بیلال ئەحمەد
لیدا حەمرین قوتابییەکی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی ئیشقی سۆرانە، لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابی کورد لە هەرێمی کورستان و ئێراق، بەشداری لە ئۆڵمپیادی IJSO ی لە وڵاتی ڕۆمانیا کردووە، لیدا لەگەڵ هاوڕێیەکانی توانیویەتی خەڵاتێک بەدەست بهێنن و دەڵێت #ئاڵای کوردستان# و جلوبەرگی کوردیم بردە نێو پەڕڵەمانی ڕۆمانیا.
قوتابییان لە 54 وڵاتی جیهانەوە بەشداریی ئۆڵمپیادی IJSOیان کرد.
لیدا حەمرین لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی ڕووداو وتی، بە هاوکاریی دایک و باوک و مامۆستایانم، بۆ ماوەی چەند مانگ ڕاهێنانمان کرد و لەگەڵ هاوکارانمان توانیمان میدالیایەکی برۆنزی بۆ ئێراق بەدەستبهێنین، چونکە خۆم زۆر حەزم لە بەشداری و پێشخستنی توانا زانستییەکانم هەیە، بۆیە بەشداریم کرد.
ئۆڵمپیادی IJSO ئۆڵمپیادێکی جیهانییە بۆ تاقیکردنەوەی توانای زانستی لاوان، تاقیکردنەوەیەکی زانستی نێودەوڵەتییە لە هەرسێ زانستی فیزیا، کیمیا و بایۆلۆژی، ئەمساڵ لە وڵاتی ڕۆمانیا بەڕێوەچوو، تێیدا قوتابییان لە 54 وڵات بەشداربوون، لە هەرێمی کوردستان و ئێراق 6 قوتابی بەشداربوون.
لیدا حەمرین ئاماژە بە هاوڕێ بەشدارەکانی دەکات، کە دووانیان لە کەرکووک، یەکێکیان لە سلێمانی و یەکێکیان لە دهۆکەوە بوونە. دەڵێت: لە ئۆڵمپیادەکەدا نەک تەنیا باسی بابەتی زانستییان کردووە، بەڵکوو لە کاتی کۆبوونەوەی شەوانەیان لەگەڵ قوتابییانی وڵاتانی دیکە، کە هیی 54 وڵات بوون، باسیان لە کولتووری کوردی کردووە.
ئەو کچە خوێندکارە کە بە ئاڵای کوردستانەوە لەگەڵ هاوڕێیەکانی بەشداری ئەو چالاکییە نێودەوڵەتییەی کردووە، وەکوو نەوجەوانێکی کورد هەستێکی نەتەوەیی هەبووە کە لەگەڵ بەشداربووانی دیکەدا زانیاری لەبارەی کوردستانەوە ئاڵوگۆڕ بکات و دەڵێت: من لەنێو پەڕڵەمانی ڕۆمانیا توانیم ئاڵا و جلوبەرگی کوردی پێشان بە وڵاتانی دیکە بدەم و توانیم پێیان بڵێم کە ئێمە نەتەوەیەکی سەربەرزین و خاوەن ئاڵا و هەرێم و حکومەتی خۆمانین.
هەروەها لیدا وتی، بەشداربووانی وڵاتانی دیکە زۆر پرسیاریان سەبارەت بە کوردستان دەکرد، چونکە هەندێکیان زانیارییان لەبارەی کوردستان نەبوو، بۆیە لەبارەی زمان، کولتوور و جلوبەرگی کوردی، مێژوو و خواردنی کوردی پرسیاریان کرد، منیش وەڵامی پرسیارەکانی ئەوانم دایەوە.
لیدا حەمرین داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوکاریی زیاتری گەنجان بکرێت و وتی، بەڕای من پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بەم تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییانە بدات، تاوەکوو ئاستی زانستیی قوتابییان بەرزتربکرێتەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان بە وڵاتانی دیکە بناسێنن.[1]