ئەندامێکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە دەڵێت: داوای بینینی ئەحمەد شەرعیان نەکردووە، ئێمە زیاتر لەگەڵ خەڵک، کۆنسووڵ، ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتییەکان گفتوگۆ دەکەین.
#ئیبراهیم برۆ، # ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە لە شامەوە میوانی دلبخوین دارا، پێشکەشکاری تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو؛ پرسیاری ئەوەی لێ کرا کە بۆچی لە دیمەشقە؟ لە وەڵامدا وتی، بەناوی ئەنەکەسەوە لەوێم، پێشتریش عەبدولحەکیم بەشار لێرە بوو، ئێمە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکەین. بڕیاری ئەنجوومەنەکە ئەوە بوو کە ئەو دابڕانە لە شام نەهێڵین، ئێستا هەڤاڵانمان گەڕاونەتەوە شام، لێرەن و کاری خۆیان دەکەن.
لەبارەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ئیبراهیم برۆ ئاماژەی بەوە کرد، زیاتر لەگەڵ خەڵک، کۆنسووڵ، ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتییەکان گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ خەڵکی نزیکی ئەو دانووستاندن کراوە، بەڵام بەڕاستی بڵێم، ئەویش [ئەحمەد شەرع] خۆی لە بینینی حیزبە سیاسییەکان دەپارێزێت و تاوەکوو ئێستا هیچ کیانێکی سیاسیی نەبینیوە. ئێمە نوێنەری وڵاتان و وڵاتانی عەرەبیمان بینیوە.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ ئیبراهیم برۆ، ئەندامی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە:
ڕووداو: ئێوە بەناوی ئەنەکەسەوە لە شامن یان بەناوی خۆتانەوە؟
ئیبراهیم برۆ: من بەناوی ئەنەکەسەوە لەوێم، پێشتریش عەبدولحەکیم بەشار لێرە بوو، ئێمە نوێنەرایەتیی ئەنجوومەنەکە دەکەین. بڕیاری ئەنجوومەنەکە ئەوە بوو کە ئەو دابڕانە لە شام نەهێڵین، ئێستا هەڤاڵانمان گەڕاونەتەوە شام، لێرەن و کاری خۆیان دەکەن. ئەوانەی پێشتر لە دەرەوەی سووریا گفتوگۆمان لەگەڵیاندا دەکرد، ئێستا گەڕاونەتەوە بۆ سووریا و پێویستە ئێمەش بەردەوام بین لەگەڵیان.
ڕووداو: لە بەرنامەتاندایە نووسینگەی ئەنەکەسە لە شام (دیمەشق) بکەنەوە؟
ئیبراهیم برۆ: بێگومان، ئێستا بیانوویەک بۆ نەبوونی ئەنجوومەن نییە، لە کاتێکی نزیکدا وەکوو پایتەختی سووریا خەڵک دێنە شام و کاری تێدا دەکەن، حیزب و گرووپی نوێ درووستدەبن، بۆیە زۆر پێویستە لە شام هەبین.
ڕووداو: ئەحمەد شەرع-تان بینی؟
ئیبراهیم برۆ: نا، زیاتر ئێمە لەگەڵ خەڵک و کۆنسووڵ، ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتییەکان گفتوگۆ دەکەین. لەگەڵ خەڵکی نزیکی ئەو دانووستاندن کراوە، بەڵام بەڕاستی بڵێم ئەویش [ئەحمەد شەرع] خۆی لە بینینی حیزبە سیاسییەکان دەپارێزێت، تاوەکوو ئێستا هیچ کیانێکی سیاسیی نەبینیوە. ئێمە نوێنەری وڵاتان و وڵاتانی عەرەبیمان بینی، کاری سەرەکیی حکومەتی نوێ پرسی چەکداری و ئەمنییە. لایەنە سیاسییەکان گلەیی دەکەن؛ خەڵکی دەرعا و سوەیدا و چەند ناوچەیەکی دیکەمان بینی و ئەوانیش گلەییان هەیە، ئەوەی لە 20 ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا، ڕاستە ئەسەد ڕووخا، بەڵام کە باسی کۆنگرەی نیشتمانی دەکرێت و خەڵک نابینرێت، ئەمە هێدیهێدی گازەندە درووست دەکات.
ڕووداو: واتە ئێوە هەوڵی بینینی ئەحمەد شەرعتان دا؟
ئیبراهیم برۆ: نا، ئێمە تەنیا وەکوو دەنگێک گەیاندمانە دەوروبەرەکەی کە ئێمە وەکوو ئەنجوومەن ئامادەین لێرە دانووستاندن و کاری خۆمان بکەین، ئەگەر لێرەش شتێک کرا ئێمەی تێدابین. بەڵام تاوەکوو ئێستا بە فەرمی داوای بینینی [ئەحمەد شەرع]مان نەکردووە.
