتایبەتیش لە سەردەمی میرنشینی میرانی سۆران، کە فەرمانڕەوایی لە شوێنەکەدا کراوە، بەمەش گوندەکە و دانیشتوانەکەی دیار و ناسراون لە دەڤەرەکەدا. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=