#دوران کاڵکان#
پێویست دەکات ئەو پێشکەوتنانەی کە لەم دواییانە ڕوو دەدەن تێبگەین و شیکاری باش و گونجاوی بۆ بکەین. بە تایبەتیی لە دوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە سیستەمی سەرمایەداری بوو بە خاوەن هەژمونێکی گلۆبال و لەسەر ئەم بنەمایەش لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا چەندین دەوڵەت–نەتەوەی درووستکرد. ئامانج لە درووستکردنی ئەم دەوڵەت-نەتەوانە هەڵوەشاندەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. لەو سەردەمەدا پێکهاتەی دەوڵەت نەتەوە لە بەرژەوەندی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا بوو. ئارمانجی سەرەکی درووستکردنی ئەم دەوڵەت- نەتەوانەش کردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانی هندستان-ئەوروپا بوو. ئەو سەردەمە پڕۆژەی ڕێگای هێڵی ئاسنینی بەرلین-بەسرە-بەغدا پلانی بۆ داڕێژرابوو. مشتومڕێکی زۆر لەسەر ئەم ڕێگایە هەبوو. لە لایەکەوە ئینگلیزەکان دەیانویست دەست بە سەر ئەم ڕێگایەدا بگرن و لە لایەکیشەوە ئەڵمانییەکان. سەودا و مامەڵە کرا و لە ئەنجامدا ئەڵمانیا و دەوڵەتی عوسمانی لەسەر ئەم ڕێگایە ڕێککەوتن و دەسەڵاتی عەبدولحەمید پاشا ئەم ڕێگا بازرگانییەی دا بە ئەڵمانیا. بەڵام بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ تێکدانی ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئاڵمانیا و ئیمپراتۆری عوسمانی دەستیان کرد بە شەڕ لە دژی عوسمانییەکان. چەخماخەکانی ئەم شەڕەشیان لە ئەفریقا و لە کەنداوە و هەڵگرساند و بەم شێوەیەش پڕۆژەی ڕێڕەوی بەرلین-بەغدا-بەسرە پووچەڵکرایەوە. ئەگەر ئەو کاتە ئەم پڕۆژەیە ئاستەنگ نەکرابا ئەوا ئەڵمانیا لە بەرلینەوە هەتا کەنداو ڕێگای بازرگانی کۆنترۆڵ دەکرد. بەوشێوەیەش ئەڵمانیا لەسەر ڕێگای بازرگانی نێوان هیندستان–ئاسیا-ئەوروپا کاریگەریی دەبوو. بەڵام ئینگلیزەکان هیندستانیان داگیرکردبوو و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەی ماددە خاوەکانی هیندستان و ئاسیا لەلایەن ئەوروپاییەکانەوە ئامانجێکی ستراتیژییە. ئەم مشتومڕە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا بەردەوام ئەکات.
پێکدادانی نێوان دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەی نێونەتەوەیی
ئەم پەرەسەندنانەی دوایی لە سووریا دەرفەتی ئەوەیان ڕەخساندووە کە لە بارودۆخەکە باشتر تێبگەین. لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت ئەمریکا ویستی لەژێر ناوی NEW WORLD ORDER سیستەمی جیهانی سەرلەنوێ ڕێکبخاتەوە و لەم پێناوەدا دەستی بە شەڕ کرد. ئێمە ئەم شەڕە وەک پێکدادانی نێوان سیستەمی قۆڕخکاری سەرمایەی نێودەوڵەتی و سیستەمی قەوارەپارێزی دەوڵەت-نەتەوە پێناسە دەکەین. قەوارەی دەوڵەت–نەتەوە و سنوورە داخراوەکانی لە بەردەم جووڵەی سەرمایەدا ئاستەنگی درووست دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مژۆکداری و مێتینگەری. ئەو سیستەمەی دەوڵە- نەتەوە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆ خۆی لە ئەنجامی شەڕی جیهانی یەکەم خولقاندبوویت، لەم سەردەمەدا لەگەڵ تایبەتمەندی قۆڕخکاری و جیهانگیری سەرمایەی نێودەوڵەتی ناکۆکە. لەم واتایەدا شەڕی سێیەمی جیهانی هێرشێکی سەرمایەداری قۆڕخکارە بۆ گۆڕینی قەوارەی دەوڵەت-نەتەوە. ئامانجەکەی دابەشکردنی قەوارەپارێزی دەوڵەت-نەتەوەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەک کە ڕێگای وزە و بازرگانی لەنێوان هیندستان ئەوروپا (IMEC) پارێزراو بێت. لەسەر ئەم بنەمایە لە نەوەدەکانەوە تا ئەمڕۆ، ئەوە سی و پێنج ساڵە شەڕە.
هەندێک کەس ئەم شەڕە وەکوو سەرەتای شەڕی جیهانی سێیەم پێناسە دەکەن، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ جیا لەوان پێچەوانەوەکەی دەڵێت. ڕێبەر ئاپۆ ئەم قۆناخە دەچوێنێتە دوا قۆناخەکانی شەڕی جیهانی یەکەم. زیاتر لە کۆتاییەکانی شەڕی جیهانی یەکەم لە ساڵی 1918 دەچێت. ئەمە گرنگە و واتادارە. بەم ڕەنگە لە دۆخی شەڕەکە لەم قۆناغەی ئێستادا باشتر تێدەگەین.
