ناونیشانی بابەت: ئەزموونی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خێرا و کاریگەر بوون، قۆناغێک کە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی لە سوریا یەکلایی کردەوە، لە سوریا بەشار ئەسەد ڕووخا و “تەحریر شام” بە سەرۆکایەتی (ئەحمەد شەرع) کە سەرۆکایەتیی چەندین گرووپی جیاواز دەکات، دەسەڵاتی زۆرینەی وڵاتی سوریای گرتە دەست.
ئەم قۆناغە بە قۆناغی لاوازبوون و شکستی هەژموونی ئەو وڵاتانە دێتە هەژمار کە لە سیاسەت و بەرژەوەندیدا لەگەڵ ڕژێمەکەی “بەشار ئەسەد” یەکیان دەگرتەوە، لە هەمان دەم بە سەرکەوتنی ئەو دەوڵەتانە دێتە ژماردن کە لە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ ئەم ڕەوتە نوێیەی دەسەڵاتی سوریادایە، باشتر بڵێین لە فکر و ئایدۆلۆجیای سیاسی ئەوان دەرناچن.
ئەم پێکهەڵداچوونەوەیە، هەرچۆنێک بێت، پێویستە کورد هوشیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەتایبەت لە سوریا، گرنگە کورد سیاسەتی ڕوون و یەکگرتوویی پەیڕەو بکات، ناواقعی نییە گەر بەو ڕاستییە بگەین، دۆخی کورد لە سوریا باشتر بڵێین؛ لە ڕۆژئاوای کوردستان وابەستەیەکی کاریگەری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێت، هەرچەندە دوو پێگەی جیاوازن، بەڵام لە سنورێکی جوگرافی زۆر نزیک و پێکەوە بەستراوتدا یەکدەگرنەوە، لەو ڕووەوە، گرنگە کورد لە ڕۆژئاوا لە دەستی گرووپی دەرەکی و بەرژەوەندخواز دەربهێنرێت، لە چوارچێوەی سیاسەتێکی ڕوون بۆ داهاتووی ناوچەکە لێی بڕوانرێت.
=KTML_Bold=“سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان”=KTML_End=
هەرێمی کوردستان، نموونەیەکی کاریگەریی دیموکراسی نیشانی جیهان داوە، پێگەیەکی بەهێزی لە ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا هەیە، جیا لەوەی لەم هەرێمەدا مافی پێکهاتەکان پارێزراوە، ئازادی ڕەهاش لە کولتوورە بەهادارەکانی کوردستانە، بەها مرۆییەکان ڕەگیان قووڵە و چەسپاندنی دیموکراسییەت لە دیدگا هەرە دیارەکانی هەرێمی کوردستانە.
وێڕای ئاستەنگەکان، کاریگەرییە جیوگرافییەکان، فشاری زلهێزەکان، ئابڵووقەکان، بیانوو گرتن و پیلانە دەرەکیەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ بارودۆخی ناوچەکەدا هەبووە، کە ئەمەش بە هەنگاوی ژیرانە بەرهەم هاتوون:
یەکەم: هەرێمی کوردستان نەبووەتە، هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە وڵاتانی ناوچەکە.
دووەم: نەبووەتە مایەی زیادبوونی گرژی نێوان دەوڵەتان و ساخکردنەوە و یەکلایکردنەوەی ململانێی بەردەوامی دەوڵەتانی ناوچەکە.
سێیەم: پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و بە جیهانیی بوون لە حکومڕانیدا، ئەجێندای سەرەکیی هەرێمی کوردستانە.
چوارەم: لە ژێر کاریگەریی هیچ یەک لە دەوڵەتانی خاوەن هەژموونی ناوچەکە، چۆکی دانەداوە و نەبووەتە جێبەجێکاری پیلان و ئەجێندا ستراتیژییە بەرژەوەندخوازییەکانی ئەوان.
پێنجەم: ژیرانە و ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی کردووە، کە ئەمەش پێگەی هەرێمی کوردستانی بەهێزتر کردووە.
شەشەم: ئازادی ڕەها بۆ پارتە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنی بنەمای یەکسانی و دادپەروەری لە هاتنە کایەی جیاوازی بیر و بۆچوونی جیاواز و سەرهەڵدانی گرووپ و پارتی سیاسی نوێ.
حەوتەم: شەڕی تیرۆر و شکاندنی ئەفسانەی داعش بە قارەمانییەتی هێزەکانی پێشمەرگە، پێگەیەکی بەهێزی بەخشیووەتە پێگەی هەرێمی کوردستان.
ئەگەر لە دواین پەیامی (سەرۆک بارزانی) لەبارەی دۆخی کورد لە سوریا ورد بینەوە، لەو ڕاستییە تێدەگەین کە ئەزموونی سەرکەوتووی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، لە سایەی ڕوانگە و بیری سەرۆک بارزانی بۆ دۆخی کورد لە ناوچەکە هەمان باوەڕە و ستراتیژە کە زەمینەسازییە بۆ یەکگرتوویی و یەک بەرنامەیی کورد لە سوریای نوێدا، بەمەش پێگەی کورد بەهێزتر دەبێت، ڕێگەی دیالۆگ و ئاشتیانە بۆ چارەسەری کێشەکان خەمخۆری ڕاستەقینەی سەرۆک بارزانییە بۆ گەلی کورد لە سوریا، ئەم دیدگا و پەیامەی سەرۆک بارزانی مایەی شادمانی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بوو، گرنگە دەسەڵاتدارانی کورد زیاتر بە پیر ئەم دەستپێشخەرییە گرنگەی سەرۆک بارزانی بێن و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەم بهێنن هاوشێوەی هەرێمی کوردستان کاریگەر و فرە ڕەنگ و فرە دەنگ بێت و ببێتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن لە سوریادا. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!