ناونیشانی بابەت: دەربارەی ساختەهەواڵ
نووسینی: #ئاراس سەعید#
“میدیا لە ڕۆڵی وێنەسازیدا ئەوەندە بەهێزە، دەتوانێت تاوانبار وەکوو قوربانی و قوربانی وەکوو تاوانبار دەربخات. ئەگەر وریا نەبیت، میدیاکان وات لێ دەکات ڕقت لەو کەسانە بێت کە ستەمیان لێدەکرێت و ئەو کەسانەت خۆشبوێت کە ستەمکاریی دەکەن.”
ماکلۆم ئێکس
$ساختەهەواڵ چییە؟$
ساختەهەواڵ Fake Nwes ئاماژەیە بۆ (زانیاری هەڵە و ناڕاست Disinformation) بەوە پێناسە دەکرێت، کە بریتییە لە چیرۆکی درۆ یان زانیاری شێواو کە بۆ چەواشەکردنی بینەر و بەرەوپێشبردنی ئەجێندایەکی سیاسی و ئابووری و ئایینی و کۆمەڵایەتی درێژراون.
$ساختەهەواڵ بۆ دوو جۆر پۆلێنبەند دەکرێت:$
یەکەم: چیرۆکی بە ئەنقەست درووستکراوی ناڕاست، لە فۆڕمی نووسین و وێنەی جوڵا و وێنەی وەستاو. واتا ئەو چیرۆکانەی کە درۆ و ناڕاستن و بە ئەنقەست لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە درووست دەکرێن، بە مەبەستی دەستکارێکردنی ڕای گشتی بێت یان ناوزڕاندنی کەسایەتییەک بێت یان وەک فێڵێکی بازرگانی بۆ کڕینی بەرهەمێک یان پشتگیریکردنی کەمپەینێکی هەڵبژاردن…هتد
دووەم: ئەو چیرۆکانەی کە لە ڕاستییەکان لادەدەن، واتا توخمەکانی ڕاستی لەخۆدەگرن، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان نادرووستن. هەندێک چیرۆک کەمێک ڕاستییان تێدایە، بەڵام 100% ورد نین. ئەمە فۆرمێکی لایەنگری هەواڵی ساختەیە کە ئامانجی قایلاندنی خەڵکە بە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆژی یان سیاسی تایبەت. هەندێک جار، ئەمە لەبەر ئەوە ڕوودەدات کە دەرگاوان هەموو ڕاستییەکانی نەپشکنیوە یان لە هەندێک لایەندا زیادەڕەوی کردووە بۆ ئەوەی خاڵێکی دیاریکراو بخاتەڕوو.
$مێژووی ساختەهەواڵ$
چەمکی ساختەهەواڵ لەگەڵ پەیدابوونی زماندا بوونی هەیە، وەک خوییەکی مرۆڤ هەمیشە حەزی لە قسە و باس و ناشرینکردنی ئەویدیکەیە لە ڕێگەی هەڵبەستنی چیرۆک گەلێک لەسەر کەسانی دیکە، جا بە مەبەستی تۆمەت دانەپاڵ و ناوزڕاندن بێت یان تەنز و کات بەسەر بردن بێت، بەڵام زاراوەی (هەواڵی ساختە) بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 2016 لە دیبەتی کێبڕکێی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەنێوان هیلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترەمپ خرایە ڕوو، کاتێک دۆناڵد ترەمپ وتی:” تۆمەتەکانی دژی تەنیا (هەواڵی ساختە)ن.”
$گەشەکردنی ساختەهەواڵ$
لە سەدەی ڕابردووەوە ساختەهەواڵ بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە، لە سەرەتای زەلیلبوونی ڕۆژنامەی نووسراو و دەرکەوتنی میدیای دیجتاڵی و ژمارەیی، لە سەرەتای ساڵانی 2000دا ساختەهەواڵ بووەتە جێگەی بایەخی لێکۆڵینەوەکان و مەترسیی لەسەر کۆمەڵگەکانی جیهان.
لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا، تادێت هاوبەشکردنی زانیاری، بە ڕاست و ناڕاست، ئاسانتر بووە و لەم دواییانەشدا، بە قەبارەیەکی گەورەتر. پلاتفۆرمەکانی وەک فەیسبووک، تویتەر، ئینستاگرام و سناپچات بەبێ فلتەرکردن کاردەکەن. ئەمەش زەمینەیەکی زیاتری بۆ بڵاوبوونەوەی ساختەهەواڵ ڕەخساندووە.
$چۆن بەشێوەیەکی بەربڵاو، بڵاودەبێتەوە؟$
لە سەردەمی میدیای نوێدا، دەتوانرێت ساختەهەواڵ لە ماوەی تەنیا یەک چرکەدا بڵاوبکرێتەوە و تۆڕێکی هەواڵی ساختە لە سەرانسەری ئینتەرنێتدا درووست بکات، چونکە چەندین بڵاوکراوە دەتوانن ڕاپۆرت لەسەر هەمان زانیاری ساختە بکەن کە دواتر بۆ میدیایەکی دیکە وەک ئەوەی لەلایەن چەندین سەرچاوەوە پشتڕاستکراوەتەوە دەردەکەوێت. نموونەیەکی ئەمەش لە ساڵی 1998دا وتارێکە سەبارەت بەوەی کە چۆن کوتانی ڕۆتینی منداڵان دەتوانێت ببێتە هۆی ئۆتیزم، ئیلهامبەخش بوو بۆ تەواوی بزووتنەوەیەکی دژە کوتان لە ئەمەریکا.