کۆنترڵکردنی کەنداو هەتا ئیسرائیل
ئەمریکا لە شەڕی کەنداودا بۆ ئەوەی وڵاتی سعودیە بۆ خۆی بکاتە ناوەندێک لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا 150هەزار سەربازی بۆ ناوچەکە گواستەوە. لەمەدا ئامانجي ئەوەبوو ڕێڕەوی کەنداو هەتا ئیسرائیل کۆنترۆڵبکات. لەلایەکەوە لە کەسایەتی دەسەڵاتی سەدام حسێندا لە ئاستی هەرە ژووردا هێرشی کردە سەر قەوارەپارێزی دەوڵەت- نەتەوە، لەلایەکی تریشەوە لە ڕووی سەربازییەوە کەنداوی خستەژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە. بەمشێوەیە کەنداویان بۆ ڕێڕەوی وزە ئامادە کرد. لە ساڵی 1991 دا لە بەغدا دەوریان لە سەدام حسێن گرت. . لەبەر ئەوەی لەو کاتەدا هێشتا باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە لاواز بوو، واتا هێشتا پێگەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پتەو نەکردبوو، ترسی ئەوە لای ئەمریکا هەبوو کە ئەگەر شتێکی لەو بابەتە بکات و دەسەڵاتی سەددام بە تەواوەتی بڕۆخێنێت، پێدەچێت بۆشاییەک بێتە ئاراوە و هێزی دیکە لێ سوودمەند بن. ئەمریکا ترسی لە دوو هێز هەبوو کە بۆشاییەکە پڕ بکەنەوە. لەو کاتەدا لەلای ڕۆژهەڵاتی ئێراقەوە ئێران و لەلای باکووریشەوە پەکەکە هەبوو. ئەگەر دەسەڵاتی سەدام حسێن لە بەغدای پایتەخت لەو کاتەدا ڕووخێنرابا ئەوا ئەو هەردوو هێزەش کاریگەریان لەسەر سەر ئێراق زیاتر دەبوو، چوونکە ئەمریکا لاواز بوو و ئەو هێزە لۆکاڵییانەی پەیوەست بە ئەمریکاش هێشتا لە ئێراق نەبوون. واتە، هێزی لۆکاڵی ئێراقی گرێدراوی ئەمریکا هێشتا لە مەیدان نەبوون. هەر بۆیە ئەمریکا لە شەڕی یەکەمی کەنداودا تەنیا پشتی بە هاوپەیمانێتییە گشتییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان و هەروەها ئەو هێزە سەربازی و تەکنەلۆژیایە بەست کە لە سعودییە هەیبوو. بەڵام 12 ساڵی خایاند تا ئەمریکا بتوانێت پێگەی خۆی قایم بکات، خۆی باش بە ڕێکخستن بکات و کاریگەریی خۆی بسەپێنێت و ڕێگری لەو هێزانەش بکات کە ڕەنگ بوو لە بۆشایی ڕووخانی دەسەڵاتی سەدام حسێندا سوودمەند بن. بۆ ئەم مەبەستەش، دوژمنایەتی زیاتری لەنێوان ئێران و وڵاتانی کەنداودا درووستکرد وڵاتانی کەنداوی لە بەرانبەر ئێران ڕێکخست و لە بەرانبەر پەکەکەش گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ کرد. کاتێک کە لە لاوازبوونی ئەم هەر دوو هێزە دڵنیا بووەوە، ئەوا لە ساڵی 2001 دا لە دوای هێرشەکەی سەر هەردوو باڵەخانەکە، ئەمریکا سەرەتا ئەفغانستان و دواتریش ئێراقی داگیرکرد و سەدام حسێنی پاکتاو کرد.
مەترسی ئەوەی پەکەکە ببێتە هێزێکی کاریگەر لە ناوچەکەدا
لە ساڵی 1991دا ئەمریکا ترسی ئەوەی هەبوو کە ئەگەر بەغدا بڕۆخێت ئەوا پەکەکە لە ئێراقدا دەبێتە هێزێکی کاریگەر. کێشەی کورد یان ئەو ململانێیەی کە لەسەر کوردستان هەیە پەیوەندییەکی بەمشێوەیەی بە شەڕی سێیەمی جیهانییەوە هەیە. هەڵەبەت کێشەی کورد بۆ خۆی بەرهەمی شەڕی جیهانی یەکەم و دەرهاویشتەکانییەتی. دەتوانین هەمان شت بۆ شەڕی سێیەمی جیهانیش بڵێین. ئەم شەڕەی ئێستا بەردەوامی شەڕی جیهانی یەکەمە. واتە شەڕی جیهانی سێیەمیش پەیوەندی بە کێشەی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازی کوردستانەوە هەیە. پێویستە دەکات زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتە. لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە پاش شەڕی کەنداو هێشتا سەرقاڵی ڕووخاندنی سەدام حسێن بوو، لە لایەکەوە دەسەڵاتی باشووری کوردستانی درووستکرد و لەلایەکی دیکەشەوە هێزی ئۆپەراسیۆنی چەکۆشی هێنایە باشووری کوردستان. ئامانج و بڕیاری سەرەکی ئەم دەسەڵاتە و ئەم هێزەی کە ناوی ئۆپەراسیۆنی چەکوشیان لێی نابوو ئەوە بوو کە پەکەکە لە باشوور پاکتاو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لە 9ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1998 دا بە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی هێرش کرایە سەر ڕێبەر ئاپۆ لە سووریا و لە ئەنجامدا ڕێبەر ئاپۆ وەک بارمتەیەکی تایبەت لە 15ی شوباتی 199دا ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا کرایەوە.
ئەمریکا لە ساڵی 2003 تا ساڵی 2010 لە دەوروبەری کەنداودا شەڕی خۆ قایمکردن و خۆ ڕێکخستنەوەی بەڕێوە برد. ئێراقی داگیرکردبوو، پەیوەندی لەگەڵ میسر و سعودیە پەرە پێدا. دواتر قۆناغی بەهاری عەرەبی هاتە ئاراوە. تایبەتمەندی سەرەکی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی تێکۆشان بوو لە دژی دیکتاتۆرە نەتەوەپەرستەکان. سیستەمی سەرمایەی جیهانی هەوڵیدا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کەڵک لەمە وەربگرێت.
دەوری تورکیا لە قۆناخی بەهاری عەرەبیدا
تورکیا ڕاستەوخۆ لەناو ئەم قۆناغەدا بوو. ئەمریکا هاوکات لەگەڵ هێرشکردن بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی داڕشتن و پێناسەکردنی ستراتیژی سیستەمی نوێی جیهانی (New World Order) بوو. پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن بەشێک بوو لەم ستراتیژە. لەم پڕۆژەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تورکیا ڕۆڵی هەرە گەورەی پێدرابوو، تەنانەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەئاشکرا وتی کە من هاوسەرۆکی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزنم و هەوڵیدا کە کەڵک کە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی قۆناغی بەهاری عەرەبی بگرێت. لەم چوارچێوەیەدا لەم میسر و لە سووریا کەوتنە جووڵە. بە پشتیوانی ئەمریکا توانیان لە زۆر وڵاتدا پارتی دابمەزرێنن و ببن بە دەسەڵات. لە میسردا هەڵبژاردنەکەیان بردەوە، لە بەرانبەر ڕژێمی سووریاش سوپای ئازادی سووریا ڕێکخست. ئەم هاوپەیمانێتییەی نێوان تورکیا و ئەمریکا هەتا ساڵی 2015 بەردەوام بوو.