ڕووداو: پاشەڕۆژی ئیئتیلافی سووریا چی دەبێت؟
ئیبراهیم برۆ: ئیئتیلاف کە لە ساڵی 2012 دامەزرا، شەرعییەتێکی نێودەوڵەتیی پێدرا، کە دانووستاندنەکانی 2014 و 2015 دەستیان پێکرد تەنیا ئیئتیلاف هەبوو، دواتر هەندێک لایەنی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن هاتنە نێویەوە. ئێستا ئیئتیلاف چەترێکی سیاسییە، زۆر حیزب و لایەن و هێزی چەکداری لەخۆدەگرت، ئێستا دەبینین زۆر هێزی چەکدار دەستیان لەکارکێشایەوە و کاریان تەواو بوو؛ بەڵام لایەنی سیاسی وەکوو ئەوان نین، بێگومان ئێمەش ئەمڕۆ خۆمان وەکوو ئۆپۆزیسیۆن نابینین، لە تەمەنی خۆماندا یەکەمجارە دەچینە شام بەبێ ئەوەی وەکوو ئۆپۆزیسیۆن خۆمان ببینین. ئێستا دەبێت خەباتی سیاسی بکرێت، قۆناخێک تێپەڕی؛ کەوتنی ڕژێم کەیفۆخشییەکی زۆر بوو، بەڵام ئێستا کارێکی دوورودرێژ لەپێشمانە کە چۆن وڵاتێکی وەکوو سووریای دیموکراتی و مەدەنی درووست بکەین. خەڵک دەپرسن کە سووریا چۆن دەبێت؟ نموونەیەکی چۆن پێشکەشی خەڵکی سووریا دەکات؟ دەبێت بۆ ئەمە لایەنە سیاسییەکان کاری خۆیان بکەن. بێگومان هەندێک لایەنی سیاسی لەنێو ئیئتیلافدا هەن، ئێمە کێشەیەک نابینین لەوەی ئیئتیلاف بمێنێت یاخود نا، ئێستا ئیخوان موسڵیمین، تورکمان، ئاشووری و هەندێک گرووپی دیکەی سیاسیی تێدایە، بەڵام دەتوانم بڵێم گەورەترین گرووپەکان ئەنەکەسە و ئیخوان موسڵیمینە. پێویستە دانووستاندنەکانمان بمێنن.
ڕووداو: کەی ئەنەکەسە لە ئیئتیلاف دەچێتە دەرەوە؟
ئیبراهیم برۆ: تاوەکوو ئێستا ئەو باسە تاوتوێ نەکراوە، ئیئتیلاف خۆی دەڵێت کارەکانمان بەردەوام بێت یاخود نا، ئەگەر زانیمان ئەو یاداشتانەی لەنێو ئیئتیلافدا واژۆمان کردووە بەردەوام دەبێت و بە باشی دەڕوات، بەردەوام دەبین، بەڵام ئەگەر خەڵکانێک دەربچن ئێمە ناتوانین پابەندیان بکەین بە مانەوە.
ڕووداو: ئێوە ناوتان ئیئتیلافی شۆڕش و ئۆپۆزیسۆنی سووریایە، ئێستا نە شۆڕش ماوە و نە ئۆپۆزیسیۆن، چونکە ئەسەد ڕووخاوە، خەڵک دەپرسن ئەم ئیئتیلافە تاوەکوو کەی دەمێنێت؟ شەرعیش دەڵێت: ئۆپۆزیسیۆن نەماوە با خەڵک بەناوی خۆیانەوە بێن بەشداری لە دیالۆگی نیشتمانیدا بکەن. لە کاتێکدا ئێوە لە شامن، لە قامشلو هەوڵدانی یەکڕیزیی لایەنە کوردییەکان هەیە، بۆچی پێش ئەوەی بگەنە ئەنجامێک ئێوە چوونە شام؟
ئیبراهیم برۆ: بە بڕوای من، دەیان خەڵکی سەربە هەسەدە و پەیەدە پێشتر لە شام بوون و لەبەرچاوان و دیارن، نامەوێت ناویان بهێنم، بەڵام ئەوان ناردوویانن. شام دەوڵەتێکی دیکە نییە، پایتەخی سووریایە، ئەو باڵیۆز و کۆنسووڵ و نوێنەرانەی دوێنێ لە دەرەوە دەمانبینین ئێستا لە شام دەیانبینین، ئەو سوورییانەی دوێنێ لە دەرەوە دەمانبینین ئێستا لەنێوخۆ دەیانبینین، ئێمە هیچ ڕێککەوتنێکمان لەسەر مافی کورد لەگەڵ هیچ لایەنێک نەکردووە، کاتێک کریستیان، درووز، خەڵکی دەرعا و شام دەبینین، کاتێک تێڕوانینی خراپیان لەسەر کورد، بەتایبەت لەسەر هەسەدە و پەیەدە هەیە، دەمانەوێت جارێکی دیکە بە سوورییەکان بڵێین، ئێمە خەڵکێکین دەمانەوێت مافی خۆمان هەبێت و وەکوو لە دەرەوە کارمان دەکرد، ئامادەین لە ناوخۆش کار بکەین.
ڕووداو: تۆ لە شامەوە دەچیتە ڕۆژاوا یان دەگەڕێیتەوە بۆ هەولێر؟
ئیبراهیم برۆ: بێگومان دەگەڕێمەوە بۆ هەولێر، چونکە هێشتا ئەو هزر و عەقڵییەتەی کە پێشتر هەبوو، نەگۆڕاوە. ئەو هەڕەشانەی کە هەبوو، هەر ماون. ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگەی خەڵکی خۆمانەوە دەزانین؛ دەبێت گۆڕانکارییەکی باش درووست ببێت.
ڕووداو: سکرتێری پارتەکەتان و سەرۆکی پەدەکەسە لە قامشلون.
ئیبراهیم برۆ: حیزبی ئێمە لەوێن، حیزبەکەمان نایەوێت هەندێک شت بکات ببێتە کەسی. من ڕۆژێک نەمویستووە باسی بکەم و ئێستاش نامەوێت باسی بکەم کە تاوەکوو نیوەی ڕێگە چ هەڕەشەیەک لە ئێمە کراوە و چی ڕوویداوە. باشە کە ئەسەد لە شام بوو، خەڵکی شام هەموویان چۆڵیان کردبوو؟ ئێمەش حەزمان دەکرد و سەرمان بەوە بڵندە کە حیزب و سەرکردەکانمان هەموویان لەنێوخۆ بن، ئێمە سوپاسی مانەوە و زەحمەتکێشانی ئەوان دەکەین کە توانییان ئارام بگرن.[1]