$چۆن ساختەهەواڵ بناسینەوە؟$
یەکەم: پەروەردەی میدیایی و پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە یەکەم هەنگاوە بۆ دیاریکردنی هەواڵی ساختە، چونکە هەواڵی ساختە دەتوانێت قایلکەر بێت، زۆرێک لە هەواڵە ساختەکان بۆ درووستکردنی بەهای ‘شۆک’ یان بۆ سەرسامکردنی خوێنەر دەنووسرێن. هەر لەبەر ئەمەشە پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی وەڵامی سۆزداریت بۆ ئەم جۆرە چیرۆکانە، لەژێر کۆنتڕۆڵدا بمێنێتەوە.
کاتێک هەواڵێک دێتە بەردەستت، پرسیارێکی سەرەکی لە خۆت بکە، “بۆچی ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوە؟” ئەگەر دەتوانیت بیر لەوە بکەیتەوە دەیەوێت هەوڵی ڕازیکردنت بدات بە دیدێکی تاکەکەسی یان وەک فێڵێکی بازرگانی مامەڵە بکات بۆ کڕینی بەرهەمێک، یان دەیەوێت قایلت بکات بەوەی فڵان کاندیدی سیاسی و سەکردەی سیاسی شایەنی نوێنەرایەتیکردنی تۆیە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە هەواڵەکە ساختە بێت.
دووەم: دڵینابەرەوە لە ڕاستی هەواڵەکە زۆرجار پشکنینی سەرچاوەی بابەتێک بەسوودە بۆ ئاشکرابوونی هەواڵی ساختە. پشکنینی سەرچاوەی بابەتێک ڕێگەیەکی بەسوودە بۆ دیاریکردنی ئەگەری ئەوەی کە هەواڵەکە ساختە بێت. سەرچاوە نەناسراوەکان بە ئەگەری زۆرەوە بۆ چەواشەکاری درووستبوونە، بۆیە ئەگەر لە سەرچاوەیەکەوە چیرۆکێک هاتە بەردەستت کە پێشتر پەیوەندیت پێوە نەبووە، یاخود بۆ تۆ نامۆیە هەندێک لێکۆڵینەوە بکە! دەتوانیت بە سێرچکردن بۆ ڕەسەنایەتی سەرچاوەکە و زانیاری زیاتر دەربارەی پیشەییبوونی دەست پێبکەیت. ئەگەر بۆت دەرکەوت کە سەچاوەکە ئاژانسێکی هەواڵی بەناوبانگە، لەوانەیە تۆ لە دڵنیاییدا بیت، بەڵام ئەگەر بۆت دەرکەوت کە بلۆگێکی کەسییە، یان بلۆگێکی حزبی و سیاسی ڕووتە، پێویست بەوەیە گومان لەڕاستی ئەو هەواڵە بکەیت.
سێیەم: ئایا سەرچاوەکە باوەڕپێکراوە دەستنیشانکردنی سەرچاوەی باوەڕپێکراو و بەرچاو زۆر گرنگە. ئەگەر چیرۆکەکە لەلایەن بڵاوکەرەوە ناسراو و متمانەپێکراوەکانەوە بڵاوکرابێتەوە لەوانەیە هەواڵی ساختە نەبێت. دەزگا پڕۆفیشناڵەکانی وەک سی ئێن ئێن و بی بی سی سەرچاوەی متمانەپێکراون کە نابێت لەگەڵیاندا ڕووبەڕووی هەواڵی ساختە ببیتەوە. هەواڵی ساختە زیاتر لە سەرچاوە کەمتر ناسراوەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەنگە بە هۆکاری ئەجێندای جیاواز و زیانبەخش یاری بە ڕاستییەکان بکات.
چوارەم: هەواڵەکان بپشکنە زۆرجار هەواڵی ساختە بەتاڵە، بەڵگەی پشتگیری کەمیان تێدایە بە درێژایی بابەتەکە. بەپێچەوانەی چیرۆکێکی ڕاستەقینەو باوەڕپێکراو هەمیشە بەڵگەی زۆر پێشکەش دەکات، لەگەڵ لێدوانی پسپۆڕانی مەیدانی، ئاماری فەرمی، یان داتای ڕاپرسی. هەروەها هەواڵی ڕاستەقینە، سەرچاوەکانی فەرمی و ناسراون، بەڵام هەواڵی ساختە زانیارییەکانی خودی و نەناسراوە وەکوو نموونەی ئەوەی (سەرچاوەیەک نەیویست ئاماژە بەناوی بکرێت ڕاگەیاند…بەگوێرەی زانیارییەکان…هتد).[1]