مەترسییەکانی ئیخوان موسڵمین
بەڵام ئەو دۆخەی کە لە میسر هاتە کایەوە جیاواز بوو، هاوپەیمانییەتەکەی تێکدا. ئەردۆغان ئەم دۆخەی وەک هەلێک بینی بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزندا پەرە بە باڵادەستی ئیخوان موسڵمین لە هەموو وڵاتان بدات و دەسەڵات بگرێتە دەست خۆی. ئەمریکا ناچارما تەگبیرێک بۆ ئەمە بگرێت. ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی یەکێتی سۆڤیەت ئیخوان موسڵمینی بە دەستی خۆی درووستکردبوو. ڕێکخراوی ئەلقاعیدەش بە هەمانشێوە بۆ تێکۆشان لە بەرانبەر یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفغانستان درووستکرا. هۆکاری درووستکردن و ڕێکخستنکردنی هەموو ئەمانە بۆ پێشانگەیەتی کردنی سیستەمەی ئەمریکا بوو. پڕۆژەی پشتێنەی سەوز ئەو پڕۆژەیە بوو کە نەهێڵێت یەکێتی سۆڤێت بکەوێتە ناوچەی ئاوە گەرمەکانەوە. بۆ ئەمەش لە زۆر وڵاتی جیاوازدا ڕێکخراوی ئیسلامی جیاواز درووستکران. تورکیاش هەر لە بەر ئەم هۆکارە ناوخۆیی ناتۆ کرا. تورکیاش وەک شوێنێک کە دەکەوێتە دوورترین گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵاتی پەیمانی ناتۆ لە چوارچێوەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزدا ڕێکخرا و ڕۆڵێکی چالاکی بینی. بەڵام سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەوە ترسا کە قەڵەمبازی ئیخوان موسڵمین کاریگەریی لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووست بکات. ئیخوانیش بۆ خۆی لایەنگری پارێزگاری کردن لە قەوارەی هەیی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو و ویستی لە هێرشەکانی سیستەمی سەرمایەی جیهانی دا سوودمەند بێت. بۆ ئەوەش ئەمریکا ئەگەر بەتەواویش نەبێت، کارە هاوبەشەکانی لەگەڵ تورکیا کۆتایی پێ هێنا.
لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە قۆناغێکی نوێ دەستی پێ کرد
لە ساڵی 1990ەوە تا 2010 هێرشەکان لەسەر کەنداو و دەوروبەری چڕ بوونەوە. پاش ساڵی 2010 کە دۆخی سووریا بوو بە ڕۆژەڤ، ئەم هێرش و ئامادەکارییە سەربازییانە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە چڕ بوونەوە. ئێران خۆی گەیاندبووە لوبنان و سنووری ئیسرائیل و هیلالی شێعی درووستکردبوو. هۆکاری کوشتنی قاسم سلێمانیش هەر ئەمە بوو.
لە 7ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ شەڕی غەزەدا قۆناغێکی نوێ هاتە کایەوە. لەم ڕۆژە بەدواوە ئامادەکارییەکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە بەردەوامە. ئارمانجی هەموو ئەم ئامادەکارییە سەربازییانە ئەوەیە کە بە پێی بەرژەوەندی و پاراستنی ئیسرائیل، ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە بۆ ڕێڕەوی نوێ وزە و بازرگانی هەموار و خاوێن بکرێتەوە و بەم شێوەیە بەتەواوی دەست بە سەر ئەم ڕێگایەدا بگرن. هەر بۆیە ئەمریکا پاپۆڕی جەنگی و هێزی دەریایی خۆی هێنایە ڕۆژهەڵاتی مێدیترانە. هەروەکوو چۆن لە 2 ئابی ساڵی 1990دا لە دوای داگیرکردنی کوەیتەوە، لە ڕێگای زەمینییەوە لە سعودیەوە 150 هەزار سەربازی هێنا، ئەمجارەش هێزە دەریاییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانەوە هێناوە و بووەتە بووە کاریگەرترین هێزی سەربازی لەو هەرێمە. بە دەستی ئیسرائیل هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازییان دەستپێکرد کە تا ئێستاش بەردەوامە. ڕاستە ئەم شەڕە حەماس دەستی پێ کرد، بەڵام ئەوەی حەماسی هان دا و ئاڕاستەی کرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوو. ئەمە شتەکی مسۆگەر و حاشاهەڵنەگرە. ئێمە هەر لە سەرەتای شەڕەکەدا ئەم خاڵەمان دەستنیشانکرد.دواتریش چەند لایەنێک ئەمەیان پشت ڕاست کردەوە. لە تورکیادا تەیب ئەردۆغان و شەریکەکانی هەوڵدەدەن ئەم ڕاستییە بشارنەوە، تاوەکوو لەوە زیاتر تەشهیر نەبن. ڕاستییەکەشی ئەوەیە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەکوو جاسوسێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ بەکار دەهێنرێت.
ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان بۆ هێرشی غەزە ئامادە کردبوو، لە بیانۆیەک دەگەڕان. ئەوەی ئەم بیانۆیەی دا بە دەستییانەوە، هێرشەکی حەماس بوو لە07-10-2023 دا. لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە بیانۆی لەو شێوەیە بە کار دەهێنرێن. بۆ نموونە لە 2ی ئاب 1990دا سەدام کوەیتی داگیرکرد، ئەمە بووە بە بیانۆی شەڕی کەنداو. لە 11-09-2021دا بزووتنەوەی ئەلقاعیدە هێرشی دوو باڵەخانەکەی ئەمریکای کرد، ئەویش بووە بیانۆی داگیرکردنی ئێراق و ئەڤغانستان. ئەم بیانۆیانە بەردەوام لە ئارادان و نابڕێنەوە. هەروەها پوتینییان هاندا هێرشی سەر ئۆکرانیا بکات و شەڕەکەش تا ئێستا بەردەوامە.
دیسان سەری بەنەکەیان دا دەستی ئەردۆغان
هێرشەکانی حەماس، زەمینی بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە ڕەخساند. گفتوگۆی وەها هەن کە گوایا مۆساد حەماسی بۆ ئەو هێرشە ئاڕاستە کردووە. هەروەها دەگوترێت کە مۆساد بۆ لاوازکردنی بزووتنەوەی ڕزگاری فەلەستین بزووتنەوەی حەماسی دامەزراندووە. ئەوانەی کە لە ئەمریکاوە دەستیان بە زانیارییە هەستیارەکان دەگات ئەم شتانە دەڵێین. لەنێو هەڵسەنگاندنەکانی ڕێبەر ئاپۆشدا شتی لەو بابەتە هەن. هەرچەندە حەماس هێزێک نەبوو کە کۆنترۆڵ نەکرێت، هەمووشیان لە دژی ئیسرائیلیش نەبوون، بەڵام دیسانەوەش دەزوەکەیان بەدەستی تەیب ئەردۆغان ڕاکێشا. ئەمەش بوو بە بیانۆیەک کە غەززە لەناو بەرن. شەڕی غەزە گرنگە. مێژووی غەزە و قودس هاوتەریب پێکەوە دەڕۆن. لە ڕووی مێژوییشەوە وەها دەگوترێت باڵادەستی لەسەر قودس بە غەزەدا تێپەر دەبێت. پڕۆژەی پاکتاوکردنی کردنی هەموو فەلەستین لە ئارادایە. پێویستە ئەم ڕاستییە وەها ببینرێت. لە کاتی ئێستادا لەوانەیە ڕێگە بدرێت کە گەلی فەلەستین تا ئاستێک وەک کۆمەڵگەیەک بمێنێتەوە. بەڵام لەوانەیە ڕێگەش نەدرێت. بەرەبەرە کەمیان دەکەنەوە. ئەمەش هەنگاوبەهەنگاو دەکەن، چونکە بێگومان ناتوانن ئەم پڕۆژەیە هەموو بەجارێک پێک بهێنن.
