نالین حەسەن
سەمیح شقێر، هونەرمەندی ناسراوی سووری، لە بەرهەمەکانیدا ناڕەزایی گەلی سووریا ڕەنگیداوەتەوە، کە دژی ئەسەد سەریان هەڵدابوو، سەرەتا خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ژمارەیەک شار بەڕێوەچوون. دەسەڵاتی ئەسەد بە گوللە ڕووبەڕووی هەندێک لەم خۆپێشاندانانە بووەوە، ئەمەش وای کرد سەمیح شقێر گۆرانیی یا حێف بڵاوبکاتەوە، کە بوو بە سروودی گەورە و بچووک.
سەمیح شقێر، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکاری بۆ گۆرانییەک دەکات، گوزارشت بێت لە سووریای دوای ئەسەد.
ڕووداو: ئێستا هەستەکانت چین، کاتێک گوێ لە یا حێف دەگریت، بەڵام لە بارودۆخێکی تەواو جیاواز، لەبەر ئەوەی سووریا، سووریایەکی دیکەیە و بێ ئەسەدە؟
سەمیح شقێر: بێگومان، جیاوازییەک درووست بووە، گوێگرتن یان گۆرانیوتن لە قۆناغی پێشوودا، کە پڕ بوو لە پێشێلکاری، کوشتن و خوێن و قۆناغی ئێستا هەر چرکەیەک لە هەر شوێنێکی سووریاوە هەواڵم پێ دەگات، دەنگ و وێنەم بۆ دەنێردرێن، خەڵکی هەموو پارێزگاکان ئەم گۆرانییە ئێستا لە شەقامەکان دەگوترێت، ئەمە واتای سەرکەوتنی وشەیە بەرانبەر گوللە و لە کۆتاییدا پەیامی گۆرانییەکە هاتە دی، کاتێک لە کۆتاییدا دەڵێم گەل وەک چارەنووسە، کاتێک بە ئابڕو بێت؛ ناشکێت و هیوا دیارە، بە ڕاستیش هیوا دیار بوو. ئێستاش گەلی سووریا بەتەواوی لە شوێنێکی دیکەدایە، لە قۆناغی درووستکردنی دەوڵەتی خۆیدایە، دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، دەوڵەتی دیموکراتی. بێگومان چاوەڕێین بارودۆخەکە بەرەو ئەم لایە بڕوات و ئێمە بۆ کارکردن ئامادەین.
ڕووداو: سەمیح شقێر ئێستا ئامادەکاری بۆ گۆرانییەکی نوێ دەکات؟
سەمیح شقێر: بێگومان، ئامادەکاری بۆ گۆرانییەک دەکەم شایستەی ئەم سەردەمە بێت، کە پڕە لە خۆشی، بەتایبەت دوای چەندین ساڵی دوورودرێژ لە ئازاری گەل و دوای ئەو قوربانیانەی دران، بێگومان، ئەوان شایستەی خۆشین.
ڕووداو: ڕژێمی پێشوو چی لە تۆ برد؟
سەمیح شقێر: تەمەنی ئێمەی برد، نەک تەنیا تەمەنی من، تەمەنی زیاتر لە نەوەیەکی بەتەواوی برد، وڵات لەژێر زۆرداری و پێشێلکاریدا بوو و مەملەکەتی ترسی درووستکردبوو. ئێستاش گۆڕە بە کۆمەڵەکان، ڕۆژانە دەدۆزرێنەوە و لە ڕێگەی ئەو کەسانەی لەو قۆناغەدا دەژیان و نەیاندەتوانی قسە بکەن، ئێستا سەربوردەی خۆیان دەگێڕنەوە، ئاشکرا بوو ئەم ڕژێمە دەمارەکانی خۆی لەنێو ئەم گەلەدا زۆر قووڵ چاندبوو و ژێرخانی ئەم وڵاتەی ڕووخاندبوو. بە ڕاستی سەرنجی ڕژێم تەنیا لەسەر شتێک بوو، ئەویش مانەوەی بوو لە دەسەڵاتدا تا کۆتایی. هەروەها هەموو هێزەکانی ئاساییش و سوپا و هەموو سامانی وڵاتی تەنیا خستبووە خزمەتی پاراستنی کورسی.
ڕووداو: تۆ وەک هونەرمەندێکی سووریایی، کە بە گۆرانییە شۆڕشگێڕیەکانت ناسراوی، ئەو بەرهەمانەی لە سەردەمی ئەسەددا لە ئێوە قەدەغە کرابوون، چین؟
سەمیح شقێر: بە ڕاستی ئەزموونی من هەندێک سەرنجڕاکێشە، لەبەر ئەوەی ژیانی ئێمە لە سەرەتای ئەم زۆردارییەوە بوو. من لە سەرەتای ساڵانی 80ەوە گۆرانیم دەگوت. بە ڕاستی ئەزموونی گۆرانیوتنم لەژێر سێبەری ئەو دەسەڵاتدارییەدا بوو. سەختە ئەم ئەزموونە بە کورتی باس بکرێت، لەبەر ئەوەی لە ڕێگەی گۆرانییەکانمانەوە لەو سەردەمەدا شایەتی ئەم سەردەمی زۆردارییە بووین، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ناوەوە گۆرانییەکانمان دەگوت، پێویستی زۆر بە وریاییەوە هەبوو، کە زمان لە بواری سیمبولیکدا بەکار بێت و بەرەو نوێنەرایەتی زۆرداری نەچێت.
