ناوەندی وەرزشی کوردستان مەراسیمی خەڵاتی باشترینەکانی ساڵی بۆ ڕاهێنەران و یاریزانانی یارییە جیاوازەکان ڕێکخستوو تێیدا و تیمی موایتایی یانەی پێشمەرگە توانییان لە باشترینەکان بن.
لەنێو هۆڵی تەوار لە شاری #سلێمانی#، ناوەندی وەرزشی کوردستان خەڵاتی باشترین یاریزانانی یارییە جیاوازەکانی کرد و تێیدا و هەر یەک لە (#بەرهەم محەمەد#-ڕاهێنەر، #بەهمەن محەمەد#، #باڵا فاخر# و ڕێبەر شەفیق، یاریزانان) قەڵغانی باشترین یاریزانانیان پێ بەخشرا کە لە وەرزی 2023 بۆ 2024 توانییان چەندین ئەنجام و دەستکەوت بەدەست بهێنن.
سەبارەت بە وەرگرتنی ئەو خەڵاتانەیان، بەرهەم محەمەد ڕاهێنەری تیمی موایتایی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بۆ پێشمەرگە سپۆرت وتی، سوپاسی ناوەندی وەرزشی کوردستان دەکەین کە مەراسیمێکی شایستەی بۆ پاڵەوانانی یارییە جیاوازەکان ڕێکخستبوو و خۆشبەختانەش بەندە وەک ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئێراق کە خاوەن چەندین دەست کەوت و ئەنجامین و هەریەک لە یاریزانان (بەهمەن محەمەد لەسەر ئاستی پێشکەوتوان لە پاڵەوانییەتیی جیهان، باڵا فاخر لەسەر ئاستی لاوان و ڕێبەر شەفیق) خەڵاتمان پێ بەخشرا.
بەرهەم وتیشی پیرۆزبایی لە خۆمان و یانەکەمان دەکەم کە توانیمان ئەو دەست کەوتەش بکەینە دیارییەکی دیکە بۆ خۆمان و یانەکەمان و هیواداریشین بۆ ساڵی 2025 لەسەر هەمان ڕێچکەی سەرکەوتنەکان بەردەوام بین و نازناو و دەستکەوتەکان بۆ یانەکەمان و شاری سلێمانی بەدەست بهێنین. [1]