پەیوەندی ئاکەپە و حەماس پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژییە
دواتریش نوورە گەیشتە لوبنان. هەموو پەرەسەندنەکان ئاماژەیان بەم خاڵە دەکرد. ئەوەی ئێران و حیزبوڵای هاندا لە دژی ئیسرائیل شەڕ بکەن تورکیا بوو. بەپێی حساباتی تورکیا ئەگەر ئیسرائیل لەگەڵ حزب الله بکەوێتە نێو شەڕەوە، ئەوا ئێرانیش ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕەکە دەبێت. بۆ حەماسیش هەمان حیسابات هەبوو. تورکیا هیوای هەبوو کە ئێران بۆ خاوەنداریکردن لە حەماس بەشداری شەڕ لە دژی ئیسرائیل ببێت. تورکیا ویستی لەو ڕوانگەیەوە ئەنجامێک بەدەست بخات، بەڵام ئێران خاوەن لە حەماس دەرنەکەوت. چوونکە ڕاستییەکە وەها نەبوو؛ حەماس ڕێخیستنێکی ئیخوانییە، ئێرانیش شیعەیە. لەوانەیە ئێران پشتگیری لە ڕێکخستنە ئیسلامییەکان بکات بەڵام لە بیرمان نەچێت کە پەیوەندی ئاکەپە بە حەماسەوە بەهێزترە، پەیوەندی ئەوان مەزهەبییە، واتە ئایدیۆلۆژییە.
ئەوەی تورکیا چاوەڕوانی دەکرد نەهاتەدی
نەیانتوانی ئێران ڕاستەوخۆ پەلکێشی ناو شەڕەکە بکەن. تورکیا حسابی ئەوەی دەکرد، کە ئێران بکەوێتە نێو شەڕکەوە و لە دژی ئیسرائیل هەندێک خۆڕاگری بکات، شەڕەکە درێژە بکێشێت و لە ئەنجامدا هەردوو هێز هاوسەنگییەک لەنێوانیاندا درووست بێت، ئەو کات هەردوکیشیان تووشی زۆر و زەحمەتی ببن و موحتاجی تورکیا بن. تورکیاش لەگەڵ هەردوو لادا پەیوەندییەکانی خۆی بەردەوام بکات و بەمشێوەیە بە پشتبەستن بەم پێکدادانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کاریگەریی خۆی بەهێز بکات. جێگەی وەبیرهێناوەیە کە کاتی خۆی هەموو هونەری توروت ئۆزال سوودوەرگرتن بوو لە شەڕی ئێران–ئێراق. شەڕی ئێران–ئێراق نەبا دیاردەیەک بەناوی توروت ئۆزالە لە تورکیا نەدەهاتە ئاراوە. دەگوترێت ئۆزال ژیر و زانای ئابووری بوو! بەڵام ڕاستییەکان وا نیین. لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئێران–ئێراقدا توروت ئۆزال هەموو شتومەکی بەکارنەهاتوی وڵاتەکەی هەم بە ئێران هەم بە ئێراقیش فرۆشت، چونکە هەردوو وڵاتیش لەگەڵ کەسی دیکەدا دەرفەتی بازرگانیان نەبوو. پەیوەندییان لەگەڵ تورکیادا هەبوو، هەردوکیشیان پێکەوە لەناو شەڕدابوون. هیچیان لە شوێنێکی دیکە نەدەکڕی. ئەوەی کە توروت ئۆزالی بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر دەسەڵات هێشتەوە ئەو بازرگانییە بوو. دەگوترێت کە گوایا ئۆزال لە ڕووی ئابوورییەوە تورکیای بەرەو خۆشگوزەرانی بردووە، بەڵام هۆکارە ڕاستەقینەکەی وەکوو ئاماژەمان پێکرد وایە. ئەردۆغانیش بەهەمان شێوە هیوای وابوو کە شەڕی ئێران–ئیسرائیل ڕەوشێکی وەها بهێنێتە ئاراوە، بەڵام پەرەسەندنەکان بەو ئاڕاستەیدا نەچوون. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حزبوڵا بەهەمان شێواز و تەکتیکی شەڕی حەماس نەبوو. بۆ لێدان لە حزبۆڵا تەکنۆلۆژیایان لە ئاستێکی زۆر بەرزدا بە کار هێنا و هەموو پەیوەندییە ناوخۆییەکانیان پچڕاند. لەنێو حیزبۆڵاشدا تۆڕی سیخۆڕییان جێگیر کردبوو کە زانیارییان دەدا. بەم شێوەیە خۆیان ئامادەکرد و لە ماوەیەکی کورتیشدا گورزی کوشندەیان لێدا. وەک تورکیا چاوەڕێی دەکرد نەهاتەدی، شەڕەکە زۆر درێژخایەن نەبوو، شەڕێک کە ئیسرائیل لاواز بکات. بەپێچەوانەوە حزبوڵا لاواز بوو، بەمەش پەڕوباڵی ئێران شکا. بەهێزترین سەنگەری ئێران شکا. هەر بۆیەش ئێران لەجیاتی شەڕ لە هەوڵی ڕێکەوتندا بوو. هێزی شەڕی ئێران لاواز بوو. ئەمەش تورکیای تووشی سەرسووڕمانکرد. پێویستە ئەم ڕاستییە ببینین. بارودۆخەکە وای لێهات کە تورکیا ترس کەوتە دڵی. لە ڕاستیدا ئەو دۆخەی کە حزبوڵا تێیکەوت، هەم ئێرانی لاواز کرد و هەم ئاکەپەشی تووشی ترس و هەژان کرد. وەکوو حسابی کرد دەرنەچوو. لەوە ترسا کە ئێران بێکاریگەر بێت و لە هەرێمەکەدا بە هەموو شێوەیەک دەرگا بۆ ئیسرائیل ئاواڵا دەبێت. ئەو هەوڵانەی دەوڵەت باخچەلی کە لە ڕۆژی 1ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکرد هەموو لەم مەسەلانەوە سەرچاوەی دەگرت. تورکیا لەنێو ترس و دڵەڕاوکێدا بوو. ئەو گورزانەی کە بەر حیزبوڵا کەوت، تورکیای خستە ناو لێگەڕێنێکی بەو شێوەیە.
