ناونیشانی بابەت: د.نەزاکەت حسێن: تەکنیک هەیە بۆ ئاشکراکردنی فرتوفێڵەکانی، بەڵام نەگەیشتووەتە ئێمە
ئامادەکردنی: #ئاراس سەعید#
میدیای نوێ، بووە بە بەشێک لە کۆمەڵگەی مۆدێرن و جیاکردنەوەی لە کۆمەڵگەی مۆدێرن ئەستەمە، بەڵام گەشەکردنی تەکنیکی نوێی، ئاڵنگاریشی لە بەردەم کایەی زانست و زانیاریارییەکان و تەنانەت خودی مرۆڤیش درووستکردووە، بەتایبەتیی لەگەڵ سەرهەڵدانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرد (Chat GPT)، دەزگا ئەکادیمییەکان و مامۆستایان و پڕۆفیسۆرەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی نوێ بوونەتەوە، ئەویش چۆنیەتیی دڵنیابوون لەوەی کە ئەرک و ڕاپۆرت و توێژینەوە نووسراوەکانی قوتابییان بەم بزوێنەرە زیرەکە ئەنجام دەدرێن یان نا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (Le Figaro)ی فەڕەنسی، تەنیا هەژدە مانگ دوای سەرهەڵدانی ئامێری چاتی تایبەتیی (OpenAI)، چات جی پی تی لەنێو منداڵان و قوتابییاندا بووە بە ئامرازێک بۆ فێڵکردن و گزی و قۆپی لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و قوتابخانە و زانکۆ و مامۆستایان.
زیرەکیی دەستکرد، کە لەلایەن (OpenAI)ەوە پەرەی پێ دراوە، پڕۆگرامێکە بۆ ئاسانکاریی بەکارهێنەران لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، بەڵام لە سەرانسەری جیهاندا بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ فێڵکردنی ئەکادیمی بەکار دەهێندرێت، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی قوتابییان هەمیشە ڕێگایەک دەدۆزنەوە بۆ گزیکردن.
هەندێک لە قوتابخانەکان لە جیهاندا بەکارهێنانی ئەم بەرنامەیە بە ئامرازێکی مەترسیدار دەزانن و بەکارهێنانیان لە پڕۆگرامە پەروەردەییەکانیاندا قەدەغە کردووە و بەکارهێنانی وەکوو لاوازکردنی توانای بیرکردنەوەی قوتابییان دەبینن، چونکە مامۆستایان بەپەرۆشن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە قوتابییان تا چەند دەتوانن ڕیسک بە بیرکردنەوە و بکەن و توانا زەینییەکانیان بەگەڕ بخەن، بەڵام بەهۆی زیرەکیی دەستکردەوە، ئەرکەکانی ماڵەوەیان بەبێ بیرکردنەوە و خۆماندووکردن ئەنجام دەدەن.
بۆ نموونە، ئەگەر خوێندکارێک دەربارەی گرنگیی مێژوو پرسیار لە چات جی پی تی بکات، زیرەکیی دەستکرد وەڵامی دەداتەوە: مێژوو بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە ڕابردووی مرۆڤایەتی لە کۆنترین پنتی شارستانییەتەوە بۆ هەموو لایەنە ژیارییەکانی مرۆڤ. ئەم وەڵامە توانای ئامێرەکە پیشان دەدات بۆ درووستکردنی دەقی پێکهێنراو، یان ئەگەر بابەتێکی زانستی و ڕاپۆرتێکی لێ داوا بکەیت، ڕاستەوخۆ بۆت دەنووسێت.
ئێستا ئەم ئامرازە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن قوتابییانەوە بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت و توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا بەکار دەهێنرێت، ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بەپاکیی ئەکادیمیا و کایەی زانستەکان و داهاتووی پەروەردە لە سەرانسەری جیهاندا لێ کەوتووەتەوە و توێژەران لەبارەی پرسی بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکردەوە، بۆچوونیان جیاوازە، هەندێکیان پێیان وایە، دەکرێت وەکوو ئامرازێک سوودی لێ ببینن، هەندێکی دیکەش دژایەتیی دەکەن و وەکوو مەترسی لێی دەڕوانن.
