نالین حەسەن
مازن ناتوور ئەکتەرێکی نێوداری سووریایە و خەڵکی پارێزگای دەرعایە. یەکێکە لەو هونەرمەندانەیە دژی ڕژێمی ئەسەد هەڵوێستی هەبوو، سەندیکای هونەرمەندانی سووریای سەربە ڕژێم لە کاتی خۆیدا بڕیاری دەرکردنی دا. لێهاتووانە ڕۆڵی کارەکتەری نێو دراماکانی گێڕاوە، بەتایبەتیی درامای جەوهەر. لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ڕووداو، باس لە سووریای نوێ دەکات و بەشێکی هەڤپەیڤینەکەی بە زمانی کوردییە.
ڕووداو: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیم بە زمانی کوردی قسە دەکرد، باسی ئەم ئەزموونەم بۆ بکە و چۆن فێری زمانی کوردی بوویت؟
مازن ناتوور: سڵاو بۆ هەموو بینەرانی کەناڵە بەڕێزەکەتان. پێش هەر شتێک، پیرۆزبایی لە هەموو مرۆڤایەتی و برا کوردەکانمان و هەموو سوورییەک دەکەم، هەروەها هەر کەسێکی عەرەب کە لەژێر حوکمی ئەم ڕژێمە لەنێوچووەدا ژیاوە، یان بیستوویەتی. ڕووخانی ئەم زاڵمەیان لێ پیرۆز بێت، هەروەها بەرەبەیانی نوێی ئازادییان لێ پیرۆز بێت.
چۆن فێری زمانی کوردی بووم؟ لە قامیشلۆ و لە دیمەشق هاوڕێی زۆرم لە برا کوردەکانمان هەیە. جەژنەکانی نەورۆزم لەگەڵیان پیرۆز دەکرد. بۆ من وەرزی شادی بوو، کاتێک خۆشی و کەیفم لەسەر ڕووی برا کوردەکانمان دەبینی، کاتێک کە شێوازی ئاهەنگ، جەژن، فۆلکلۆر، زمان و هەڵپەڕکێم دەبینی. کاتێک ئەمەم دەبینی، دڵخۆش و بەختەوەر دەبووم و فێر دەبووم، کە کاتێک حەز لە کەسێکی دیکە دەکەم، دەبێت ڕێز لە کولتوورەکەی بگرم. حەزم دەکرد هەوڵی فێربوونی زمان بدەم، بەداخەوە ئەوەندە باش فێری نەبووم، بەڵام هەندێک جار هەوڵدەدەم.
ڕووداو: خودا یاوەربێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بەتەواوی فێری زمانی کوردی دبیت و هەڤپەیڤینێک دەکەین کە هەمووی بە زمانی کوردی بێت.
مازن ناتوور: پەنا بە خودا، لە ڕۆژانی داهاتوودا لە سووریای نوێ، دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سووریا فێری کولتوور و زمانی براکانیان لە وڵاتەکەیان ببن. هەست دەکەم ئەمە بۆ بەشێک لە خوێندکارانی سووریا پێویستە کە بە زمانی برا کوردەکانیان قسە بکەن، چونکە ئەوان برا و هاوبەشی ئەوانن لەم وڵاتە، هەروەک بە کوردی وتم....... ئێستا کاتی بوونیاتنانی وڵاتەکەمانە. بوونیاتنانی وڵات بە بەرد نابێت، بەڵکوو بە بوونیاتنانی متمانە، بوونیاتنانی خۆشەویستی و گۆڕینەوەی زانیاری دەبێت.
پەنا بە خودا، لە ڕۆژانی داهاتوودا، دوای ئەوەی ئەو کۆت و بەندانە دەشکێنین کە بە مەبەستی پارچەکردن و لەسەر بنەمای سیاسەتی کۆلۆنیالیستی پارچە بکە و بەڕێوەببە لێکی جیاکردبووینەوە، دەبێت زیاتر یەکتر بناسین.
ڕووداو: ئێستا، بەڕێز مازن، تۆ چی لە کوردەکان دەخوازیت لە سەردەمی نوێ یان لە سووریای نوێدا، هەروەک خۆشت دەزانیت، کورد بە گشتی لە مافە نەتەوەییەکان بێبەش کراون، لەوانە مافە کولتوورییەکان و تەنانەت مافی فێربوونی زمانی کوردی لە سەردەمی ئەسەددا؟
مازن ناتوور: من شایەتم و شایەتیم داوە، ئەمە ڕاستییەکی سەر زەمینە، برا کوردەکانمان بە زۆر ناسنامەیەک یان بەڵگەنامەیەکیان وەردەگرت، کە هاووڵاتیبوونی خۆی بسەلمێنێت، لەبەر ئەوە هەستیان بە نائارامی دەکرد، هەستیان بە ژێردەستی و نادادی دەکرد. من ئەمەم دەبینی، بەڵام بەداخەوە کەس نەیدەتوانی هیچ بکات. من بۆ خوشک و برا کوردەکانم خۆشەویستی و پێشکەوتنم دەوێت، هیوادارم هاوبەشی ڕاستەقینە بین لە وڵاتێکدا کە لە خۆشی و ناخۆشیدا کۆمانبکاتەوە. وڵاتێک لەسەر ڕێزگرتن و خۆشەویستی دابمەزرێت. وڵاتێک شادی و کولتووری ئێمە کۆبکاتەوە.