لە ڕاستیدا پێویستە بەوە باوەڕبکەین کە ئێدی نۆرەی سووریاش هاتبوو. لەم بارەیەوە زانیاریی بڵاو دەبوونەوە. هەرچەندە ئێران و حزب الله لە لوبناندا گورزیان بەرکەوتووە، بەڵام قۆناغی ئاستانە هێشتا بەردەوام بوو و ئەمەش ڕێگەی لە بەردەم قۆناخێکی ئاڵۆز کردبووە. قۆناغی ئاستانا هاوپەیمانی تورکیا- ڕووسیا- ئێران بوو لەسەر بابەتی سووریا. گفتوگۆی ئەوە دەکرا کە ئایا دۆخی سووریا بەرەو کوێ دەڕوات، ئایا سیستەمی سەرمایەی نێودەوڵەتی ئەم قۆناغە چۆن بەڕێوە دەبات. چونکە ڕووسیا لەناو ئەم ئیشەدا بوو. هەروەها شەڕی ئۆکرانیا هەبوو. لە هەڵبژاردنەکانی 2020ی ئەمریکادا ترامپ ڕۆشت، بایدن هات. بایدن دەستبەجێ بڕیاری کشانەوەی لە ئەفغانیستان دا. ئەوە بڕیارە پێشتر ترامپ گرتبووی. هەمان شت بۆ شەڕی ئۆکرانیاش ڕاستە.
بە شەڕی ئۆکرانیا هێڵی وزەی باکووریان تێکدا
بەرەی ئۆکرانیا گرنگییەکی هەمەلایەنەی هەیە، بە شەڕی ئۆکرانیا ڕێگەی وزەی ڕووسیا–چینیان تێکدا. ئەم ڕێگەیە وەک جێگرەوەی ڕێگای هیندستان-ئەوروپا (IMEC) بوو. لە ڕاستیدا ڕێگەی ڕووسیا-چین کورتترین و پڕقازانجترین ڕێگای زەمینی بوو. ئەم ڕێگا لە باکووری دەریای ڕەشەوە چین و هیندستانی بە ئەوروپاوە، بە پاریس و لەندەن و بەرلینەوە دەبەستەوە. بەشەڕی ئۆکرانیا ئەمەیان تێکدا. ئەمە هەمان پڕۆژەکەی چینە، پڕۆژەی پشتێنەیەک و ڕێگایەک. چین ویستی ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووسیاوە بەڕێوە ببات، بەڵام بەشەڕی ئۆکرانیا پووچەڵیان کردەوە. ئەگەر ئەم ڕێگەیە سەری بگرتایە، چین و ڕووسیا کاریگەرییەکی زۆری ئابوورییان لەسەر ئەوروپا دادەنا. لە بواری ئابووریدا ئەورپایان بە خۆیانەوە گرێدەدا. ئەڵمانیا و هەندێک وڵاتی تریش هەتا ئاستێک بەهۆی وابەستەبوونیان بە گازی سرووشتییەوە پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ڕووسیا پەرە پێدابوو. ئەمەش کاریگەریی ئەمریکای لەسەر ئەوروپا لاواز کردبوو، ئەمریکا دەکەوتە ڕیزی دواوەوەی پلانەکانەوە. ئەم کاریگەرییە ئابوورییەی چین و ڕووسیا لەسەر ئەوروپا ڕەنگدانەوەی بۆ بواری سەربازیش هەبوو. هەر بۆیە ماکرۆن وتی ناتۆ مێشکی مردووە. هەروەها وتی کە ئەوروپا پێویستی بە سوپایەکی نوێ هەیە بۆ پاراستنی خۆی. هەربۆەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لەنێو لێگەڕینی دامەزراندنی سوپایەکی تایبەت بە ئەوروپا بوون. هەموو ئەمانە دەبوونە هۆکاری کەمبوونەوەی کاریگەریی ئەمریکا لەسەر ئەوروپا. بەڵام ئەمریکا ئەم دۆخەی هەلگەڕاندەوە و پێچەوانەی کردەوە. بەشەڕی ئۆکرانیا ئەو ڕێگایەی هێڵی وزەیان تێکدا، پەیوەندی چین و ڕووسیاشیان بڕی. سوید و فنلاندیان داخڵی ناتۆ کرد و ناتۆیان گەورەتر کردەوە. بەمشێوەیە ئەمریکا دەسکەوتی زیاتری بەدەستهێنا. بە پشتبەستن بەم دەسکەوتانە و هەروەها ئەو زۆری و زەحمەتیانەی کە ڕووسیا لە ئۆکرانیا تووشی ببوو، دەرفەتی ئەوەیان بینی کە لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە هێرشەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە زیاتر پەرە پێدەن. ئەم دۆخە کاریگەریی لەسەر سووریاش دانا. بە هەڵبژاردنی ترامپ ئەم مەسەلەیە زیاتر یەکلایی کرایەوە. هەندێک پێیان وابوو کە بایدن بەرلەوەی مالئاوایی لە کۆشکی سپی بکات لە هەوڵی ئەوەدایە هەندێک شت بکات. بەڵام ئەمەش بەتەواوەتی وەها نییە. ڕاستە لەوانەیە ئەمریکا وڵاتێکی زۆر دێرین نەبێت و دەوڵەتێکی 200 ساڵە بێت، بەڵام دەوڵەتێکی خاوەن دامودەزگای بەهێزە، دەوڵەتی دامەزراوەکانە. کاتێک ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت ئیتر ترامپ چی بڵێت بایدن ئەوە ئەنجام دەدات، شتێکی دیکە ئەنجام نادات، چونکە ئەوەی سەرکەوتووە ترامپە.
لە سەر سووریا ڕێککەوتن، ئۆکرایناش دادەڕێژنەوە
سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەریی لەسەر ڕووداوەکانی سووریادا هەبوو. بۆ نموونە دەرگای مامەڵەکردنی لەگەڵ ڕووسیا کردەوە. ترامپ ئەمەی بەئاشکرا لە پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا خستە بەر باسەوە. لەگەڵ ڕووسیا مامەڵە و سەودایان لەسەر ئۆکرانیا و سووریا کرد. لە سووریادا شتی هەرە ئالۆز دۆخی ڕووسیا بوو. لە ئۆکرایناش لەنێو شەڕدایە، ئەگەر ڕووسیا لە دۆخێکی وەهادا بووایە کە بتوانێت بەرگری لە سووریا بکات، بێگومان نەیدەهێشت بەوشێوەیە هێرش بکرێتە سەر سووریا. هەر دوو شەڕەکەیان کردە بابەتی سەودا و مامەڵە. سەرکەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا ئەم سەودایەی ئاسانتر کرد و ڕێکیش کەوتن. کەواتە لە بابەتی ئۆکرایناشدا ڕێکەوتوون. ئیتر ئۆکرایناش دادەڕێژنەوە. لە بابەتی سووریاشدا ڕێککەوتن. دیار نییە ڕووسیا چی بۆ دەمێنێتەوە. لەوانەیە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لەسەر بەندەرێک ڕێککەوتبێتن. ڕەنگە ڕووسیا ئەم بابەتەی بە سەریاندا سەپاندبێت. ئەگەر لەم بابەتەدا گوشاری نەخستبێتە سەر لایەنی بەرانبەر، ئەوا دیارە کە ڕووسیا لە دۆخێکی زۆر لاوازدایە. ڕووسیا ئامانجێکی لەمێژینەی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە خۆی بگەیەنێتە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە. ئارمانجی چارری ( تزاری) ڕووسیش ئەمە بوو، یەکێتی سۆڤیەتیش بە هەمان شێوە. چونکە ئەمە ستراتیژی بنچینەیی ڕووسەکانە. کاتێک کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە دوای ساڵانی 2010وە ڕووی لە لاوازی کرد، ڕووسیا سووریای بە خۆیەوە گرێدا و پێگە و شوێنی خۆی لە سووریا پتەوتر و بەرفراوانتر کرد. ڕووسیا دەیتوانی دەست لە پێگەیەی خۆی هەڵنەگرێت. ئەگەر ئێستا دەبینین کە دەستی لێ هەڵدەگرێت، مسۆگەر لێرەدا ڕێککەوتنێک هەیە.