لەمبارەیەوە دکتۆر (هەردی مێد) پڕۆفیسۆر و مامۆستا لە زانکۆی (سۆربۆن) لە پاریس 1، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند: کێشەی زیرەکیی دەستکرد (چات جی پی تی) بەشێکە لە گفتوگۆکانی ئێستای کایەی زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان، نەک تەنیا لە فەڕەنسا، بەڵکوو لە تەواوی ئەوروپا و جیهان وەکوو کێشە لێی دەڕوانن.
لێمان پرسی: زیرەکیی دەستکرد تا چەند وەکوو ئاڵنگارییەک لە بەردەم کایەی زانست و زانیارییەکان دەبینێریت؟ بۆچوونی توێژەران لەبارەی پرسی بەکارهێنانی (چات جی پی تی) لەلایەن قوتابییانەوە بۆ توێژینەوە و ڕاپۆرت و ئەرکەرکان چییە؟ بەتایبەتیی زۆر لە قوتابییان وەکوو ئامرازێک بۆ گزی و فرتوفێڵ بەکاری دەهێنن، مامۆستایان چۆن ڕووبەڕووی ئەو پرسە دەبنەوە؟
لە وەڵامدا د.هەردی مێد: ”گفتوگۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی بەسەر دوو بۆچووندا دابەش بوون، نەک تەنیا لە فەڕەنسا، بەڵکوو لە ئەوروپا و جیهان کە ئامێرێکی تەکنەلۆژیای مۆدێرن لە هەموو دونیا بڵاو بووەتەوە، بۆیە دونیای زانکۆ و ئەکادیما بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون، بەرەیەکیان بۆچوونیان وایە: پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەم ئامێرەدا بکەین. هەندێک لەوانە دەڵێن: ناکرێت بەرەنگاری ببینەوە، بەڵکوو پێویستە دەرگیری ببین. ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین، کە سەنگەر لەم تەکنەلۆژیایە بگرین و بەرسڤی بدەینەوە. بەپێچەوانەی ئەو بۆچوونەی پێی وایە، ئەم ئامێرە ئامێرێکی چەوت و خراپە، ئەمان پێیان وایە ئەم ئامێرە شتێکی زۆر گرنگە، بەتایبەتیی بۆ ڕێکخستنی بیروڕاکان و پێشخستنی زانیارییەکان، کە داوای زانیارییەکی لێ دەکەین، زۆرترین زانیاریی لەسەر کۆ دەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێن: دەکرێت مامۆستایان و قوتابییان بۆ بەشێک لە کارەکانیان کەڵک لەم ئامێرە وەربگرن، دەکرێت قوتابییەکان هۆشیار بکرێنەوە و جۆرێک لە هۆشیاری و ئاگاییان پێی بدرێت کە ئەم ئامێرە بە خراپی بەکار نەهێنن، یان لەجیاتی خۆیان کاری پێنەکەن. ئەوان پێیان وایە، نابێت خوێندکارەکان بەو جۆرە بیر بکەنەوە، کە ئامێرەکان جێی ئەوان بگرنەوە و لەجیاتی ئەوان کار بکەن، بەڵکوو دەبێت وەکوو ئامێرێک لە ئامێرەکانی دیکە تەماشا بکرێن.
