ناونیشانی بابەت: پێویستە داوای حەق لە کێ بکرێت؟
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
لە ڕاستیدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی دانوستاندنەکانی لەگەڵ حکوومەتی ئێراقدا، هەموو ئەو ئەرک و مافانەی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ ئێراق بەجێهێناوە، بەڵام سەیر لەوەدایە کە حکوومەتی ئێراق بە هیچ شێوەیەک ناچیتە ژێرباری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان کە دەستووری و یاسایین! لای هەمووان ئاشکرایە، هەموو ئەوانەش لەژێر فشاری میلیشیاکان و دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆمەڵێک لایەنی سیاسی ئێراقیدایە، بەڵام ئایا خۆپیشاندەران لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکە بۆ ناتوانن ڕووی دەمیان ئاراستەی بەغداد بێت، تەنها حکوومەتی هەرێم تاوانبار دەکەن! لە کاتێکدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەوتیشی ڕادەست کردوو، هەموو ئەو داواخوازییانەی کە هەیانبوو دابینی کرد! حەقە لە هەمووان لەوە تێبگەن، کە ئەم عەقڵییەتە خۆسەپێنە ئیرهاب فیکرییە کە کاریگەری خستووەتە سەر هاوڵاتییان پێویستە ئیدی بنبڕ بکرێت، چونکە حکوومەتی هەرێم تاوانبار نییە لەوەی مووچە نادرێت بەڵکو حکوومەتی ئێراق بەرپرسیارە لە دابینکردنی بودجە و مووچە و قووتی خەڵکی کوردستان.
بەو پێیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ داخوازییەکانی بەغداد. پرسیارەکە لێرەدا بۆ ئەو کەسانەیە کە ببوونە دەمڕاستی، بەغداد کە دەیانگوت: نەوت و داهات و هەموو شتێک تەسلیم بکەن، ئەوکاتە دەردەکەوێت کە کی تاوانبارە؟ لە ئێستادا دا پێویستە هەموو ئەوانەی کە پێشووتر ڕەخنەیان لە حکوومەتی هەرێم دەگرت، تێبگەن و بزانن کە ئەوە ئێراقە مووچەی فەرمانبەران دابین ناکات، ئەوە ئێراقە دەستی بە سەر بودجەی هەرێمی کوردستان و مووچەی خەڵکی داگرتووە نایدات، بە ڕاستی حەقە بوێری جورئەتی ئەوە هەبێت کە ڕووبەڕووی حکوومەتی ئێراق بوەستنەوە نەک حکوومەتی هەرێم تاوانبار بکرێت!
کۆبەند ئیدی حەقە، گەلی کوردستان هەلپەرست و بەرژەوەندخواز و خەڵکانی پۆپۆلست و نە شارەزا لە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان بناسنەوە، ئیتر حەقە داوا لە ئەوان بکەن کە چیدیکە بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە، لێدوان نەدەن بە ناوی خەڵکی کوردستانەوە قسە نەکەن، چیدیکە ژەهری ئیرهابی فیکری نەڕێژن، چونکە بە ڕاستی هەموو بۆچوون و لێدوانەکانیان شکستی هێنا و هەموو قسەکانیان هەڵە و پێچەوانە دەرچوو. ئێستا لە هەموو کات زیاتر دیارە کە (هەلپەرستەکان) داردەستی کێ بوون و چۆن ئاراستەکران و چۆنیش بەکارهێنراون و چۆنیش بەکرێ گیران و بەرژەوەندییەکانیان پێ بەکارهێنرا. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!