ناونیشانی بابەت: بۆ کاک مەزڵووم.. سبحان مغير الاحوال!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
لە گەرمەی نووسینی زنجیرە وتارێکدا بووم لەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا، بەڵام (فەرھاد عەبدی شاھین) ناسراو بە #مەزڵووم عەبدی#، کە لای خۆیان پێی دەڵێن فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (#هەسەدە#)، پەیامێکی بڵاو کردەوە، بۆیە منیش زنجیرە وتارەکەم بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت، بۆ ئەوەی بیروڕایەکی خۆم لەسەر ئەم پەیامەی مەزڵووم عەبدی دەربڕم، ئەگینا دواتر دێمەوە و درێژە بە زنجیرە وتارەکەم دەدەمەوە.
پوختەی پەیامەکەی ئەم کاک مەزڵوومە ئەوەیە، داوای یەکڕیزیی نیشتمانی لە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەشڵێت: ”با لایەنە کوردییەکان بەپیر داوای خەڵکەوە بچن و واز لە بەرژەوەندییە حزبیەکان بێنن!“
ئێ، ئێ بەڕێز مەزڵووم... بەڵام:
جارێ بەر لە ھەر شتێک، وەک ناوەڕۆک ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ ناوەڕۆکی پەیامەکەت نیە، ئەو وشانە خۆت نووسیبێتت، یان بۆت نووسرابن، وەک وشە و دەستەواژە و بەگشتی باشن و خراپ نین، بەڵام:
1 - تۆ، کە ئێستا بەئاشکرا لە پەیامەکەتدا باسی کورد و لایەنە کوردییەکان دەکەیت، بۆچی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەعسی سووریا نە خۆت و نە خۆسەرەکەتان و نە ساڵح موسلیم و نە ئاڵدار خەلیل و نە ئیلھام ئەحمەد، وشەی کورد و کوردستانتان بەسەر دەمدا نەدەھات؟
2 - بۆچی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەعسی سووریا، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵای کوردستانی لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا ھەڵبکردایە و بەرز ڕایبگرتایە، ھەر وەک ھێزە دەمامکدارەکانی بەعسی ڕووخاو لە سووریا، تێیان بەردەبوون و ئاڵای کوردستانیان دەدڕاند و دەسووتاند؟ تەنانەت ئەم بێحورمەتیکردنە بە ئاڵای کوردستان لای ئەو خۆسەر و جوانێن شۆڕشگەڕێ!ی لای خۆتان پەڕێنرابووەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەروەک (تەڤگەرا جوانێن شۆڕشگەرێ سووریێ)-ی لای خۆتان لە ھەرێمی کوردستانیش ھەندێک جەوانی خوێنگەرم و تەنانەت پەرلەمانتاری خۆفرۆشیش فێری بێحورمەتیکردن بە ئاڵای کوردستان کرابوون و دەیانگوت جا ئاڵای کوردستان چیە؟ پارچە پەڕۆیەکە!
3 - بۆچی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە سووریا، ھەر ھێز و کەسێکی کورد و کوردستانیی نەیارتان بوونایە و ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی ئیدارەی خۆسەرەکانی سەر بە پەکەکە سپۆنسەرەکانی ھەبوایە، ھەر وەک پیاوکوژەکانی بەعسی ڕووخاو شتێک ھەبوو بە ناوی (تەڤگەرا جوانێن شۆڕشگەرێ سووریێ) واتە (حرکة الشبيبة الثورية السورية) پەلاماریان دەدان و بێجگە لە مۆلۆتۆف و نارنجۆک ھەڵدان بۆ ناو بارەگاکانیان، ئنجا دواتر ئەندامەکانیان زیندانی دەکران و ھەروەک جەلادەکانی ناو زیندانی سێدنایا، ئەشکەنجەی دڕندانەیان دەدرا؟
4 - کاک فەرھادی عەبدی شاھین، باشە پێم بڵێ بەر لە ڕووخاندنی #ڕژێمی بەعس#ی سووریا، چ ئاھەنگێکی نەورۆزی ڕۆژئاوای کوردستان ھەبووە، کە ئەگەر تیایدا ئاڵای کوردستان بەرز کرابێتەوە و ھەندێک دروشمی کوردانە و نەتەوەییانەی تیا گوترابێتەوە، ئەو خۆسەر و جوانێن شۆڕشگەرێ سووریێ-ی لای خۆتان، بەعسئاسا پەلاماریان نەدابن و ئاھەنگی نەورۆزیان لێ تێک نەدابن و لەجیاتی ئاڵای کوردستان، ئاڵای پەکەکەی تیا بەرز نەکرابێتەوە؟ کاک مەزڵووم ئایا تۆ دەزانیت، کە ئاڵای کوردستانت داگرت و ئاڵای یەک حزبت خستە شوێن ئاڵای کوردستان، ھەر خۆی ئەمە بە مانای ئەوەیە ھەموو کوردستان دەکەیت بە قوربانیی پەکەکە؟ کەچی ئێستاش لە پەیامەکەتدا بۆ لایەنە کوردستانیەکان دەڵێیت: ”با لایەنە کوردییەکان بەپیر داوای خەڵکەوە بچن و واز لە بەرژەوەندییە حزبیەکان بێنن!“ (سبحان مغير الاحوال!)
5 - ئێستا و لەناو وتارێکی ڕۆژنامەوانییدا جێگەی خستنەڕووی ھەموو وردەکارییەک نابێتەوە، بەڵام کاک مەزڵووم تۆ کە ئێستا باسی یەکڕیزیی نیشتمانیی نێوان لایەنە کوردی و کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەیت، با بیرت بخەمەوە، خۆ ڕێککەوتننامەی #دھۆک# لە 23ی 10ی 2014 لەنێوان حزبە کوردستانییەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و تەڤدەمەکەی لای خۆتان، بە ھەوڵی بێوچان و ماندووبوونی سەرۆک بارزانی کە ئەوکاتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو و سەرکردایەتیی شەڕی دژی #داعش#یشی دەکرد، ئیمزا کرا و بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی دھۆک، دەبوایە ھەموو لایەنەکان بە ھاوبەشی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستانیان بدایە و ئنجاش ڕێگە بە ھێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان بدرایە، بۆ ئەوەی لەسەر خاکی خۆیان بەرگری لە ھەر ھەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، بەڵام تەڤدەمەکەی لای ئێوە، لەبەر مەیلی دیکتاتۆری و تاکڕەوانەی خۆی، ئەو ڕێککەوتننامەیەی زیندەبەچاڵ کرد!
بە ھەرحاڵ، ئێستاش ھەر باشە و نەچووە بچێ، وەک خۆت دەڵێیت با ھەموو لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە بن، بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو سووریایەکی دیموکراسیدا، بەڵام بە مەرجێک، زۆر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە و لە پەیامێکی دیکەی فەرمیی خۆتدا بۆ ڕای گشتیی ناو سووریا و ناوچەکە و نێودەوڵەتیی ڕابگەیەنە، کە دوورونزیک ھیچ جۆرە پەیوەندییەکتان لەگەڵ پەکەکە نامێنێت، چونکە بەڕاستی بارودۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت لەنێوان خورما و مێوژ یەکێکیان ھەڵبژێریت و زەمانی (سیاسەتی خورمژ) بەسەر چووە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=