ژیلا ئەسعەد
ڕاوێژکارێکی عەلی خامنەیی دەڵێت: ئەگەر ڕەفتاری بەرپرسانی سووریا بیرمەندانە بێت، کێشەیان لەگەڵ ئەوان نییە. وتیشی، دەبوایە حکومەتی پێشووی سووریا پەیوەندیی لەگەڵ کورد کردبا.
ڕۆژی پێنجشەممە #02-01-2025# عەلی لاریجانی، ڕاوێژکاری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، حەوت بۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر باس لەوە کرابوو حکومەتی سووریا لەگەڵ ئەو دۆستە کوردانەی کە لە سووریان؛ باشتر و وردتر بێت و تووند نەبێت، دوو سێ جار بە دەسەڵاتدارانی سووریام گوتووە کە ئێوە مۆڵەت بدەن بە نەتەوەکان.
لاریجانی وتیشی، حکومەتی پێشوو بیرکردنەوەی جیاوازیان هەبوو، ئێمە نەماندەتوانی دەستوەردان بکەین.
لەبارەی پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی سووریا پەیوەندیی بە ڕەفتاری ئەوان هەیە، ئەگەر ڕەفتاری بەرپرسانی سووریا بیرمەندانە بێت، ئێمەش کێشەمان لەگەڵ ئەوان نییە.
ڕاوێژکارەکەی خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر بەرپرسانی سووریا بڵێن بەرگری لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین، مافی هەمووان دەدەین پێکهاتەیەکی دیموکراتیک درووست بکەن، ئێمەش پشتیوانییان دەکەین.
ڕۆژی #08-12-2024# گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام دیمەشقی پایتەختی سووریایان کۆنترۆڵ کرد و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، بەو جۆرەش ئێران هاوپەیمانێکی گرنگی لە ناوچەکەدا لەدەستدا. [1]