ڕووسیا داخڵی پڕۆژەی ڕێڕەوی وزەکە بووە
وەک دیارە ڕێکەوتینێکی دوو لایەنە لە ئارادایە. هەم لەسەر ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە و هەم لەسەر ئۆکراینا سەودا و مامەڵە کراوە. ڕێکەوتن لەسەر ئۆکراینا لە هەمانکاتدا ڕێککەوتنە لەسەر دەریای مێدیترانە. دەتوانین بڵێین کە ڕووسیاش بەمشێوەیە کەوتووەتە نێو پڕۆژەی ڕێڕەوی وزەوە. گرنگی ململانێ و پێکدادانەکانی سووریاش لەمەدایە. ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا و ناچارکردنی ئەسەد بە پاشەکشەکردن لە دەسەڵات و سەودا مامەڵەکردنی لەسەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەو واتایە دێت کە ڕووسیا لەسەر ڕێڕەوی وزە لەگەڵ سیستەم گەیشتۆتە ڕێککەوتنێک. بەم ڕێککەوتنە تەنیا کێشەی سووریایان چارەسەر نەکرد، بەڵکوو کێشەی ڕووسیایان لەسەر ڕێگای دەریای مێدیترانە چارەسەر کرد. کەواتە، ڕووسیاش خراوەتە ناو پڕۆژەی درووستکردنی ئەم ڕیڕەوی وزەیە. لە خۆیدا ڕیڕەوی باکووری دەریای ڕەش پووچەڵ کراوەتەوە. ئیتر لەمەودوا هەردەچێت ناکۆکییەکان لەگەڵ ڕووسیا کەمتر دەبنەوە، ڕووسیاش لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانەوە لەسەر سووریاوە داخڵی ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە دەبێت. بەمشێوەیە پڕۆژەی ڕێگاکە بەهێزتر دەبێت. ئەمەش لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەم کارەیە.
کاتێک کە سیستەم لەگەڵ ڕووسیا ئەم ڕێککەوتنەی کرد، بەرەکەی تر زۆر بەهێز بوون. چونکە مەترسییەکەی بەردەمیان ڕووسیا بوو. دوای ئەم ڕێکەوتنە مەترسییەکە نەما و بەهێزتربوون. هەر بۆیە توانییان بە هێز و دڵنیاییەکی باشترەوە جارێکی تر لەگەڵ تورکیا دابنیشن و ڕێکەوتن بکەن. لە ڕاستیدا وا دیارە کە دوای ئەوەی لەگەڵ ڕووسیا گەیشتنە ڕێککەوتن ، ئێدی بڕیاریان دا کە لە پڕۆژەی دەستێوەردان لە سووریادا بەشداری بە تورکیاش بکەن. . ئەگەر لەگەڵ ڕووسیادا ڕێکنەکەوتبان لەوانەیە تورکیایان بەشدار نەکردبا، چونکە دۆخەکە زۆر ئاڵۆز و پڕ لە کێشمەکێش دەبوو و ڕەنگە نەیانتوانیبایە ئیدارەی دۆخەکە بدەن. ڕێکەوتنی سیستەم لەگەڵ ڕووسیا ڕێگای بەردەمیانی ئاوەڵا کرد. هەروەکوو لە غەزە تەیب ئەدۆغانیان وەک سیخورێکی تێکدەر و ئاژاوەگێڕ بەکارهێنا، لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی بەعسیشدا هەر وەکوو سیخوڕ و ئاژاوەگێڕێک بەکاریان هێنا. لە ڕێگەی بەریتانیاوە تورکیایان خستە ناو ئەم پڕۆژەیەوە و دوا جاریش سکرتێری ناتۆ هاتە تورکیا و پلانەکە داڕێژرا و جێبەجێ کرا. هەروەکوو چۆن بە دەستی ئەردۆغان پەتی سێدارەی حەماسیان کێشا، پەتی سێدارەی بەشار ئەسەدیشیان بە هەمان شێوە دایە دەستی ئەردۆغان. تورکیا لە کشاندنی پەتی سیداری سەددامیشدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.
زۆر کەس دەپرسن کە دەسەڵاتی ئەسەد بۆ ئاوا لە 12 ڕۆژدا ڕۆخا؟ دوای ئەم هەموو ڕێککەوتنە ئەگەری شتی واش هەیە. چونکە دەسەڵاتی بەعس خۆی هیچ هێزێکی نەمابوو، حزب الله–ئێران- ڕووسیا لە پشتییەوە بوون. لە ئەنجامی لێدانی ئیسرائیلدا ئێران و حزب الله گورزیان بەرکەوت. ڕووسیاش سەنگەری گۆڕی و چووە بەرەکەی تر. ئیتر بۆ بەشار ئەسەد لە کشانەوە زیاتر بژاردەیەک نەمایەوە. شانس و هێزی نەما خۆی لەسەر پێ بگرێت و خوڕاگری بکات. لەوانەیە دوو سێ ڕۆژێکی تر خۆی بگرتبا بەڵام هەر سەرکوتیان دەکرد. لەجیاتی ئەمە بەرژەوەندی خۆی لەوەدا بینییەوە کە بەو شێوەیە دەسەڵاتەکە ڕادەست بکات. ڕووداوەکان بەم شێوەیە بەخێرایی تێپەڕین.