بۆچوونی دووەم دەڵێت: نەخێر ئەمە باش نییە و پێویستە بەرەنگاری ببینەوە. من خۆم تەکنیکی تایبەتم هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فرتوفێڵ و گزی لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە، بە شێوەیەک داوای ئەرکەکان لە قوتابییەکانم دەکەم کە ناتوانن لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەرکەکان بنووسنەوە. بۆ نموونە، من ئارتێکڵێکی زانستی بۆ قوتابییەکان دەستنیشان دەکەم، وەکوو ئەرکێک پێویستە بیخوێننەوە، دواتر داوای ئەوەیان لێ دەکەم، لەناو پۆلدا ئەو ئارتێکڵە ڕاڤە بکەن. لەم حاڵەتەدا کاتێک بابەتێک، یان وتارێکی زانستی زانکۆیی دەدەیتە خوێندکارەکەت و ماوەیەکی دیاریکراوی پێدەدەیت، کە بابەتەکە بخوێنێتەوە و دواتر لەناو پۆلدا لەبەرچاوی هاوڕێکانی داوای ئەوەی لێ دەکەیت، ئەوەی خوێندوویەتییەوە باسی بکات، گرفت سازییەکانی و گرنگیی بابەتەکە لە چوارچێوەی ئەو وتارەدا باس بکات، ئەمە بابەتێکە، کە ئیدی خوێندکار ناتوانێت گزی بکات، چونکە بابەتێکت بۆ دەستنیشان کردووە، کە دیاریکراوە و گفتوگۆی لەسەر دەکات و وەڵامی پرسیار و ڕەخنەکان دەداتەوە کە چات جی پێ تی ناتوانێت ئەمە لەجیاتی ئەو بکات.“
بۆ وەڵامی ئەوە پرسیارەش کە ئاخۆی بۆچوونی ئەو سەبارەت بە زیرەکیی دەستکرد چییە؟ ئایا دەکرێت وەکوو ئامرازێک سوودی لێ وەربگرین؟ یان وەکوو ئامرازێکی خراپ ڕەتی بکەینەوە و بەکاری نەهێنن؟
د.هەردی مێد. ڕوونی کردەوە: ”ئەم تەکنەلۆژیایە بەشێکە لە ئێستا و ئاییندەی ئێمە، ناکرێت وەکوو شتێکی نەرێنی کە چەوتی درووست دەکا، یان وەک ئامێرێکی ڕەش تەماشا بکرێت. بە پێچەوانەوە، دەبێت وا لیێ بنواڕین کە ئامێرێکی گرنگی سەردەمە کە مرۆڤ دەتوانێت سوودی لێ ببینین، دەشتوانین وەکوو بەشێک لەو ئامێر و ئامرازانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاری دەهێنین، بۆ کاری لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی زانیاری و زۆر شتی دیکە سوودی لێ ببینین. بە بۆچوونی من پێویستە وردەوردە بیخەینە ناو چوارچێوەی کارەکانمان و دەرگیری ببین و وەکوو شتێکی نامۆ و بێگانە تەماشای نەکەین، بەڵام پێویستە کارێکی لەو جۆرەش بکەین، کە لەجیاتی ئێمەی مرۆڤ ئیشەکان نەکات، ئەمە پرسە گرنگەکەیە، پوێستە خوێندکارەکان بە شێوەیەک پەروەدە بکرێن و ڕێنمایی زانستیی مرۆییان بدرێتێ، کە وەکوو ئامێرێک بۆ کارکردن بەکاری بهێنن، بەڵام ناکرێت جێی ئەوان بگرێتەوە و لەجیاتی ئەوان بیر بکاتەوە.“
کێشەی زیرەکیی دەستکرد و ئاڵنگارییەکانی لە بەردەم کایەی زانست و کێشەیەکە تەواوی جیهانی گرتووە وەتەوە و لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش بووەتە مایەی مشتومڕی توێژەران و ئەکادیمیان.
هەر پێوەند بەم پرسە، پ.د.#نەزاکەت حسێن# مامۆستا لە بەشی ڕاگەیاندنی #زانکۆی سلێمانی#، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لەمڕۆدا زیرەکیی دەستکرد، نەک چاڵێنج و ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە بەردەم ئەکادیمیا و کایەی زانستی، بەڵکوو ئاڵنگاریی کۆی ڕەهەندەکانی ژیانی مرۆڤایەتی دەکات. هەر لە ئاڵنگاریی زانستەوە تا دەستی کار و هزر و جەستەی مرۆڤ. جاران ئایکۆنێک هەبوو لە کۆمپیوتەردا دەیوت: تۆ مرۆڤی یان ڕۆبۆتیت؟ ئێستا هەر بەرهەمێک دێتە بەردەستمان، دەبێت بزانین ئایا ئەمە بەرهەمی مرۆڤ خۆیەتی، یان بەرهەمی ڕۆبۆتە! دەبێت سێرچ بکەین و دڵنیا بینەوە لەوەی بزانین ئەم بەرهەمە خۆی ئەنجامی داوە، یان لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجامی داوە.