بێنە بەرچاوت کۆمەڵێکی فۆلکلۆری لە دەرعا لەگەڵ خوشک و برا کوردەکان، لە جەژنی نەورۆزدا لە قامیشلۆ، حەسەکە و گوندەکانی شام، بەشداری شادی بکەن. بێنە بەرچاوت کۆمەڵێکی کوردی لە باکوور و ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵات بێنە دوورترین شوێنی باشووری وڵات و هەڵپەڕکێ پێشکەش بکەن. ئەم پەیوەندییە مرۆییە چەند خۆشەویستی درووست دەکات؟
بنەمای سیاسەتی ڕژێمی بەشار من دووبارەی دەکەمەوە دابەش بکە و بەڕێوەی ببە سنووری لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی سووریا دادەنا بۆ ئەوەی دەستیان بەسەردا بگرێت، بۆ ئەوەی ئەو گرێدانە نیشتمانییە نەهێڵێت. بەڵێ لە سەردەمی داهاتوودا، دەبێت سەرکردایەتی و هەموو سوورییەکان ئەوە تێبگەن، کە لە چارەنووسدا هاوبەشن، لە ئاوەدانکردنەوەدا هاوبەشن، لە داهاتوودا هاوبەشن. ئەمەش بۆ داهاتووی منداڵەکانتان، بۆ ژیانیان و هیوا دەخوازن بگاتە لووتکەی گەشەسەندن، ئارامی، هاوبەشی و مرۆڤایەتی.
ڕووداو: ئایا گەشبینیت، بەڕێز مازن؟ دیدەگات بۆ داهاتووی سووریا چییە؟
مازن ناتوور: لە هەشتی کانوونی یەکەمەوە، وەک ئینگلیزەکان دەڵێن، من بە کەیف و شادی لەسەر هەورەکان دەفڕم، یەک چرکەش گومان ناکەم، سووریای داهاتوو زۆر باشتر دەبێت.
هەموو پێکهاتەکانی سووریا، وانەیەکی جیاوازیان وەرگرت کە هەر پێکهاتەیەک بەگوێرەی خۆی وەریگرت، لەسەر ڕووی زەوی هەر کەسێک بینیبێتی و بینیویانە دوژمنی ڕاستەقینەیان کێیە.
کێ لەنێوانماندا دەژیا و دوژمنمان بوو و ئایا کێ سامانی ئێمەی دەدزی؟ کێ جیای دەکردینەوە؟ کێ ستەمی لێ دەکردین؟ کێ و کێ و کێ.... ئەمە ڕۆیشت و نەما.
سەردەمی داهاتوو دەبێتە خاوەنی بەڕێوەبەرییەکی باشتر، سوورییەکان ڕێگە نادەن دۆخێکی دیکەی نادادی و پشتگوێخستن جارێکی دیکە درووست ببێتەوە. پێکهاتەیەک لەسەر حیسابی پێکهاتەیەکی دیکە دەربکەوێت، ئیتر ئەمە نابیسترێت. من باوەڕم وایە هەر سەرکردایەتییەکی ژیر بێتە سووریا یەکەم جار، لەم وانەیە تێدەگات. بەڵام دەبێت هەموو گەلی سووریا بەشداری ئەم سیاسەتە بن، واتە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا پێکەوە بڕیاری چارەنووسی خۆیان بدەن، بەشداربوون دەبێت و هیچ دوورکەوتنێکیش نابێت.
ڕووداو: باشە، ڕۆڵی ئێوە وەک هونەرمەند چییە؟ وەک هونەرمەند چی دەکەوێتە سەر شانی ئێوە؟
مازن ناتوور: من پێم وایە ڕۆڵی هونەر و ڕۆڵی دراما، ڕۆڵی گۆرانی لەنێو کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی سەرکردایەتییە لە ئاڕاستەکردنی بینین بۆ خۆشەویستی نیشتمان. بۆ ئەوەی ئازارەکانی نیشتمان بناسرێن و دراما دەتوانێت ئەو ئازارە ڕاستەقینانە نیشان بدات کە هاووڵاتییان لێی دەناڵێنن. ئەگەر هونەر ئاوێنەی میللەتانە، هونەر پێش 8ی کانوونی یەکەم ئاوێنەیەکی ناروون و ناراست بوو کە نەیتوانی هیچ دەردێک لە دەردەکانی سووریا دەربخات. هونەر لە سەردەمی ڕژێمدا تەنیا بۆ تێپەڕاندنی کات خۆش بوو و بۆ نیشاندانی ئەوەی دیموکراسی و ئازادی دەربڕین لەلای ئێمە هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی سنووردار کە هیچ زیانێکی بۆ کەس نەبێت، تەنیا ئەو وێنەیە بدات کە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە و ئازادی تێدایە، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز نوێنەرایەتی گەلی سووریای نەدەکرد. من لە ژیانی خۆمدا نەمبینیوە کەسایەتییەکی کورد لە درامایەکی سووریدا هەبێت، بۆچی؟ من هەرگیز گۆرانییەکی کوردیم لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنی سووری نەبینیوە، بۆچی؟ من لە ژیانی خۆمدا گرووپێکی فۆلکلۆریم نەبینیوە کە لە قامیشلۆ، حەسەکە، حەلەب، عەفرین یان دیمەشق بێت و بە جلی فۆلکلۆری خۆی گۆرانی بڵێت و هەڵپەڕکێ بکات و خۆشی بخاتە دڵی هەموو کەس. بە پێچەوانەوە هەبوو.
