گرنگترین و قووڵترین ئەشکەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قووڵییەکەی 572 مەترە بو ناوی ئەشکەوتی (پیرۆ) یان ئەشکەوتی (پراو)ە، دەکەوێتە بناری باشووری لوتکەی قەتە چەرمی.
بۆ ئەوەی گەشتیاران بگەنە ئەم ئەشکەوتە، سەرەتا دەبێت زیاتر لە سێ هەزار مەتر لە چیای پراوەوە سەرکەون و دواتر دەگەنە دەرگای درێژترین ئەشکەوت.
نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر، ژمارەیەک ئەندازیار و جیۆلۆجیی بەریتانی، کە لە بەرزاییەکانی زاگرۆس لێکۆڵینەوەیان دەکرد، بە دەمی ئەشکەوتێکدا گەیشتن.
بەپێی ئەزموون و زانیارییەکانیان سەبارەت بە زەویناسی و جیۆلۆجی و بەتایبەت جیۆلۆجیی ئەو ناوچەیە، ئەو جیۆلۆجییانە ئەگەری دروستبوونی ئەشکەوتێکی گەورەیان لەو ناوچەیەدا بەرز کردەوە و ئەو ئەگەرەیان لە کتێبێکدا بڵاو کردەوە، کە دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان بوو لەو ناوچەیە.
لە ساڵی 1970 بوو، کە جۆن میڵتۆن، بەرپرسایەتیی 11 ئەشکەوتەوانی پیشەگەری گرتە ئەستۆ و هەموویان بە کەرەستەی پیشەیی ئەشکەوتی خۆیانەوە گەشتیان کرد بۆ #کرماشان#ی رۆژهەڵاتی #کوردستان#.
ئەو 11 ئەشکەوتەوانە یەکەم کەسانێ بوون، کە بوێریی ئەوەیان هەبوو نهێنییەکانی ئەو ئەشکەوتە بێکۆتایە بدۆزنەوە. ئەو گرووپە بەریتانییە چەند ڕۆژێک لەو ناوچەیە چالاک بوون و دواجار توانییان بگەنە بیرێکی 26 مەتر قووڵایی 750 مەتری ئەشکەوتەکە و حەوزێکی قوڕی بەدرێژیی 50 مەتر لەناو ئەشکەوتەکەدا ببینن.
ئەمە کۆتایی سەفەری ئەشکەوتەوانە بەریتانییەکان بوو بۆ کرماشان، ئەو گروپە لێکۆڵینەوەکانیان لێرە ڕاگرت، چونکە پێویستیان بە کەرەستەی زیاتر بوو بۆ بەردەوام بوون لە گەڕان لە ئەشکەوتەکەدا. ساڵی دواتر و لە مانگی ئابی ساڵی1971دا، کۆمەڵە ئەشکەوتوانە بەریتانییەکان جارێکی دیکە کۆ بوونەوە، بۆ ئەوەی دیسان بچنە ناو قووڵایی ئەشکەوتی پراوەوە. ئەمجارەیان دەیڤید جۆنسۆن، سەرکردایەتیی گرووپەکەی کرد و کۆمەڵەی جوگرافیای شاهانە و زانایانی ئەشکەوتناسی بەریتانی پشتگیرییان لێ کرد، بۆ ئەوەی بچنە قووڵایی ئەشکەوتی پراو و شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێشووی گرووپەکە، جگە لە تەواوکردنی توێژینەوەکە، بەڵام هەوڵەکانی ئەو گرووپە بە مەبەستی دەرخستنی قووڵایی زیاتری ئەشکەوتەکە تەواو نەبوون و تەنیا توانییان لێکۆڵینەوەکانی گرووپی پێشوو تەواو بکەن، بەو هۆیەشەوە (پراو) وەک ئەشکەوتێکی پڕ نهێنی ماوەتەوە. ناوبانگی سروشتیی نەبڕاوە و نهێنیی ئەو ئەشکەوتە لەنێو ئەشکەوتەوانەکاندا بڵاو بووەوە، تا لە ساڵی 1994، پۆلۆنییەکان بڕیاریان دا تەحەدای چوونە ناو ئەشکەوتی پاراو بگرنە ئەستۆ.
بەڵام ئەمجارەیان لە شەڕی ئەشکەوت و ئەشکەوتەوانەکاندا، ئەوە پراو بوو، کە سەرکەوت و پۆلۆنییەکان بە پێشکەوتن تەنیا یەک مەتر زیاتر لە بەریتانییەکان کارەکانیان تەواو کرد. دوای پۆلۆنییەکان نۆرەی ڕووسەکان بوو، کە بچنە شەڕی ئەشکەوتەکەوە.
ڕووسەکانیش زۆر سەرکەوتوو نەبوون و تەنیا توانییان بگەنە قووڵایی 400 مەتر لە ئەشکەوتەکە، چونکە دوای 400 مەتر هەوای ناو ئەشکەوتەکە ڕێگەی نەدا بەردەوام بن لە چالاکییەکە. تا ساڵی 1989 ئەشکەوتەوانە ئێرانییەکان بڕیاریان دا خۆیان ئەشکەوتی پراو بگەڕێن. دواجار لە ساڵی 1991 ئەوان بۆ یەکەمجار گەیشتنە کۆتایی ئەشکەوت و حەوزەکە و تەلەسمی 18 ساڵەی ئەشکەوتەوانە بە دەست ئەوان شکا.
دوای ئەوە کۆمەڵەیەکی دیکەی شاخەوان و ئەشکەوتەوان چوونە ناو قووڵایی ئەشکەوتی پراو و دەرئەنجامی چوونە ژوورەوەیان دۆزینەوەی دەرگا و ڕێگای نوێ بوو بۆ ئەشکەوتەکە.
چیای پراو دەکەوێتە نزیک شاری کرماشان و ڕووبەرەکەی نزیکەی 1020 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
شاخی پراو لە نزیکی چەند شاخێکی وەک (قەرال، دۆقەرال، راق چەرمی، دار بیدعالیور، بەلوچ، میرادال، واسە، شاهنەشین، کەمەر سیاح) و... هتد دروست بووە. بەرزترین لوتکەی چیای پراو بە بەرزیی 3357 مەترەو بە شێخ عەلی خان ناسراوە.
چیای هۆجیر دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاخی پراو و بە دۆڵی ڕووباری دینوور لەو شاخە جیاکراوەتەوە و شاخێکی بچووک دروست دەکات.
ئامادەکردنی بابەت: #ڕۆیا سەردار# [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!