ناونیشانی بابەت: ئەگەر بەتەنیا سوپای ڕووسیات بینی، ھەر دەبێ بڕووخێیت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی ھەشتەمی زنجیرە وتارێکە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە). لە بەشی یەکەمەوە تا بەشی پێنجەم، ئاماژەم بە ھۆکارە ناوخۆییەکانی ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو و بەعسی سووریا کردبوو، یەکەمیان میکایل گۆرباچۆڤ خۆی لە 25ی 12ی 1991 لەجیاتی بێژەر ھاتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و ڕووخانی سۆڤێتی لە لینینەوە ھەتا خۆی ڕاگەیاند و ڕووخاندنی بەعسی سووریاش لە 8ی 12ی 2024 و بەفەرمی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنی سووریا ڕاگەیەندرا.
لە بەشی یەکەمەوە تا بەشی پێنجەم، ئەوەندەی بۆ نووسینی وتاری ڕۆژانەی ڕۆژنامەوانی دەست دەدات، باسی ھۆکارە ناوخۆییەکانی ڕووخانی سۆڤێتی پێشوو و بەعسی سووریام کردووە. لە بەشی شەشەمەوە ھاتوومەتە ناو ھۆکارە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی ڕووخانی بەعسی سووری و ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەست بە بەشی ھەشتەم دەکەم:
بەگشتی، ھەواڵ و دیمەنەکانی ڕووخاندنی بەعسی سووریا سەرنجڕاکێشن، بەڵام لەناویاندا و بۆ ئیشی خۆم ھەواڵێک زۆر سەرنجی ڕاکێشام، ئەویش ئەوە بوو، کە لەناو نووسینگەکەی بەشار ئەسەد یەک کتێبی لێ بووە، ئەویش بریتی بووە لە (مێژووی سوپای ڕووسیا). ئنجا نەخشەیەکی جوگرافیی ئەو ناوچانەی سووریا، کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا نیین. جا تۆ سەیر کە، سەرۆکی دەوڵەتێکی وەک سووریا بیت، یەک کتێبت لەبەردەمدا بێت، ئەویش (مێژووی سوپای ڕووسیا) بێت، یەک نەخشەی جوگرافیاشت بە دیواری ژوورەکەتدا ھەڵواسیبێت، ئەویش نەخشەی ئەو ناوچانە بێت کە لەژێر دەستی خۆتدا نیین! بە لێکدانەوەی خۆم و ئالێرەوە بچووکیی ڕادەی بیرکردنەوەی بەشار ئەسەد دەردەکەوێت. بۆچی؟
1 - ئەگەر سەرۆکی سووریا بوویت و کتێبی مێژووی سوپای ڕووسیات لەبەردەم بوو، دەشبێت مێژووی سوپای ئەمەریکا و ئیسرائیلیشت لەبەردەم بێت، بەڵام پێدەچێت بەشار ئەسەد وایزانیبێت، ئەمەریکا و ئیسرائیل سوپایان نییە!
2- ئەگەر سەرۆکی سووریا بوویت، دەبێت نەخشەی ھەموو جیھان و لەناو ھەموو جیھانیشدا نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و لەناو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشدا نەخشەی وڵاتانی دراوسێت لەبەردەمدا بێت، بۆ ئەوەی بزانیت ھەر بەتەنیا لە ئدلیبەوە کێشەت نییە، بەڵکوو کێشە سیاسییە گەورەکەت زۆر لە ئدلیب دوورترە و ئەوەتا لەوبەر ئۆقیانووسی ئەتڵەسییەوە، مەبەستم ئەمەریکایە و ئنجا لەپەنا ئدلیب دەوڵەتێک ھەیە ناوی تورکیایە.
3 - ئەگەر سەرۆکی سووریا بوویت، نابێت ھەر بەتەنیا خەریکی خوێندنەوەی مێژووی سەربازی بیت، بەڵکوو دەبێت ئاگات لەو کتێبانەش بێت کە تایبەتن بە چاکسازییەکان لەناو مێژووی سیاسیی وڵاتانی جیاجیای جیھاندا، ھەر بۆ نموونە، ئەوەتا لەپەنا سەرتا مێژووی چاکسازییەکانی (سوڵتان عەبدولمەجیدی یەکەم)ی عوسمانییەکان لە ئستانبووڵ ھەیە، مێژووی چاکسازییەکانی (ئەحمەد شەفیق مەدحەت پاشا)ی والیی عوسمانییەکان لە بەغدا ھەیە، کە ماوەیەکیش والیی دیمەشق! بووە، دوورتر بڕۆ بۆ ئەوسەری ئاسیا و لە یابان مێژووی چاکسازییەکانی (میتسۆھیتۆ)ی حکوومەتی مێجی- ھەیە، ھەر لەوپەڕی ئاسیایە و لە چین، دوای مردنی ماوچۆسی تۆنگ، مێژووی چاکسازییەکانی حکوومەتەکەی (دینگ چیاو بینگ)- ھەیە. کەواتە:
ئەگەر وابزانیت بەتەنیا ڕووسیا سوپای ھەیە و وا بزانیت نەخشەی ھەموو جیھان و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بریتییە لە نەخشەی ئدلیب و ئنجاش فڕت بەسەر مێژووی چاکسازییە مێژووییەکانی جیھانەوە نەبوو، ئیتر ئاستی بیرکردنەوەت دەزانرێت و ھەر بۆ ئەوە باشیت بڕووخێیت و ھەر دەشبێت بڕووخێیت! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=