بۆ ئیسرائیل بۆ خۆی بەشار ئەسەدی نەرۆخاند
وا دەگوترا کە پێشهاتەکانی سووریا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەهەژەنێت. چونکە ئیسرائیل کەشێکی وەهای درووستکردبوو. دەیانوت کە گۆیا ئیسرائیل لە دوای حەماس و حزب الله لە ئێرانیش دەدا، تەنانەت نیقاشی ئەوەش هەبوو کە لە سووریاش دەدا، بەڵام دیار نەبوو گورزەکە چەند کوشندە دەبێت. بەڵام زۆر فێڵبازانە هەڵسوکەوتیان کرد. ئیسرائیل خۆی ئەم کارەی نەکرد. ئەم ڕۆڵەیان دا بە ئاکەپە و مەهەپە. بەدەستی دەسەڵاتی تورکیا ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدیان ڕووخاند، ئەو دەسەڵاتەی کە خۆی بە موسڵمان دەزانی. درزیان خستە نێوان پەیوەندی تورک–عەرەبەوە و ئاڵۆزییان زیاترکرد. ناکۆکی نێوان ئێران و تورکیایان زیاتر کرد. ئەم پڕۆژەیە ڕێگەی لە بەردەم هەموو ئەم ناکۆکییانە کردەوە. ئەگەر ئیسرائیل هەمان شتی کردبا، ڕەنگە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنابا. ڕووبەڕوی بەرەنگاری زیاتریش ببایەوە. ئەگەر ئەمریکا بۆ خۆی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی ڕووخاندبا، ڕەنگە پەرەسەندی زۆر جیاواز ڕووی بدایا. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین کە چی پێویست بێت دەیکەن بۆ ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناکۆکی و پێکدادانی زیاتر بێتە ئاراوە. سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەی ئیمپریالیزیم بەناوبانگە. لە کردەوەدا ئەمەیان پێکهێنا. ئەو شتانەی کە بە تیۆری دەمانزانی وا لە کردەوەدا ڕوودەدات. پێویستە ئەمە تێبگەین. بە ڕاستیش هەموو لایەنەکان پەرت و پەرش و بڵاو دەکەنەوە و دەیانکەنە دوژمنی یەکتر.
پێدەچێت سیستەم نەیەوێت لەسەر کورد لەگەڵ تورکیادا پێکدادان بکات
ئێستا سووریایان ڕۆخاند و دواتریش ئەگەری ئەوە هەیە هەمان سناریوی سووریا لە ئێراقیش دووبارە بکەنەوە. ئێدی نۆرە دێتە سەر قوبرسیش. ئەمریکا لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ قوبرسدا ڕێکەوتنێکی ستراتیژی سەربازی ئیمزاکرد. ماوەیەک لەمەوبەر ئیسرائیلیش لەگەڵ قوبرسی باشوور ڕێککەوتنی مۆر کرد. ئەوە بۆ چەندین جارە کە لەگەڵ دەسەڵاتی قوبرسدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای مێدیترانە مانۆری سەربازی ئەنجام دەدات. دواجاریش ئیسرائیل بڕیاری دا کە سیستەمێکی پاراستنی ئاسمانی وەکوو سیستەمەکەی خۆی لە قوبرسدا دابمەزرێنێت. ئەڵمانیا و ئەمریکا هەمان شتیان بۆ یونانیش کرد. یۆنانیان لە هەموو ڕویەکەوە ئامادە کرد. ئێستا هەموو بەندەرەکان و دوورگەکان بە فڕۆکەی F-35 دەپارێزن. ئەوا خەریکن پێکەوە باشووری قوبرسیش ئامادە و پڕچەک دەکەن. کاتێک کە نۆرە هاتە قوبرس ئەو کات لەوێ کێشەی تورکیا دێتە ڕۆژەڤەوە. ڕەنگە نەیانەوێت کە بەهۆی سووریا و کوردەکانی سووریاوە ناکۆکییەکانیان لەگەڵ تورکیا قووڵتر بکەنەوە، بەڵام کاتێک کە نۆرە هاتە سەر قوبرس ئەو کاتە ڕوو لە تورکیا دەکەن وپەلاماری دەدەن. لە قوبرس سیستەم (سیستەمی سەرمایەی نێودەوڵەتی) لەگەڵ تورکیادا دەکەونە ناکۆکییەوە و پێکدادان ڕوو دەدات. چونکە ئەگەر قوبرسی باشوور بەشداری ئەم ڕێڕەوی وزەیە ببێت، تورکیا ئێدی ناتوانێت قوبرسی باکوور لای خۆی ڕابگرێت. لە ئەگەرێکی وەهادا قوبرسی باکووریش دەیەوێت لەگەڵ قوبرسی باشوور یەکبگرێتەوە. هەروەها باسی گۆڕەپانی دەریایی دەکرێت. لەوێش بەربەرەکانی، پێکدادان و ناکۆکی لەگەڵ تورکیا ڕوودەدات.
پێدەچێت سیستەم لەبەر خاتری کورد لەگەڵ تورکیادا نەکەوێتە نێو پێکدادانەوە. چونکە دەزانێت کە تورکیا لەم مەسەلەیەدا زۆر هەستیارە، ئەگەر لەسەر ئەم مەسەلەیە لەگەڵ تورکیادا بکەوێتە نێو ناکۆکییەوە ئەوا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر سیاسەتی تورکیا نامێنێت و ناتوانێت کاریگەریی لەسەر کەسیش بکات. لەوانەیە لە بابەت و ڕەهەندی زۆر جیاوازدا دەستێوەردان بکات، کە بێگومان ئەمەش سیاسەتی جیاواز تر دێنێتە ڕۆژەڤەوە. بۆ نموونە لە مەسەلەی ڕێڕەوی وزە و قوبرسدا دەستێوەردان دەکات، بابەتی جیاوازتر دێنێتە ڕۆژەڤەوە وەک بیانۆیەک بۆ پێکدادان. دوایین جاریش کێشەی کورد دێنێتە ڕۆژەڤەوە.
ئەم قۆناغە درێژ-خایەنە، چونکە سیستەمەکە پێویستی بە کات هەیە
ئەم قۆناغە هەندێکی تر درێژ دەبێتەوە، چونکە سیستەمەکە پێویستی بە کات هەیە، تا کردەوەکانی هەرسبکات. ئەی باشە کەی شتێکی وەها ڕوودەدات؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسەش دەتوانین ئاماژە بە دوو خاڵ بکەین؛
یەکەم- پێویستی بە کات هەیە، تا کردەوەکانی هەرسبکات، بەڵام لەم ماوەیەدا نە لە لوبنان، نە لە سووریا و نە لە ئێراقیش سیستەمێکی هەمیشەیی دانامەزرێت. هەنگاو بەرەو دامەزراندنی سیستەم دەنێن بەڵام تا ئەو کاتەی سیستەمی قەوارەپارێزی تورکیا و ئێران هەڵنەوەشێتەوە سیستەم نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانامەزرێت. سەرمایەداری ناتوانێت سیستەمی خۆی دابمەزرێنێت. پاش هەڵوەشاندەوەی ئێران و تورکیا سیستەمەکەی خۆیان دادەڕێژنەوە. چونکە لەئەگەری دامەزراندنی هەر سیستەمێکدا، ئەم دوو دەوڵەتە هەر دووکیان ئەم سیستەمە پووچەڵ دەکەنەوە. بەتایبەت، ئەگەر ئەم دوو هێزە قەوارەپارێزە پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن، دەوتوانن زیاتر سیستەمەکە پووچەڵ بکەنەوە. لە کاتی ئێستادا کاریگەرییەکی وەهایان هەیە.