سەبارەت بەوەش، کە تا چەند قوتابییان زیرەکیی دەستکرد وەکوو ئامرازێک بۆ گزیکردن بەکار دەهێنن؟
د.نەزاکەت حسێن وتی: ”لەمڕۆدا چ توێژینەوە و ڕاپۆرت و ئەرکی قوتابییان، چ هەندێک نووسەر لە نووسینی وتار و پەرتووکەکانیان، پەنا دەبەنە بەر زیرەکیی دەستکرد. بۆیە هەموو ئەو توێژینەوانە بوون بە مایەی پرسیار و تێڕامان، بێگومان ئەمڕۆ زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت لە هەموو ئەوانە لەجیاتی مرۆڤ ئەنجامی بدات. گرفتی زیرەکیی دەستکرد لەگەڵ ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی نوێ ئەو مەترسییەی درووستی کردووە کە لە ڕابردوودا ئەوان زانیارییان بەرهەم نەدەهێنا، مرۆڤ تایپی ئایدیای دەکرد، بۆ نموونە، ئامێری چاپ ڕۆژنامەی چاپ دەکرد، بەڵام ئایدیاکە هیی مرۆڤ خۆی بوو. تەلەڤزیۆن زانیارییەکانی بەگەڕ دەخست، بەڵام زانیارییەکان لە مرۆڤەوە دەردەچوون، بەڵام کێشەی زیرەکیی دەستکرد ئەوەیە، خۆی تێکست بەرهەم دەهێنێت. کەواتە بووە بە جێگرەوەی مرۆڤ لەو بوارەدا و لە بواری زانستی و ئەکادیمیا و کایەی زانکۆدا بە مەبەستی فێڵکردن و گزی بەکار دەهێندرێت. ئاسانیش نییە و تەنیکێکی گەشەسەندوو لەبەردەستدا نییە، کە مامۆستایانی زانکۆ و بۆردە زانستی و ئەکادییمەکان بۆ ئاشکراکردنی ئەو فرتوفێڵانەی لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە لە کایەی زانکۆ و ئەکادیمادا دەکرێن، بەکاری بهێنن.“
سەبارەت بە بۆچوونیشیان بۆ ئاشکراکردنی ئەو گزی و فرتوفێڵانەی لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دەدرێن، د.نەزاکەت حسێن، وتی: ”تەکنیک هەیە بۆ ئاشکراکردنی ئەو فرتوفێڵانەی لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام هیچ توانایەک لەبەردەستی زانکۆکاندا نییە بۆ بەدەستهێنانی ئەو تەکنیکانە، لە کاتێکدا زیرەکیی دەستکرد لە هەموو پنتێکی جیهاندا بڵاو بووەتەوە، بۆیە بەدەستخستنی ئەو تەکنیکە ئاسان نییە، بەڵام مامۆستایان لە ڕێگەی خوێندنەوەی خۆیانەوە دەتوانن هەست بەوە بکەن کە نووسینی ڕۆبۆت ڕۆحی مرۆڤی تێدا نییە و مامۆستایەکی زیرەک و لێهاتوو دەتوانێت جیاوازی لەنێوان دوو تێکستدا بکات کە یەکێکیان بەرهەمی مرۆڤە و ئەودیکەیان بەرهەمی زیرەکیی دەستکردە، بەڵام مەرج نییە هەموو مامۆستایەک ئەو توانایەی هەبێت. خۆ ڕەنگیشە مامۆستا گومانی هەبێت، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی نییە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت، کە خوێندکار بۆ نووسینی توێژینەوەکەی زیرەکیی دەستکردی بەکار هێناوە. من داواکارم لە وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەکنیکێکی نوێ بۆ زانکۆکان دابین بکات، تا لە ڕێگەوەیە مامۆستایان و ئەکادیمستان ئەو فرتوفێڵ و ساختەکارییانە ئاشکرا بکەن کە لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە ئەنجام دەدرێن.“[1]