جیاوازی لە هەرێمەکاندا هەبوو. لە قۆناخی داهاتوودا دەبێت پێداچوونەوە بە هونەر و سەندیکای هونەرمەندان بکرێت. هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەمی دراما بکرێت. نابێت چەرخی بەرهەمهێنان لەلایەن ئەو کەسانەوە بەڕێوەببرێت کە پیاوانی ڕژێمن و وەک بەرهەمهێنەری درامایی خۆیان شاردووەتەوە.
ڕووداو: لەگەڵ ئەوەی هەندێک ناوی سەرنجڕاکێش لە هونەر و درامای سووریدا کەسایەتی کورد بوون وەک عەبدولڕەحمان ئال ڕەشی، تەڵعەت حەمدی، مونا واسف، خالید تاجا. لە ڕاستیدا لیستەکە درێژ دەبێت لەبەر ئەوەی زۆر هونەرمەند هەن کە بە ڕەچەڵەک کوردن و ڕۆڵی سەرەکیان لە گەشەکردنی درامای سووریدا هەبووە، ئێوە ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
مازن ناتوور: پێش هەر شتێک تۆ ناوی کۆمەڵێک هاوڕێی منت هێنا. هاوڕێی یەکەمم هونەرمەندی کورد تەڵعەت حەمدی بوو. ئەو مرۆڤێکی ڕێزدار و بەڕێز بوو، بە هەموو واتای وشەکە پیاو بوو. هاوڕێی دیکەم عەبدولڕەحمان ئەل ڕەشی، ڕەحمەتی خودای لێبێت، من و ئەو لە چوار زنجیرە درامادا ڕۆڵمان بینی، لە زنجیرەی جەواهیر ئەو ڕۆڵی باوکی منی بینی. ئەم هونەرمەندە لە ڕووی نرخی هونەری، بوونی مەردانە و هەروەها تووڕەییەوە بێوێنە بوو، هەرگیز کەس شوێنی ئەو ناگرێتەوە لەبەر ئەوەی هەمیشە ڕاستگۆ و درووست بوو و ڕاستی دەپاراست.
من لێرە ستایش ناکەم، ئەوان چوونەتە دنیای حەق، بەڵام بە خودا ئەمە قسەیەکی ڕاستە. هونەرمەندی گەورە خالید تاجا لە قۆناخەکانی کۆتایی ژیانیدا تووشی چەوساندنەوە و ناهەقی هات، تاوەکوو چووە سەر دڵۆڤانی خودا. خودا ڕەحمەتی پێ ببەخشێت.
لە درامای سووریدا مافەکانی خۆیان دەگرت، ئەم ئەستێرانەی تۆ باست کردن، بەڵام ئێمە داوا دەکەین لە چەرخی داهاتووی بەرهەمی دراماییدا بەرهەمی کوردی ڕەسەن، واتە بە زمانی کوردی هەبێت و ژێرنووسی بۆ بکرێت و ئەم بەرهەمە وەک بەرهەمێکی سووری کە لە سووریاوە دەرچووە، وەک بەرهەمێکی درامای سووری وەربگێڕدرێت. لەگەڵ من بیهێنە پێش چاوی خۆت بەرهەمێکی درامایی ئاشووری، سریانی، تورکمانی، هەر کەس ناسنامەی خۆی ئاشکرا دەکات، بۆچی نا؟ سەیری کەنداو بکە، وڵاتە گەورەکانی جیهان کە خەڵک لە ڕەگەزنامەی جیاواز تێیدا دەژین، ئەمریکاش ئەم دەوڵەتە زلهێز و گەورەیە کە ڕێز لە هەموو کولتوورەکان دەگرێت، ئەم وڵاتە زلهێزانە ئایا ڕێز لە مرۆڤەکان ناگرن؟ ئایا نرخ بە ناسنامەی خەڵک نادەن؟ ئەمە هاووڵاتیبوونە و ئەمە وڵاتە.[1]