دووەم- بابەتی پەکەکەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە سەرەتای شەڕی سێیەمی جیهان، لەو کاتەشدا خێرا لە دژی پەکەکە سیاسەتی خۆیان دەستنیشانکرد، چۆن هەم نەتەوەپەرستی تورک لە کورد ئەترسێت و هەم سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش لەوە دەترسێت کە پەکەکە هەموو شتێکی لە دەست بگرێت و بیبات. دژایەتییەکی بەم شێوەیەیان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەیە. کین و تۆڕەییەکی زۆریان لە بەرانبەر پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ هەیە.
لە کاتی شەڕی جیهانی یەکەمدا شتێکی لەو بابەتە نەبوو. بەلشەفیەکان بەشەوێک حکومەتەکەیان گرت، شۆڕشیان کرد و بەردەوامیان کرد، چونکە هیچ ئاستەنگییەکیان لە پێش نەبوو، بەڵام ئێستا وانییە. لە ئەنجامی ئەزموونەکانی سەدەی ڕابردوو سیستەمی سەرمایەداری ئێستا زۆر هەستیار هەڵسوکەوت ئەکات. ناکۆکی و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سیستەم جۆرێکن، بەڵام ناکۆکی و پێکدادانەکانیان لەگەڵ سیستەمی ئاڵتەرناتیف و کۆمەڵگەدا جۆێکی ترن. کاتێک کە لەگەڵ کۆمەڵگەدا بکەونە ناکۆکییەوە، ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان وەلاوە دەنێن و لە دژی کۆمەڵگە ڕێک دەکەون. بۆئەوش تا ئەو کاتەی پەکەکە (وەک هێزی کۆمەڵگە) لاواز نەکەن، سەرکوتی نەکەن، نەیخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە و وای لێنەکەن کە نەتوانێت هیچ مۆدێلێک پێشکەش بکات زەحمەتە دەستێوردان لە تورکیادا بکەن، لەم مەسەلەیەدا زۆر بە تەگبیرن. پێویستە ئەمە ببینرێت.
لە ڕاستیدا وادیارە دەوڵەتی ئێستای تورکیا هەندێک ئەم ڕاستییە تێگەیشتووە. بۆ کوێ دەڕوات دەڵێت تیرۆر تەنیا بۆ ئێمە نا، بۆ ئێوەش مەترسیدارە ئەو شتەی کە وەک تیرۆر پێناسەی دەکەن هزر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆیە. لەنێو خۆیاندا موناقەشەی ئەمە دەکەن و بەوشێوەیەش پشتگیری بەدەست دەێنن. ئەمە هەتا ئاستێک بەڕێوە دەچێت بەڵام تا کوێ دەڕوات ئەوەش نادیارە.
پێویستە نزیکایەتیمان نە ڕووخێنەر بێت و نەش خۆبەدەستەوەدان
بەتەمان بەم هێرشانە بگەنە بەئەنجام، ئەگەر بتوانین ئەم هێرشانە پوچڵ بکەینەوە، ئەمە ڕێگە لە بەردەم پێشکەوتنی زۆر جیاوازیش دەکاتەوە. ئەمانە هەموو بابەتی تێکۆشانن. پێویستە بەردەوام پێداچوونەوە بە ستراتیژ و شێواز و تاکتیکەکانی خۆماندا بکەین. ئێمە کاتێک دەتوانین هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین کە پڕۆژە و هێرشەکانی ئەوان پووچەڵ بکەینەوە. پێویستە شێوازی تێکۆشانی ئێمە بە شێوەیەک بێت کە پڕۆژەکانی ئەوان پووچەڵ بکاتەوە. واتە پێویستە لە دۆخێک نەگەڕێین کە لە یەک کاتدا هەموو پڕۆژەکانی ئەوان بڕۆخێنین یان ئەوەتا بەتەواوی لەگەڵیان بکەوینە سازشەوە و هەموو شتێکیان پەسەند بکەین، ئەمە چاوەڕوانییەکی هەڵەیە. نە هەڵوێستێکی ڕوخێنەر ڕاستە، نەش خێرا هەر شتێک پەسەند بکەی ڕاستە. پێویستە لە ئاسۆی تۆدا هەمیشە تێکۆشان هەبێت. پێویستە هێز و ئیرادە و پێداگریمان بۆ تێکۆشان هەبێت و ئەمانە لە خۆماندا درووست بکەین. ئەمەش هەنگاوبەهەنگاو دەبێت. ئەوان دەیانەوێت لێمان بدەن و لەناومان ببەن، ئێمەش تا ئەو ڕادەیەی کە بتوانین پڕۆژەکانیان پوجەڵبکەینەوە، بەهێز دەبین و ئەوان لاواز دەکەین.
ئێمە دەمانەوێت پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ پێکبێنین. ڕاستی ئەم تێکۆشانەش لە ڕێگای دەستنیشانکردنی ڕاستینەی تێکۆشان و کات و شوێنی ناکۆکی و پێکدادانەکاندا مەیسەر دەبێت. کاتی خۆی لە ئەورپاش دیکتاتۆر هەبوون، هەموویان ڕووخان. لە ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دا دیکتاتۆر هەن. نابێت ڕووخانی سەدام حسێن بە کەم بگرین و وەک ڕووداوێکی بچووک لێکی بدەینەوە. ئەوانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ماوەی 53 ساڵ دەسەڵاتدار بوون لە ماوەیەکی کورتدا ڕووخان. ئەمانە هەموویان نەتەوەپەرستی توندئاژۆی عەرەب بوون. نەتەوەپەرستی سیستەمی دەوڵەت نەتەوە بوون. وادیارە، ئەوانەی کە کەمێک نەرمترن دەرفەتی ژیانیان دەدەنێ، بۆ نموونە مەلیکەکان ناڕووخێنن. ئێستا لەگەڵ قەوارەی نەتەوەپەرستی دەوڵەت- نەتەودا لەنێو پێکداداندان، پێشەنگی نەتەوەپەرستی دەوڵەت–نەتەوەش تورکیایە. ئەم قۆناغە بۆ سیستەمیش بەزەحمەت کۆتایی دێت. هەروا بەئاسانیش لەناو خۆیاندا ڕێکناکەون. لەمەوبەدوا قۆناخی پێکدادان و ململانێ هەر بەردەوام دەبێت.
لە ڕاستیدا تورکیا هەستی بەمە کردووە. ئەمە لە هەڵسوکەوتەکانی دەوڵەت باخچەلیدا ڕەنگی دایەوە. تەیب ئەردۆغان تەنیا یەک شتی دەوێت ئەویش ئەوەیە کە هەتا مردن لە دەسەڵاتەکەیدا بمێنێتە. تەیب ئەردۆغان لەوە زیاتر هیچی دیکەی ناوێت. نە دین بۆی گرنگە نە نەتەوایەتی، هیچ شتێکی نییە. خودی ئەردۆغان بۆ خۆی تورکیش نییە. [1]