ڕووداو: ئێستا ترسی ئێوە لەسەر هونەر لە سووریادا هەیە؟
سەمیح شقێر: بە ڕاستی ئێمە ئێستا باسی سەردەمێک دەکەین هێشتا ڕوون نییە. دڵنیام لە کۆتاییدا ئەمە سووریایە، سووریای شارستانی، سووریا حەز لە هونەر و میوزیک و هەموو شتێکی شارستانی دەکات. لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت، زۆر سەختە ڕێگە لەم خۆشیانە بگیرێت. بەڵام ئێمە ئێستا لە سەردەمێکداین، هێشتا نازانین سنوورەکانی ئەم قۆناغە نوێیە هەتا کوێن. هێشتا قۆناغێکی تەماوییە، هەرچەندە من گەشبینم.
ڕووداو: هیوا و داواکارییەکانت لە سووریای نوێ چین، بە تایبەتیی لە حکومەتی ڕاگوزەر؟
سەمیح شقێر: وەک چۆن دەستمان پێکرد، چۆن گەشتی شۆڕشمان دەستپێکرد، کە داواکاری ئێمە ئازادی و ئابڕو بوو، هەروەها دەوڵەتی هاووڵاتیبوون کە تێیدا هەموو یەکسان بن. ئێمە داوای دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانمان دەکرد، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، هەروەها هیوادارین لە داهاتووی نزیکدا ئەم بابەتانە جێبەجێ بکرێن، هەنگاوەکانمان بەرەو ئەم لایە بن. بێگومان لەم سەردەمەدا هەندێک شت ڕوون نین، بەڵام ئێمە بە هەموو هێزی خۆمانەوە بەرەو ڕێگای خۆمان بەرەو دەوڵەتی هاووڵاتیبوون دەچین.
ڕووداو: تۆ دەزانی جەماوەرێکی گەورەت لەناو گەلی کورد لە سووریادا هەیە؟
سەمیح شقێر: بێگومان، من دڵنیام.
ڕووداو: چییان پێ دەڵێی؟
سەمیح شقێر: بێگومان بەردەوام زانیاری لە هەر چوار لاوە بۆم دێت، بەتایبەتیی زۆر دۆستی کوردمان هەیە، من پێش ئێستاش وتم زۆر گەڕاوم و زۆر دۆستی کوردم بینیوە. بینیم شوێنی گۆرانییەکەم لە بیریاندایە، تێیدا پشتگیری دۆزی کوردم دەکرد. بێگومان من دەبینم دۆزێکی دادپەروەرانەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت و لە ستەمی مێژوویی دوور بخرێتەوە. من دەبینم کورد بەشێکی سەرەکیی مۆزاییکی سووریان. بێگومان ئێمە شانبەشان بۆ داهاتووی خۆمان لە درووستکردنی سووریادا کار دەکەین.
ڕووداو: ڕۆڵی کوردان لە شەڕی دژی داعش چۆن هەڵدەسەنگێنی، لەم ساڵانەی ڕابردوودا بۆ پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتییان؟
سەمیح شقێر: بێگومان، ئەمە ڕۆڵێکە ناشاردرێتەوە، دۆستە کوردەکانمان ڕۆڵێکی تایبەت و گەورەیان هەبوو، بەهۆی ئەوانەوە ئێمە لە داعش ڕزگارمان بوو. هەموو کەس ئەمە باش دەزانن و شتێکی زۆر بەنرخە، سەرەڕای ئەوەی هەندێک لایەن هەن هەوڵ دەدەن ئەم سەرکەوتنە پشتگوێ بخەن، بەڵام مێژوو دەینووسێت و ڕۆڵی ئەوانی بە پیتی ڕووناکی نووسیوە.
ڕووداو: پێش ئێستا گوێت لە میوزیکی کوردی گرتووە؟
سەمیح شقێر: بێگومان، من زۆر حەزی لێ دەکەم، من حەز لەم شێوازە ئاواز و دەنگانە دەکەم کە بێ وێنەن، ئەوانەی بەهێز و سەربەرزن. من گومان دەکەم سەرچاوەیان گۆرانی چیاییە، گەروویان بەهێزە، زۆر دوور دەنگ دەدەنەوە. من زۆر ڕێز لە هونەری کوردی دەگرم. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی گوزارشتی لە پاراستنی ڕۆحی گەلی کورد و پاراستنی نەریت، بەها و ئازادیخوازی دەکرد.
ڕووداو: دۆستت لەنێو هونەرمەندانی کورد هەیە؟
سەمیح شقێر: بە ڕاستی هەندێک هونەرمەندی شێوەکار هەن، بەڵام وەک گۆرانیبێژ نە لە زووەوە، لە سەرەتای شۆڕشەوە، دیدارێک لەنێوان من و شڤان پێکهات. دیدارمان کەمێک درەنگ کەوت، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێککەوت. ئێستاش من وەک هاوڕێیەکی نزیک دەیبینم. لەو کاتەدا پێکەوە ئاهەنگێکمان لە بۆنی ئەڵمانیا بەڕێوە برد.
ڕووداو: تۆ حەز لە گۆرانییەکانی شڤان پەروەر دەکەیت؟
سەمیح شقێر: بەڵێ، من زۆر حەزی لێ دەکەم، من واتای وشەکانی تێناگەم، بەڵام میوزیکەکەی زۆر دوورم دەبات، وەک وتم، زۆر جوانیی لە گۆرانییەکانیدا هەیە.[1]