ناونیشانی بابەت: کە سیبریا و سیدنایات ھەبوو ھەر دەبێ بڕووخێیت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم، بەشی دووەمی زنجیرە وتارێکە لەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا و ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە.) ھەر لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم بە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیی میکایل گۆرباچۆڤی دوا سەرۆکی یەکێتیی سۆڤێتی ڕووخاو دابوو کە لە 25ی 12ی 1991 خۆی لەجیاتی بێژەر ھاتە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و ڕووخاندنی سۆڤێتی ڕاگەیاند، ھەر لەو بەشەدا ئاماژەم بەوە دابوو سۆڤێتی ڕووخاو چ پەیوەندییەکی بە بەعسی ڕووخاوەوە ھەیە؟ لەم بەشەدا و ئیتر وردە وردە ڕێگە بۆ چوونەناوەوەی ئەو پەیوەندییە خۆش دەکەم.
زیندانەکانی سیبریا، لەناو مێژووی بەلشەفیەکانی سۆڤێتدا مێژوویەکی وەحشیگەرانەی ڕەشی ھەیە، زیندانەکانی سیبریا بە فەرمانی لینین و بۆ زیندانیکردن و داڕزاندن و لەسێدارەدانی نەیارانی سیاسیی بەلشەفیەکان لە ساڵی 1918 و بە فەرمانی لینین دروست کرا و دوای خۆیشی ستالین گەیاندیە چڵەپۆپەی کاری وەحشیگەری و نامرۆڤانە دژی نەیارانی خۆی، تەنانەت لەگەڵ ھاوڕێ زۆر نزیکەکانی خۆیشیاندا، ھەر بۆ نموونە و وەک مشتێک لە خەرمانێک:
1 - لە ساڵی 1919 و ئەو کاتەی بەلشەفیەکانی لینین، کۆمنتێرن واتە کۆمۆنیزمی نێودەوڵەتییان بە ناوی (نێونەتەوەیی 3) بۆ کۆکردنەوەی ھەموو حزبە کۆمۆنیستەکانی دنیا لەژێر باڵی بەلشەفەیەکان دروست کرد، لینین (گریگۆری زینۆڤیڤ)ی کردە بەرپرسی لیژنەی جێبەجێکردنی کۆمینتێرن، بەڵام لە ساڵی 1926 زینۆڤیڤیان لە حزب دەرکرد و ناردیان بۆ زیندانە بەدناوەکەی سیبریا و لەوێش ھەتا توانییان فیشەکیان پێوە نا و کوشتیان و گوتیان: زینۆڤیڤ تیرۆریستە!
2 - نیکۆلای بۆخارین، کە ئاستی ڕۆشنبیریی سیاسیی زۆر لەسەروو لینین و ستالینەوە بوو و پێشتر شرۆڤەی قووڵی مارکسیزمی بۆ سەدانی وەک لینین و ستالین دەکرد و ببووە مایەی سەرسوڕمانی خوێندەواران و مارکسییەکانی ئەو سەردەمە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی ستالین ھەر زۆر لەخوار بۆخارینەوە بوو، ستالین تەحەمولی بوخارینی نەکرد و دەترسا جێگەی پێ لێژ بکات، بۆیە ئەمیشی نارد بۆ زیندانە بەدناوەکەی سیبریا و ئەویشیان وەک زینۆڤیڤ کوشت و گوتیان: بۆخارین دەیەوێت حوکمی کرێکاران بڕووخێنێت!
3 - ھەر لە سەردەمی حوکمی ستالین و لە ساڵی 1944 یۆری چۆخۆفیچ لە ئۆکراینا دەستگیر کرا کە ئەو کاتە تەمەنی تەنیا 8 ساڵ بوو! لەگەڵ دایکیدا بردیانە زیندانە بەدناوەکەی سیبریا دوای دوو ساڵ واتە لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە دایکیان جیا کردەوە و تۆمەتەکەی ئەم منداڵەش ئەوە بوو کە باوکی! چالاکیی دژی کۆمۆنیزمیی ھەیە، سەرنج بدەن، منداڵێکی 8 ساڵە لەسەر ئەوە بنێریت بۆ زیندانی سیبریا و ئنجاش لەوێ لە دایکی جیا بکەیتەوە لەبەرئەوەی باوکی دژی ستالینە! و ھەر لەبەر چالاکیەکانی باوکی، بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ ماوەی 10 ساڵ بۆ یۆری چۆخۆڤیچی تەمەن 10 ساڵ دەرکرد و لە زیندانی سیبریاش بردیانە بەشێکی ئەو زیندانەوە کە ناویان نابوو (بەشی منداڵانی دژی گەل!) ئاخر ھەر ئەم منداڵە بوو کە لە زیندانی سیبریا ڕزگاری دەبێت، دواتر دەبێتە یەکێک لە چالاکوانە مافپەروەرەکانی گرووپی ھیلیسنکی و لە ساڵی 1991یشدا بەشدارییەکی کارا دەکات لە دامەزراندنی حزبی کۆنگرەی نیشتمانیی ئۆکراینا و ئنجا دوای خۆپێشاندانەکانی دژی ڕووسیا لە گۆڕەپانی سەربەخۆیی لە ئۆکراینا و لە ساڵی 2013 بە خۆی و حزبەکەیەوە دەچێتە ناو بەرەی ڕاستڕەوە توندڕەوە نەتەوەییەکەی ئۆکراینا دژی ڕووسیا، جا باشە تۆ ئۆکراینی بیت و لە 8 ساڵیدا لەگەڵ دایکت دەستگیرت بکەن و بتبەن بۆ زیندانی سیبریا و لەوێش بەو تەمەنی 8 ساڵیەوە لە دایکت جیات بکەنەوە و بڕیاری 10 ساڵ زیندانیکردنت بۆ دەربکەن، لەبەر چی؟ لەبەر چالاکیی باوکت! پێم بڵێ ئیتر چۆن دژی ڕووسیا نابیت بە نەتەوەییەکی ڕاستڕەوی توندڕەو و ئیتر چۆن ئەمڕۆ ئۆکراینا چاوی بەرایی دێنێت سەیری ڕووسیا بکات؟
بێزەحمەت ڕاوەستن ھێشتا ماومە، ئاخر بۆیە لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم بەوە کرد کە ئەم ھەویرە ئاو زۆر دەکێشێت؟ [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=